هاوڵاتی بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی سانای فەرمی سوریا، بەرەبەیانی رۆژی شەممە دووی کانوونی یەکەم، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوەچەیەکی نزیک دیمەشقی پیتەختی ئەو وڵاتە. سانا ئەوەشی خستووەتەڕوو: کاتژمێر ١:٣٠ سیستەمی دژە هێرشی ئاسمانی سووریا، توانی چەند هێرشێکی ئیسرائیلییەکان پووچەڵ بکاتەوە. لەلایەن خۆشیەوە وتەبێژێکی سەربازیی سووریا رایگەیاندووە ئەم هێرشانە لە بەرزاییەکانی جۆڵانەوە کراوەتە سەر سووریا و تەنها زیانی ماددی هەبووە. بەوتەی ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سوویا، لەم هێرشەدا بنکەکانی ئەو گرووپانەی سەر بە ئێرانن لە باشووری دیمەشق کراوەتە ئامانج. ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی رۆژی هەینی راگرتنی کاتی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس دوای هەفتەیەک کۆتایی هات و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی خۆی لە غەززە. لە حەوتی تشرینی یەکەمەوەو دوای دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل- حەماس، هێرشەکان بۆ سەر سووریا لە لایەن ئیسرائیلەوە زیاتر بووە. رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا رۆژی یەکشەممە ٢٦ی تشرینی دووەم رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی دیمەشقی کردۆتە ئامانج و دوای چەند کاتژمێرێك لە دەستپێکردنەوەی فڕین لە فڕۆكەخانەكە جارێكی دیكە ئیسرائیل هێرشیكردۆتەوە سەری. ئەم دامەزراوەیە کە چادێری گۆڕانەکانی سووریا دەکات و بنکەکەی لە بەریتانیایە رایگەیاند، لەم هێرشەدا ئەم فڕۆکەخانەیە زیانی گەورەی بەرکەوتووە و تەنها چەند کاتژمیرێك دوای دەستپێکردنەوەی کار و باری ئەم فڕۆکەخانەیە، جارێکیتر لە کار کەوتووە. لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ فڕۆکەخانەکانی دیمەش و حەلەب لە رۆژانی ١٢ و ٢٢ی تشرینی یەکەمدا، هەر دوو فڕۆکەخانە گەورەكەی سووریا لە کار کەوتن.
هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە سەرۆک ئەرکانی سوپای پاسدارانی ئێران لەگەڵ شاندێکی باڵای سەربازی سەردانی عێراق دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سیاسی وڵاتەکە کۆدەبێتەوە. ئاژانسی هەواڵی تەسنیم دەڵێت، محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی سوپای پاسدارانی ئێران سەرکردایەتی شاندێکی باڵای سەربازی دەکات کە بەنیازن سەردانی عێراق بکەن، بەڵام ئاژانسەکە کاتی سەردانەکەی بڵاونەکردووەتەوە. هەروەها باس لەوەش کراوە کە سەردانەکە لەسەر داواکاری سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق بووە و ئەجێندای سەردانەکە بریتییە لە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازی عێراق سەبارەت بە هەماهەنگی هەرێمی و دوولایەنە. سەرۆک ئەرکانی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی دامەزراوە سەربازی و بەرگرییەکانی عێراقیش دەکات. لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەر، بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئێران سەردانەکانیان بۆ وڵاتە دراوسێ و هاوپەیمانەکانیان زیادیکردووە.
هاوڵاتی مەسعود حەیدەر سەبارەت بە دوورخستنەوەی لە پۆستی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "پابەندی یاساین." دوێنێ هەیینی 1ی کانونی یەکەمی 2023، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە فەرمانێکی وزاری سەرجەم دەسەڵاتەکانی لە مەسعود حەیدەر، جێگری وەزیری دارایی عێراق لە پشکی پارتی سەندەوە. ئەم فەرمانەی وەزیری دارایی عێراق وەک لە نوسراوەکەدا هاتووە بە پێی ماددەی 71 لە یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2023ی بودجەی گشتی و بەرژەوەندی کارەکان دەرکراوە. مەسعود حەیدەر لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت، "بە پێی ماددەی ٧١ ی یاسای بودجەی فیدراڵی، ھەموو ئەو بەڕێوەبەرە گشتی و وەکیل وەزارەت و راوێژکارانەی بە وەکالەتن و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەداوە، ژمارەیان چەندین ھەزار پلە تایبەتە، لەبەرواری ١ /١٢ / ٢٠٢٣ ناتوانن دەسەڵاتی یاسایی و صلاحياتى ئەو پۆستانە بەکاربێنن." مەسعود حەیدەر دەشڵێت، "ئێمەش پابەندی یاساین و کێشەیەکی گشتی یاسایی دەوڵەتەو پێویستی بە چارەسەر ھەیە بە ھەماھەنگی نێوان حکومەت و پەرلەمان."
