سەرچاوەیەک لە شاندەکەی هەرێم لە بەغدا: وەزیری دارایی عێراق ڕازی نییە هیچ پارەیەكی دیكە بۆ هەرێم بنێردرێت

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

سەرچاوەیەک لە ئەندامی شاندەکەی هەرێم ئاشکرایکرد کە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رازی نییە جگە لە گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەکە، هیچ پارەیەکی تر بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان.

ماوەی دوو رۆژە شاندێکی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی مووچە و بودجە و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەبەغدایە و بەپێی زانیارییەکان شاندەکە داوای ئەوەی کردووە کە حکومەتی عێراق بەپێی میکانیزمی پێشوو سێ گوژمەی تری 700 ملیار دیناری وەک قەرز بۆ مانگەکانی 10 و 11 و 12ی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکات.

بەوتەی ئەندامێكی شاندەکە کە بۆ هاوڵاتی ئاشکرا کردووە، وەزیری دارایی عێراق ڕازی نییە جگە لەگوژمەی سێیەمی 700 ملیارەكە هیچ پارەیەكی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت.

وەك ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، بەپاساوی داخستنی ژمێرەی ئەمساڵی خەرجی عێراق، حکومەتی عێراق ناتوانێت هیچ پارەیەكی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت جگە لە گوژمەی سێیەمی 700 ملیارەكە كە پێشتر بڕیاری ناردنی دراوە.

هەر بەوتەی سەرچاوەكە ناردنی پارەی دیكە بۆ هەرێم دەكەوێتەوە سەر كۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بریاریشە ئەمرۆ بڕیاری یەكلاكەرەوە لەوبارەیەوە بدرێت. تا کاتی نوسین و ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار