خوێندکارێک لە سێمێل لەناو خوێندنگا خوێندکارێکی هاوڕێی دەکوژێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
خوێندنکارێک لە قەزای سێمێل لەناو خوێندنگا خوێندکارێکی هاوڕێی بە دەمانچە دەکوژێت و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت.
خەلیل مەحمود، قایمقامی قەزای سێمێل لەسەر روداوەکە بە هاوڵاتی راگەیاند، "روداوەکە لەیەکێک لەخوێندنگاکانی قەزای سێمێل روویداوە و لەلایەن خوێندکارێکی 11ی ئامادەیی ئەنجامدراوە، پۆلیس دەستیان بە لێکوڵینەوە کردوە وهێشتا هۆکاری روداوەکە دیارنییە."
سەرچاوەیەکی تایبەت لە قەزای سێمێل بە هاوڵاتی راگەیاند، ئەمرۆ سێشەممە لە یەکێک لەخوێندنگاکانی سنوری قەزای سێمێل خوێندکارێکی پولی 11ی ئامادەیی لەکاتی دەوام و لەناو پولدا خوێندکارێکی تری کوشتووە.
ئەو کەسەی کۆژراوە ناوی مستەفا فەهمییە تەمەنی 16 ساڵە و تۆمەتباریش لە هەمان تەمەندایە. هاوکات هەردووکیان دانیشتووی یەک گەڕەکن لە سەنتەری قەزای سێمێل.
شایەتحاڵێک کە نەیویست ئاماژە بە ناوەکەی بکرێت بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەو دوو خوێندنکارە دوێنێ لە دەرەوە شەڕەقسە لەنێوانیاندا رویداوە، ئەمرۆ بۆ تۆڵەسەندنەوە یەکێکیان بەدزییەوە دەمانچەیەک لەگەڵ خوی دەهێنێتە خوێندنگا و بەدەمانچە هاورێیەکی خوی دەکۆژێت."
بەپێی زانیارییەکان، دوای روداوەکە پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی روداوەکە و بکوژەکەیان دەستگیرکردووە، تەرمی خوێندکارە کوژراوەکەش رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە بەمەبەستی لێکوڵینەوە لە روداوەکە.
وێنەی مستەفا فەهمی: