حەماس نزیکەی سێ ساڵ راهێنانی کردووە بۆ ئەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل ئەنجامبدات
12 مانگ لەمەوپێش
راپۆرتی: BBC
وەرگێڕانی: هاوڵاتی
پێنج گروپی چەکداری فەڵەستینی لەهێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل چوونەپاڵ حەماس پاش ئەوەی لەساڵی ٢٠٢٠ەوە پێکەوە راهێنانی سەربازییان کردووە.
ئەو گروپانە لەغەززە چەندین راهێنانی هاوبەشییان کردووە کەزۆر بەنزیکەیی هاوشێوەی ئەو تاکتیکانە بوون لەهێرشە کوشندەکە بەکارهێنرا – لەوانە لەناوچەیەکدا کەتەنیا یەک کیلۆمەتر لەدیوارە بەربەستییەکەی ئیسرائیلەوە دوورە – ئەو گروپانە راهێنانەکانیشیان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە.
لەمیانی ئەو مەشقانەدا، چەکدارەکان راهێنانیان لەسەر بردنی بارمتە، هێرشکردنەسەر خانوو و هەروەها بەزاندنی بەرگری ئیسرائیل کردووە، کەدواهەمین مەشقیان ٢٥ رۆژ پێش هێرشەکە ئەنجامداوە.
بی بی سی چەندین بەڵگەی کۆکردووەتەوە کەپیشانی دەدەن چۆن حەماس لایەنەکانی ناو غەززەی یەکخستووە تا رێگەشێوازەکانی شەڕکردنیان کاریگەرترو باشتر بکەن و لەکۆتایشدا هێرشێک ئەنجامبدەن بۆ سەر ئیسرائیل کەناوچەکەی بەرەو جەنگ برد.
«نیشانەی یەکگرتوویی»
لە ٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠، ئیسماعیل هەنییە، سەرکردەی حەماس، مەشقێکی لەچوارچیوەی چوار مەشق و راهێنان راگەیاند بەناوی «کۆڵەکەی بەهێز» کەوتی «پەیامێکی بەهێزو نیشانەی یەکگرتویی»ە لەنێوان لایەنە جیاوازە چەکدارەکانی غەززە.
وەک بەهێزترین گروپی چەکداری غەززە، حەماس زاڵترین هێز بوو لەهاوپەیمانیەتییەکدا کە ١٠ لایەنی چەکداری تری فەڵەستینی یەکخست لەمەشقێکی هاوشێوە-جەنگیدا کە لەلایەن «ژورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش»ەوە چاودێری دەکرا.
ئەم ژوورە لەساڵی ٢٠١٨دا دامەزرا بۆ هەماهەنگی لەنیوان گروپەکانی غەززە لەژێر فەرمانی یەک ناوەندی بڕیاردا.
پێش ٢٠١٨ حەماس بەفەرمی هەماهەنگی لەگەڵ گروپی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینی دروستکرد کەدووەمی گروپی چەکداری غەززەیە. ئەم گروپەش لەلایەن بەریتانیاو ئەمریکاوە بەرێکخراوێکی تیرۆریستی لەقەڵەمدراوە.
حەماس لەململانێکانی پێشوودا هاوشانی گروپی تری چەکداری شەڕی کردووە، بەڵام مەشقەکەی ٢٠٢٠ وەک پروپاگەندە خرایەڕوو کە بەڵگەبێت لەسەر ئەوەی کۆمەڵێکی زۆری گروپی تر یەکخراون. سەرکردەی حەماس رایگەیاند یەکەم مەشق رەنگدانەوەی «ئامادەیی هەمیشەیی» گروپە چەکدارەکانە.
راهێنانەکەی ٢٠٢٠ یەکەم مەشقی هاوبەش بوو لەچوار مەشق کە لەماوەی سێ ساڵدا ئەنجامدرا کەهەریەکەیان وەک بەڵگە بەڤیدیۆی دەستکاریکراوە لەچەناڵەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکرانەوە.
بی بی سی ١٠ گروپی جیاوازی دەستنیشانکردووە کەگروپی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینیشی تێدایە، ئەمەش بەناسینەوەی پەڕۆکانی سەریان و دروشمەکانیان کەهاوشانی حەماس لەکاتی مەشقی «کۆڵەکەی بەهێز» بەستوویانە لەو ڤیدیۆیانەی لەتیلیگرامەوە بڵاویانکردووەتەوە.
دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر، پێنج لەو گروپانە چەند ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کەبانگەشەی ئەوەیان دەکرد بەشدارییانە لەهێرشەکەدا کردووە. سێ گروپی تریش بەیاننامەیان لەتیلیگرام بڵاوکردەوە کە بەشدارییان کردووە.
سێ لەو گروپانە – جیهادی ئیسلامی فەڵەستین، کەتیبەی موجاهیدین و هەروەها کەتیبەی ناسر سەڵاحەدین – بانگەشەی ئەوەیانکرد کەهاوشانی حەماس بارمتەی ئیسرائیلییان گرتبێت.
لەکاتێکدا ئەم گروپانە بیری ئایدۆلۆجی جیاوازییان هەیە هەر لەئیسلامی توندڕەو بۆ میانڕەو، بەڵام هەموویان ئامادەیی ئەوەیان نیشاندا کە توندوتیژی دژی ئیسرائیل بەکاربهێنن.
بەیاننامەکانی حەماس چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کەیەکگرتوویی گروپە چەکدارە جیاوازەکانی غەززە دەربخات. حەماس باسی لەوەکرد ئەو گروپانە هابەشی یەکسانین لەمەسقەکاندا، بەڵام بەردەوام حەماس خۆی رۆڵی سەرکردایەتی هەبووە لەپلانەکان بۆ هێرشکردنەسەر ئیسرائیل.
ڤیدیۆکانی مەشقی یەکەم فەرماندەی دەمامکداری پیشاندەدا لەژێرزەمینێکدا کەخەریکی راهێنانەکەن و بەهەڵدانی کۆمەڵێک مووشەک دەستپێدەکەن.
ڤیدیۆکان دواتر دەچنەسەر چەکداری پڕچەککراو کەپەلاماری تانکێکی ناڕاستەقینە دەدەن کەئاڵای ئیسرائیلی لەسەرە، دواتر کەسێکی ناو تانکەکە دەگرن و وەک زیندانی رایدەکێشن. جگە لەمانەش هێرش دەکەنەسەر چەند باڵەخانەیەکی دروستکراو.
بەڵگەمان هەیە لەڤیدیۆکان و چەندین شایەتحاڵ کەهەردوو تاکتیکەکە لەگرتنی سەربازو مەدەنی لەهێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر بەکارهێنراون کاتێک هەزارو ٢٠٠ ئیسرائیلی کوژران و نزیکەی ٢٤٠ بارمتەش رفێندران.
راگەیاندنی بە جیهان
راهێنانی دووەمی مەشقی «کۆڵەکەی بەهێز» بەنزیکەیی ساڵێک دوای راهێنانی دووەم ئەنجامدرا. ئەیمان نۆفاڵ، یەکێک لەفەرماندەکانی کەتیبەی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازی حەماس، رایگەیاند کە ئامانجی راهێنانەی لە ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١ «جەختکردنەوەیەکە لەیەکگرتوویی لایەنەکانی بەرگری.»
فەرماندەکەی حەماس وتی کە مەشقەکان پەیامێکە بۆ «دوژمن کە دیوارو رێکارە ئەندازیاریەکانیان لەسەر سنوری غەززە پارێزگارییان لێناکات».
بەیاننامەیەکی تر حەماس لەو کاتەدا باسی لەوەکرد کە «مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکان» ئامانجیان ئەوەیە «هاوشێوەی ئازادکردنی کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانی نزیک غەززە بکەن». کە مەبەست لێی کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانی ئیسرائیلە نزیک سنوری غەززە.
راهێنانەکە لە ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ دووبارە کرایەوەو وێنە پروپاگەندەکان دەریدەخست کە چەکدارەکان راهێنان لەسەر چۆڵکردنی باڵەخانەکان و پەلاماردانی تانکەکان دەکەن کەدەردەکەوێت لەبەنکەیەکی سەربازیدا ئەمە دەکرێت.
رهێنانەکان لەناو ئیسرائیلدا لەمیدیاکاندا بڵاوکرانەوە، بۆیە شتێکی باوەڕپێنەکراوە کە بەوردی لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە چاودێری نەکراون.
سوپای ئیسرائیل پێشتر هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە بۆ تێکدانی چالاکییەکانی حەماس. لەنیسانی ٢٠٢٣، سوپای ئیسرائیل بۆردومانی ئەو شوێنەی کرد کە بۆ مەشقی یەکەمی «کۆڵەکەی بەهێز.»
چەند هەفتەیەک پێش هێرشەکە، سەربازانی چاودێری نزیک لەغەززە هۆشدارییان لەجوڵەی نائاسایی درۆن دابوو هەروەها حەماسیش خەریکی راهێنان بوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی بنکەی چاودێری دروستکراوو هاوشێوە کەهاوشێوەی ئەو بنکە سەربازییانەن کەسەربازە ئیسرائیلییەکان تێیدا جێگیرن، بەڵام بەپێی راپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل وتەی ئەو سەربازانە پشتگوێخراوە.
جەنەراڵ ئەمیر ئەڤیڤی، فەرماندەیەکی پێشووی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، «زانیاری هەواڵگری زۆر هەبوون کەئەوان خەریکی ئەو راهێنانەن، دووجار هەموو ڤیدیۆکان بڵاوکراونەتەوەو هەموو ئەو مەشقانە تەنها چەند سەد مەترێک لەپەرژینەکەی ئیسرائیلەوە دوورن»، بەڵام باسی لەوەشکرد کەهەرچەندە سوپا ئاگای لەو راهێنانانە بوو بەڵام «نەیانبینوە کە راهێنان بۆ چی دەکەن».
دەرکەوتن بەڕۆژی رووناک
حەماس هەولی زۆریداوە کە دڵنیا ببێتەوە لەوەی مەشقەکان واقیعی بن.
لەساڵی ٢٠٢٢، چەکدارەکان راهێنانی ئەوەیان دەکرد کەچۆن پەلاماری بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیل بدەن (کە خۆیان دروستیان کردبوو بۆ مەشقکردن) و ئەو بنکە دروستکراوە گاڵتینەیە ٢.٦ کیلۆمەتر لەخاڵی سنوری بەیت حانونەوە دوور بوو. ئەو خاڵە سنورییە لەنێوان غەززە و ئیسرائیلدایەو لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کۆنتڕۆڵکراوە.
بی بی سی ئەو شوێنەی دیاریکردووە لەباکوری غەززە کە تەنها ٨٠٠ مەتر لەپەرژینە دیوارییەکەی ئیسرائیلەوە نزیکە. هەتا مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ئەو شوێنەی حەماس لەنەخشەی «بینگ»دا هەبوو. ئەو کەمپی راهێنانە تەنها ١.٦ کیلۆمەتر لەتاوەرێکی چاودێری ئیسرائیلەوە دوور بوو.
ئەو بنکە دروستکراوە چەند مەترێک قووڵکراوە لەئاستی زەوییەوە بۆ ئەوەی دیار نەبێت لەچاوی ئۆتۆمبێلە گەڕۆکە چاودێرییەکانی ئیسرائیلەوە، بەڵام ئەو دووکەڵەی لەتەقینەوەکانەوە بەرزبوونەتەوە بەدڵناییەوە شوێنەکەی ئاشکرا کردووەو سوپای ئیسرائیل بەوە ناسراوە کەچاودێری ئاسمانی بەکاربهێنێت.
حەماس ئەو شوێنەی بەکارهێناوە بۆ راهێنان کرد لەسەر پەلاماردانی باڵەخانە و رفاندنی بارمتەو لەناوبردنی بەربەستە ئەمنییەکان.
بی بی سی بە بەکارهێنانی وێنەی مانگی دەستکردو زانیاری بڵاوکراوە توانیویەتی ١٤ شوێنی راهێنان لە نۆ ناوچە بدۆزێتەوە بەدرێژایی کەرتی غەززە.
تەنانەت حەماس دووجار لەشوێنێکدا راهێنانی کردووە کەتەنها ١.٦ کیلۆمەتر لەناوەندی هاریکاری نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دوورەو لە ڤیدیۆیەکدا لەپشتەوە دەردەکەوێت کە ڤیدیۆی بەرپرسێکی ئاژانسەکە لەکانونی یەکەمی ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە.
زەمینی، دەریایی، ئاسمانی
لە ١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣، ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکە لەچەناڵی تیلیگرامی خۆی چەند وێنەیەکی چەکدارانی بڵاوکردەوە کە بەجلوبەرگی سەربازی یەکپۆشییەوە بوون و خەریکی دانانی بنکەی چاودێری سەربازیی بوون بەدرێژایی بەربەستی غەززە.
دوای دوو رۆژ راهێنانی چوارەمی مەشقی «کۆڵەکەی بەهێز» ئەنجامدراو تا ٧ی ئۆکتۆبەر هەموو ئەو تاکتیکانەی کەدەبوو لەهێرشەکەدا بەکارهێنرابان راهێنانیان لەسەر کرا.
لە راهێنانەکاندا چەکدار دەبینرێن کە هەمان ئەو پیکابە تۆیۆتایانە بەکاردەهێنن کە لەکاتی هێرشەکدا بەئیسرائیلدا تێدەپەڕین.
ڤیدیۆ پروپاگەندەکان ئەوەی پیشان دەدا کە چەکدارەکان هەڵدەکوتنە سەر باڵەخانەی دروستکراوە و ئامانجی گاڵتینە.
بەڵام حەماس ئەو راهێنانانەی بڵاونەکردەوە کەچەکدارەکانی بە مۆتۆرسکیل و پاراگلایدەرەوەن لەڤیدیۆ پروپاگەندەکانیان لەمەشقی «کۆڵەکەی بەهێز.»
دوای سێ رۆژ لەهێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر، حەماس ڤیدیۆیەکی راهێنانی بڵاوکردەوە کە لەناوبردنی پەرژین و بەربەستەکانی پیشاندەدا تاماتۆرسکیلەکان پێیدا تێپەڕن، ئەمەش تاکتیکێک بوو کە بەکاریانهێنا بۆ گەیشتن بەنشینگەکانی باشوری ئیسرائیل.
لەڕۆژی هێرشەکەشدا، ڤیدیۆیەکی مەشق و راهێنان بڵاوکرایەوە کەچەکدارەکانی حەماس بەسەر کیبوتز (کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی) ئیسرائیل دەنیشنەوە (کە خۆیان دروستیانکردبوو بۆ راهێنان). ئەو ناوچە دروستکراوە لەشوێنێکدایە کەدەکەوێتە باکوری خاڵی سنوری رەفەح لەباشوری غەززە.
بی بی سی ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە کەئەو ڤیدیۆیە لەدەوروبەری ٢٥ی ئابی ٢٠٢٢ تۆمارکراوە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەپلانی پاراگلایدەرەکان ساڵێکە زیاترە داڕێژراوە.
سوپرایزەکە
پێش ٧ی ئۆکتۆبەر، وا دەخەمڵێندرا کەحەماس خاوەنی ٣٠ هەزار چەکدار بێت لەکەرتی غەززە ئەمەش بەپێی هەندێک راپۆرت کە لەفەرماندەکانی سوپای ئیسرائیلەوە وەرگیراون.
حەماس تائێستا بەهێزترین گروپە لەگروپە چەکدارەکانی فەڵەستین، تەنانەت بەبێ پشتگیری گروپەکانی تر، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە نیازی حەماس لەیەکخستنی گروپە جیاوازەکان بۆ ئەوە بووە کەپشتگیری فراوان لەنێو غەززەدا بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
پێشتر سوپای ئیسرائیل وا مەزەندەی دەکرد کەهەزار و ٥٠٠ چەکدار هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەریان ئەنجامداوە. لەسەرەتای ئەم مانگەوە رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاویکردەوە کەئێستا سوپای ئیسرائیل بڕوای وایە ژمارەکە نزیکە لە سێ هەزار.
ژمارەکە هەرچەنێک بێت، مانای ئەوەیە کەژمارەیەکی زۆر کەم لەتەواوی ژمارەی لایەنە جیاوازەکان بەشدارییان کردووە.
ناتوانرێت ئەوە پشتڕاستبکرێتەوە کەژمارەی راستەقینەی ئەو چەکدارانە چەند بوون لەگروپە بچووکترەکان کە لەهێرشەکەدا یان مەشقی «کۆڵەکەی بەهێزدا» بەشداربوون.
لەکاتێکدا حەماس خەریکی کۆکردنەوەی پشتگیری بوو پێش ئەنجامدانی هێرشەکە، هیشام جابر، جەنەڕالێکی پێشوو لەسوپای لوبنان کەئێستا شیکەرەوەیەکی ئەمنییە لەناوەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دیراسات و توێژینەوە، بروای وایە تەنها حەماس ئاگاداری پلانی کۆتایی بووە و «رەنگە لەڕۆژی هێرشەکەدا داوایان لەگروپەکانی تر کردبێت بەشداری بکەن.»