هاوڵاتی لهچوارچێوهی رێككهوتنی ئاڵوگۆڕی دیلهكان له نێوان ئیسرائیل و بزوتنهوهی حهماس، ژمارهیهك گیراوی دیكهی فهڵهستینی ئازادكران و گهیشتنهوه غهززه. نووسینگەی، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمشەو سێشەممە،حەماس 12 بارمتە و ئیسرائیل 30 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد کرد. لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە،بارمتەکان گەیشتوونەتەوە نێو خاکی ئیسرائیل، کە 10یان ئیسرائیلین و دووانیان تایلاندین. هاوکات، ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، 30 بەندکراوی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادکراون. راشیگەیاند، "ئازادکراوەکان 15یان منداڵن و 15ـی دیکەیان ژنن". رۆژی 24-11-2023، رێککەوتنی چوار رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر دەستیپێکرد وبە گشتی لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە، تاوەکو ئێستا حەماس 81 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکردوون و لە بەرامبەردا ئیسرائیل 180 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکردووە.
هاوڵاتی دەزگای هەواڵگری ناوخۆی ژاپۆن لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی ڕایگەیاند کە پەکەکەی لە لیستی "ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان" لابردووە. پێشتر لە ئەنجامی فشارەکانی دەوڵەتی تورکیا، دەزگای هەواڵگری ناوخۆی ژاپۆن (PSIA) پارتی کرێکارانی کوردستانی خستبووە لیستی "ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان." بەڵام لە نوێترین بڵاوکراوەیدا لەسەر ماڵپەڕی فەرمییان دوولیستی نوێیان بە ناوەکانی (Major international terrorist organizations ) و (International terrorist organizations around the world) بڵاوکردەوەو لە هیچکام لە لیستەکاندا ناوی پارتی کرێکارانی کوردستانی تێدا نییە. لیستى ڕێکخراوە قەدەغە کراوەکان لە ژاپۆن هەریەکە لە ڕێکخراوی قاعیدە و داعش و چەندین ڕێکخراوی دیکەى لە خۆی گرتووە، هاوکات پەکەکەش لە ڕیزبەندی ١٧ی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە قەدەغە کراوەکاندا بوو. بەگوێرەی نوێکردنەوەی ماڵپەڕەکە، پەکەکە لە هەردوو لیستی ڕێکخراوە “ناوخۆییەکان” و ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکانی نێودەوڵەتییەکاندا” نییە، بەم شێوەیە دەزگای هەواڵگیری ژاپۆن پارتى کرێکارانى کوردستان- پەکەکەی لە لە لیستى رێکخراوە قەدەغە کراوەکان دەرهێناوە.
هاوڵاتی ئاژانسی فرانس پرێس لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە بەڕێوەبەرانی دەزگای ھەواڵگری ئەمریکا و ئیسرائیل لە دەوحەن و پرسی ئاگربەستێکی درێژخایەن لەگەڵ لێپرسراوانی میسر و قەتەر تاوتوێدەکەن. ئاژانسی فرانس پرێس لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە ولیەم بێرنز، بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگریی ئەمریکا و دەیڤید بارنیاع، بەڕێوەبەری ھەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) لە دەوحە لەگەڵ محەمەد عەبدولرەحمان ئالسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆبوونەتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا لێپرسراوانی میسریش ئامادەبوون. ئاماژەی بەوەشکردوە، لەسەر پێشنیازی سەرۆکوەزیرانی قەتەر، بەڕێوەبەرانی ھەواڵگری ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە دەوحە ئەنجامدەدەن و تیایدا باس لە قۆناغەکانی دوایی کۆتاییھاتنی ئاگربەست لە غەززە و تاوتوێی مەرجی لایەنەکانیش بۆ رێککەوتنێکی ئاگربەستی درێژخایەن دەکەن. ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٢٤ی تشرینی دووەم دەستی پێ کرد، ڕێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی ١٥٠ فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل لەبەرامبەر ٥٠ بارمتەی ئیسرائیلی کە لەلایەن حەماسەوە دەستگیرکراون، هەروەها ئاگربەستی کاتی لە غەزە بۆ دوو ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە. ڕێککەوتنی چوار رۆژە کرا لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆئەوەى دیلەکان ئاڵوگۆڕ بکرێن و هاوکاری مرۆیی بچێتە غەزە. بە گشتی لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکەوە، تاوەکو ئێستا حەماس ٥٨ دیلی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکردوون و لە بەرامبەردا ئیسرائیل ١٥٠ بەندکراوی فەلەستینی ئازادکردووە.
هاوڵاتی دوای ئەوەی لە هندستان لە کاتی دروستکردنی تونێلێکدا کۆنکریت و داروبەردی شوێنەکە بەسەریاندا رووخا و 41 کەس لە ژێرەوە گیریان خوارد، دوای ١٧ ڕۆژ توانرا ڕزگاربکرێن. چەند رۆژێک بوو تیمێکی ئەندازیاری خەریکی هەڵکەندنی تونێلی سیلکیارا لە ویلایەتی ئوترەخان لە هیندستان بوون، بەڵام لە 12-11-2023 کاتێک ویستیان بۆرییەکی ستیل لە قووڵایی 57 مەتر جێگیربکەن، کۆنکریت و داروبەردی شوێنەکە بەسەریاندا رووخا و 41 کەس لە ژێرەوە گیریان خوارد. ئەو 41 کەسە لە شوێنێکی کراوەدا گیریان خواردبوو؛ خواردن، ئاو، ئۆکسجین و دەرمانیان لە رێگەی بۆرییەکەوە پێدەدرا. رۆژی سێشەممە 21-11-2023، هێزەکانی بەرگریی شارستانی لە رێگەی بۆرییەکەوە کامێرایەکیان ناردە ژوورەوە و توانییان ئەو 41 کەسە ببینن. لە ڤیدیۆکە دەرکەوت کە هەموویان زیندوون و لە شوێنێکی کراوەدا گیریان خواردووە کە 8.5 مەتر بەرزە و نزیکەی دوو کیلۆمەتر درێژە. دوای بەردەوام کارکردنی تیمەکانی رزگارکردن بۆ ماوەی 17 رۆژ بە بەردەوامی ئەمڕۆ سێشەممە، 28-11-2023، دواجار توانییان یەک بە یەک رزگاریان بکەن. ئەندازیارانی پرۆژەکە دەڵێن، کێشەی سەرەکی خاویی پرۆسەکە ئەوەبوو، بەهۆی سەختیی شوێنەکە ئامێرە گەورەکانی هەڵکەندن لەکاردەکەوتن. هەندێکجاریش لە ئەنجامی هەڵکەندن، داروبەردی زیاتر بەردەبوونەوە و کارەکەی قورستر دەکرد. پرۆژەی ئەو تونێلە یەکێکە لە پلانەکانی نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان بۆ کەمکردنەوەی ماوەی نێوان هەندێک ناوچەی گەشتیاری و زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە هەندێک ناوچەی ستراتیژیی سنووری نێوان هیندستان و چین.
هاوڵاتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی ستراتیژی ئێستای عێراق داخستنی کەمپی هۆڵی سوریایە، چونکە مانەوەی ئەو کەمپە مەترسی لەسەر ئاشتی جیهانی دروست دەکات. نوسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لەگەڵ نەسیر مەمدوف باڵیۆزی ئازەربایجان لە بەغدا کۆبونەوە. لە کۆبونەوەکە قاسم ئەعرەجی ئەوەی خستەڕو، ئامانجی ستراتیژی ئێستای حکومەتی عێراقی داخستنی کەمپی "هۆل"ی سوری تایبەت بە خێزان و منداڵەکانی چەکدارانی داعشە، چونکە مانوەی ئەو کەمپە مەترسی راستەقینە لەسەر ئاشتی جیهانی دروست دەکات. راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانى عێراق هۆشداری داوە لە مانەوەى کەمپەکە و جەختیکردووەتەوە، کە مانوەی ئەو کەمپە مەترسی راستەقینە لەسەر ئاشتی جیهانی دروست دەکات. لە بەرامبەردا باڵیۆزی ئازەربایجان رایگەیاند، ئەوان خاوەنی ئەزمونێکی باشن لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و سپیکردنەوەی پارە، ئارەزومەندن لەو بوارەنە لەگەڵ عێراق هەماهەنگ بن، بۆ ئەوەی زانیاری و شارەزایی ئاڵوگۆڕ بکەن، بە شێوەیەک لە پتەوکردنی سەقامگیری جیهانی هاوکاربێت. کەمپی هۆڵ دەکەوێتە سنورى شارى حەسەکە لە رۆژئاواى کوردستان و نزیکەى ٧٠ هەزار ژن و منداڵى ئەمیر و چەکدارانى داعشی تێدایە کە خەڵکى چەندین وڵاتى جیاوازن و زۆرینەیان عێراقین.
هاوڵاتی دادگای فیدڕاڵیی عێراق سكاڵایەكی رەتکردەوە کە داوای دەکرد شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم لەکاتی خۆیدا خەرج بکرێت بەپاساوی ئەوەی کە لایەنی سکاڵاکار کورد نییە و "هیچ بەرژەوەندییەکی لە سکاڵاکەدا نییە و زەرەرمەند نابێت." سكاڵاكە لەلایەن مەحمود عگێلی ئەمینداری گشتیی حزبی ئوومەی عێراقییەوە لە دژی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق تۆماركرابوو کە تێیدا داوای دەكرد، حكومەتی عێراق پابەند بكرێت بە خەرجكردنی شایستە داراییە دواكەوتووەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، وەك ئەوەی لە یاسای بودجەی 2023دا هاتووە. سکاڵاکە حكومەتی عێراقیش پابەند دەکرد بەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە وادەی خۆیدا وەك فەرمانبەرانی پارێزگاكانی تری عێراق خەرج بکرێت. بەپێی وتەی مەحمود عگێلی دادگای فیدڕاڵی پاساوی رەتکردنەوەی سکاڵاکەی ئەوە بووە کە لایەنی سکاڵاکار لە نەتەوەی کورد نییە و لە نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پێنەدانی مووچەی فەرمانبەرانی زەرەرمەند نابێت.
هاوڵاتی سەرچاوەیەک لە ئەندامی شاندەکەی هەرێم ئاشکرایکرد کە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رازی نییە جگە لە گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەکە، هیچ پارەیەکی تر بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان. ماوەی دوو رۆژە شاندێکی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی مووچە و بودجە و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەبەغدایە و بەپێی زانیارییەکان شاندەکە داوای ئەوەی کردووە کە حکومەتی عێراق بەپێی میکانیزمی پێشوو سێ گوژمەی تری 700 ملیار دیناری وەک قەرز بۆ مانگەکانی 10 و 11 و 12ی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکات. بەوتەی ئەندامێكی شاندەکە کە بۆ هاوڵاتی ئاشکرا کردووە، وەزیری دارایی عێراق ڕازی نییە جگە لەگوژمەی سێیەمی 700 ملیارەكە هیچ پارەیەكی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت. وەك ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، بەپاساوی داخستنی ژمێرەی ئەمساڵی خەرجی عێراق، حکومەتی عێراق ناتوانێت هیچ پارەیەكی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت جگە لە گوژمەی سێیەمی 700 ملیارەكە كە پێشتر بڕیاری ناردنی دراوە. هەر بەوتەی سەرچاوەكە ناردنی پارەی دیكە بۆ هەرێم دەكەوێتەوە سەر كۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بریاریشە ئەمرۆ بڕیاری یەكلاكەرەوە لەوبارەیەوە بدرێت. تا کاتی نوسین و ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدایە.
هاوڵاتی نێچیرڤانی بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبوویەوە و رایگەیاند، هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی "گفتوگۆی تەکنیکین." سەرۆکایەتی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا دەڵیت، ئەمڕۆ سێشەممە نیچیرڤان بارزانی پێشوازی لە عهلى ڕزا گويناى، باڵيۆزى توركيا له عێراق و شاندێكى ياوهرى كرد و لە کۆبوونەوەیەکدا هەردوولا جەختیان "له برهودان به پهيوهندييهكان و هاريكاريى هاوبهش بهتايبهتى له بوارى بازرگانى و ئابووريدا كردهوه." لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کراوە و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ئامادهييى وڵاتهكهى بۆ ههناردهكردنهوهی نەوتی هەرێم دووپات كردهوهتەوە. هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردووە کە "ئێستا ههولێر و بهغدا خهريكى گفتوگۆى تهكنيكين" سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم. لە 25ی ئازاری 2023 هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەلایەن تورکیاوە راگیراوە بەهۆی دۆسیەیەکی یاسایی لەنیوان ئەنقەرە و بەغدا. تا ئیستا زیانەکانی راگرتنی نەوتی هەرێم نزیکبووەتەوە لە هەشت ملیار دۆلار.
هاوڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، داواکارییان گەیاندووەتە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و لەکاتی گەشتنی بەشە نەوتی هەرێم بە هەر نرخێک بەغدا بینێرێت "وەزارەتمان بە هەمان نرخ بەسەر هاوڵاتییان دابەشی دەکات." ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە کۆبونەوەی وەزارەت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە 12ی تشرینی دووەم جەخت کراوەتەوە لەسەر "دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەهەمان نرخی پارێزگاكانی دیكەی عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتمان لەمانگەكانی (تەموز و ئەیلول و تشرینی یەكەمی) ئەمساڵ بە سێ نووسراو و بەناردنی شاندی وەزارەتمان داواكاری گەیاندووەتە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بەمەبەستی دابینكردنی نەوتی سپی بەهەمان نرخی عێراق." لە روونکردنەوەکەدا وەزارەتی سامانە سروستییەکان دەشڵێت، لەکاتی دەستپێکردنی ناردنی بەشە نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە "بەهەر نرخێك بێت كە دیاری كرا بێت لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدراڵەوە، وەزارەتمان بە هەمان نرخ بەسەر هاوڵاتییان دابەشی دەکات."
هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند شاندی هەرێم لە بەغدا بەردەوامە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی، دەشڵێت، "بەشێوەیەکی ناگونجاو مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە." ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لەکاتی مەراسیمی کردنەوەی کارگەی ڤان ستیل وتارێکی پێشکەش کرد و لەسەر کێشەکانی حکومەتی هەرێمی و عێراق وتی، "شاندی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک لەو کیشانەی هێشتا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ماون، لە بەغدان و بۆ ئەوەی بتوانن رێگەچارەی گونجاو بەتایبەتی بۆ بابەتی بودجە و دواکەوتنی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە و بگەنە ئەنجامێکی ئەرینی." سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشی، "دوێنێ شاندەکە گفتوگۆی باشیان هەبووە و ئەمڕۆش درێژەی ئەم گفتوگۆیانە دەبێت، بەداخەوە بەشێوەیەکی ناگونجاو مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە و پێویستە ئەمە چارەسەر بکرێت."
هاوڵاتی خوێندنکارێک لە قەزای سێمێل لەناو خوێندنگا خوێندکارێکی هاوڕێی بە دەمانچە دەکوژێت و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت. خەلیل مەحمود، قایمقامی قەزای سێمێل لەسەر روداوەکە بە هاوڵاتی راگەیاند، "روداوەکە لەیەکێک لەخوێندنگاکانی قەزای سێمێل روویداوە و لەلایەن خوێندکارێکی 11ی ئامادەیی ئەنجامدراوە، پۆلیس دەستیان بە لێکوڵینەوە کردوە وهێشتا هۆکاری روداوەکە دیارنییە." سەرچاوەیەکی تایبەت لە قەزای سێمێل بە هاوڵاتی راگەیاند، ئەمرۆ سێشەممە لە یەکێک لەخوێندنگاکانی سنوری قەزای سێمێل خوێندکارێکی پولی 11ی ئامادەیی لەکاتی دەوام و لەناو پولدا خوێندکارێکی تری کوشتووە. ئەو کەسەی کۆژراوە ناوی مستەفا فەهمییە تەمەنی 16 ساڵە و تۆمەتباریش لە هەمان تەمەندایە. هاوکات هەردووکیان دانیشتووی یەک گەڕەکن لە سەنتەری قەزای سێمێل. شایەتحاڵێک کە نەیویست ئاماژە بە ناوەکەی بکرێت بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەو دوو خوێندنکارە دوێنێ لە دەرەوە شەڕەقسە لەنێوانیاندا رویداوە، ئەمرۆ بۆ تۆڵەسەندنەوە یەکێکیان بەدزییەوە دەمانچەیەک لەگەڵ خوی دەهێنێتە خوێندنگا و بەدەمانچە هاورێیەکی خوی دەکۆژێت." بەپێی زانیارییەکان، دوای روداوەکە پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی روداوەکە و بکوژەکەیان دەستگیرکردووە، تەرمی خوێندکارە کوژراوەکەش رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە بەمەبەستی لێکوڵینەوە لە روداوەکە. وێنەی مستەفا فەهمی:
هاوڵاتی پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند حکومەتی هەرێم هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ رێگریکردن لە مامۆستایانی ناڕازی لە چوونیان بۆ بەغدا و ئەوەی دەوترێت "راست نییە"، دەشڵێت، "ئەگەر حکومەتی هەرێم ڕێگری بکردایە لە بازگەکانی خۆیەوە دەیکرد." رۆژی یەکشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2023، کۆمەڵێکی زۆر لە مامۆستایانی ناڕازی بەرێکەوتن بەرەو بەغدا بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و داواکردنی مافەکانیان، بەڵام لە بازگەی چیمەن لە نزیک کەرکوک رێگرییان لێکرا و بەرپرسانی بازگەکە نەیانهێشت تێپەڕن. مامۆستایانی ناڕازی هەرزوو رایانگەیاند کە رێگرتنەکە "رێککەوتنی نیوان هەرێم و بەغدا بووە." دواتر چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە عێراق لەوانە موسەنا ئەمین و دارا سێکانیانی رایانگەیاند کە حکومەتی هەرێم داوای لە لایەنی پەیوەندیداری عێراقی کردووە رێگری لە مامۆستایان بکات. وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم وتانە رەتدەکاتەوە و بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "ڕاست نییە و هیچ هەوڵێکی وانییە. هیچ هەولێک لە نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق نییە بۆ ڕێگری لە مامۆستایان، ئەگەر حکومەتی هەرێم ڕێگری بکردایە لە بازگەکانی خۆیەوە دەیکرد، چ پێویست بوو لە بازگەکانی عێراقەوە بیکات." پێشەوا هەورامانی باس لەوەش دەکات، هەوڵی ئەوان بۆ گەیشتنە بە رێککەوتن و "ئەگەر هەوڵێک هەبێت بۆ ڕێکەوتنی مووچەیە بۆ مامۆستایان و توێژەکانی تر نەک ڕێگری کردنیان، ئەسڵەن ڕوونە کە هەوڵی مامۆستایان هەوڵی ئێمەشە. ئێمەش هەمان بۆچوونمان هەیە کە ماف و ئیمتیازاتی موچە و حەقی خەڵکی هەرێم لای حکومەتی عێراقە."
هاوڵاتی دڵشاد شههاب، وتهبێژی سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، ههڵبژاردن كاتی بۆ دیاریكراوه، دهشڵێت، "هیچ بیانویهك نییه بۆ رهوانهنهكردنی شایسته داراییهكانی ههرێمی كوردستان". دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ماوەی رابردو کۆمەڵێک رێککەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدا لە بواری موچە و بودجە و کەرتی نەوت و غازدا کرا، هەر کەسێکیش شارەزایی یاسایی هەبێت باش تێدەگەن کە دۆخی ئێستا هاوتای ئەوە نییە کە رێککەوتنی لەسەر کرابو. وتیشی، لە ئێستادا گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئاستێکی ئەرێنیدایە و لێکتێگەیشتنی باش هەیە، شاندێکی حکومەتی هەرێمیش سەردانی بەغدایان کردوە، بەڵام خەڵکی هەرێم لە وشەی بەرەوپێشچون بێزاربون و هیوادارن بە زوترین کات کێشەی موچەکانیان چارەسەر بکرێت. ئەوەشی خستەڕو، هەر داتا و زانیارییەک لە بارەی ژمارەی فەرمانبەران و رێژەی موچەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ حکومەتی بەغدا خراوەتەڕو، هیچ بیانوییەکیش نەماوەتەوە، دەرفەتێک هەیە لە ساڵی داهاتو حکومەتی هەرێم پێشنیازێک بۆ پێداچونەوە بە بودجەی عێراق پێشکەش بکات. باسی لەوەش کرد، دوای درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كارەكانی كۆمسیۆن زۆر بە باشی بەرێوەدەچێت، هیچ مەترسییەك لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نییە. بڕیارە ٢٥ی شوباتی ساڵی داهاتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و لەژێر چاودێری وردی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەبچێت.
هاوڵاتی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە لە کاتەکانی شەو تەرمی هاوڵاتییەک لە گەراجی ئۆتۆمبێلێکدا دۆزرایەوە، لە ئێستاشدا رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە. بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دوشەممە لە دەوروبەری کاتژمێر 9:20ی شەو، تەرمی هاوڵاتییەکی دانیشوی شاری زاخۆ بە مردویی لە ژورێکی تایبەت بە گەراجی ئۆتۆمبێلێک دۆزرایەوە. سەرچاوەیەک لە پولیسی زاخۆ بە هاوڵاتی وت: ئەو هاوڵاتیە بەناوی (آ.س.ی) بەمردوویی لەپارکێکی ڕاوەستاندنی ئۆتۆمبێل دۆزرایەوە، دەستبەجێ پولیسی نەهێشتنی تاوان و تیمەکانی تایبەت بە بەڵگەکانی تاوانەکان لەشوێنی روداوەکە ئامادەبوون" سەرچاوەکەی پولیس دەشڵێت: ئەو شوێنەی تەرمەکەی لێ دۆزراوەتەوە لەگەرەکی رکاڤا بووە و، ئەوەشخراوەتەڕو، تەرمی هاوڵاتییەکە رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە، لێکۆڵینەوەش لەسەر شێوازی گیانلەدەستدانی دەستی پێکردوە، هیچ شوێنەوارێکی تاوان لەسەر جەستەی نییە.
هاوڵاتی ئیسرائیل دەڵێت، حەماس 11 بارمتەی ئیسرائیلی رادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی کردووە و حەماسیش دەڵێت، چاوەڕێن ئەمشەو 33 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد بکرێن. ئەرکی وەرگرتنی بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس و گەیاندنەوەیان بە سوپای ئیسرائیل، بە خاچی سووری نێودەوڵەتی سپێردراوە. ههر ئهمشهو حكومهتی ئیسرائیل رایگهیاند: بزووتنهوهی حەماس 11 بارمتەی ئیسرائیلی رادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی کردووە و حەماسیش چاوهڕوانه ههرئەمشەو 33 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد بکرێن. ماڵپەڕی "واینت"ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، بەپێی دوایین زانیارییەکان ئەو 11 بارمتەیەی لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە ئازادکراون ژن و مێردێک و نۆ منداڵ و ژنی دیکەن. هەروەها بەوتەی بهرپرسانی بزووتنهوهی حەماس، 33 بەندکراوە فەڵستینییەکەش، 30 کەسیان منداڵن و سیانەکەی دیکەش ژنن. ئهوهش لهكاتێكدایه كه ئهمڕۆ ماجد بن محهمهد ئهنساری، وتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی قهتهر ئێوارهی ئهمڕۆ دووشهممه له بهیاننامهیهكدا رایگهیاند: لهچوارچێوهی نێوهندگیریی بهردهوام لهنێوان ئیسرائیل و بزووتنهوهی حهماس، گهیشتینه رێككهوتن بۆ درێژكردنهوهی ئاگربهستی بۆ دوو رۆژی دیكه له كهرتی غهززه. هاوكات بزووتنهوهی حهماس درێژكردنهوهی ئاگربهستهكهی پشتڕاستكردهوهو رایگهیاند دوای گفتوگۆكردنیان لهگهڵ بهرپرسانی میسر و قهتهر، رێككهوتون به ههمان مهرجهكانی ئاگربهستی پێشوو، دوو رۆژی دیكه ئاگربهستهكه درێژ بكهنهوه. ئەمڕۆ رۆژی چوارەمی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیلە کە دوو رۆژی دیکەش درێژکرایەوە، تائێستا 39 ئیسرائیلی و 117 فەلەستینی لەلایەن هەردوولاوە ئازادکراون.