هاوڵاتی فەرماندەی خۆبەخشی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند شەڕەکەی چەکدارانی تیرۆرستی داعش و سوپای عێراق لە سنوری مەخمور کۆتایهاتووە و لە ئەنجامدا 11 چەکداری داعش و سێ سەربازی سوپای عێراق کوژراون، هاوکات چەند سەربازێکی عێراق وێنەیەکیان لەگەڵ تەرمەکانی داعشەکاندا گرتووە و بڵاویانکردووەتەوە. شەوی رابردوو دوای ئەوەی چەند چەکداریکی داعش هەڵیانکوتایەسەر گوندێکی سنوری مەخمور، شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەو چەکدارانە و سەربازانی سوپای عێراق لەدەوروبەری گوندی عەلیەرەش و دووسەرە لە دەشتی قەراجی مەخموور دروستبوو. دواتر چەکدارەکانی داعش روویانکردە گوندی گۆپتەپەی ناحیەی قەراج و لەوێ لەلایەن سوپای عێراق و پیشمەرگە گەمارۆدران. غازی فەیسەڵ، فەرماندەی خۆبەخشی پێشمەرگە لەمەخمور بە هاوڵاتی راگەیاند، "شەڕەکە کۆتایی هاتووە، پێنج چەکداری داعش کوژراون، هاوکات 9 چەکداری تر ڕایانکرد بۆ چیای قەڕەچوغ، لە هێزەکانی عیراقیش ئەفسەرێک شەهید بووە لەگەڵ برینداربوونی 5 بۆ 6 کەسی تر." غازی فەسەڵ وتیشی لەئێستادا گوندی گۆپتەپە بەتەواوی پاککراوەتەوە لەچەکدارانی داعش و هیچ کێشەی ئەمنی تیادا نەماوە. هاوکات دوای کۆتایهاتنی شەڕەکە، وێنەی لاشەی داعشەکان بڵاوکرایەوە کە تێیدا چەند سەربازێکی سوپای عێراق بە دەستیان ئاماژەیان بە سەرکەوتن کردووە.
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند دوورخستنەوەی مەسعود حەیدەر لە پۆستی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق پەیوەندی بە ماددەیەکە لە یاسای بودجەی عێراق، مەسعود حەیدەر خۆشی لەسەر دوورخستنەوەکەی دەڵێت، "پرسیار لە وەزیری دارایی عیراق بکەن." دوێنێ هەیینی 1ی کانونی یەکەمی 2023، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە فەرمانێکی وزاری سەرجەم دەسەڵاتەکانی لە مەسعود حەیدەر، جێگری وەزیری دارایی لە پشکی پارتی سەندەوە. ئەم فەرمانەی وەزیری دارایی وەک لە نوسراوەکەدا هاتووە بە پێی ماددەی 71 لە یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2023ی بودجەی گشتی و بەرژەوەندی کارەکان دەرکراوە. لەسەر دوورخستنەوەی مەسعود حەیدەر، نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "پێم وانییە هیچ هۆکاريک هەبێت جگە لەوەی ئەو بە وەکالەت لەو پۆستە بوو، بڕیارەکە، بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای بودجەیە." نەرمین مەعروف لەسەر ئەو ماددەیە دەڵیت، "بەپێی مادەی 71ی یاسای بودجە پێویستە هەموو پۆستە باڵاکان کە بە وەکالەت ئەبران بەڕێوە تا کۆتا ڕۆژی مانگی یازدە کۆتاییان پێبێت." لە ماددەی 71 لە یاسای بودجەی عێرادا هاتووە کە "حکومەت پابەندە بە کۆتاییهێنان بە سەرجەم ئەو دەسەڵاتانەی بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێن تا رێکەوتی 30/11/2023 و دەبێت فەرمانگە پەیوەندییدارەکان، هەموو ئەو دەرماڵە و دەسەڵاتانە رابگرن." هاوکات مەسعود حەیدەر لەسەر هۆکاری دوورخستنەوەی هیچ قسەیەکی نەکردووە و تەنها دەڵێت، "پرسیار لە وەزیری دارایی بکەن سەبارەت بە بڕیارەکە."
هاوڵاتی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند لە کاتی کۆتاییهاتنی ئاگربەستەوە زیاتر لە 400 پێگەی لە کەرتی غەززە بۆردومان کردووە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینیش دەڵێت، تا ئیستا 240 کەس بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون لەدوای تەواوبوونی ئاگربەست. ماوەی دوو رۆژە ئاگربەستی حەوت رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل کۆتایی هاتووە کە لە 24ی مانگی رابردوو دەستیپێکرد و تێیدا 60 بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر 180 زیندانی فەڵەستینی ئازادکران. رۆژی هەیینی ئاگربەست کۆتای پێهات و جەنگ دەستپێکردەوە، سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێزەکانی دەریایی، ئاسمانی و زەمینی ئیسرائیل زیاتر لە 400 پێگەیان بە ئامانج گرتووە لەوانە، چەند ناوچەیەک لە خان یونس لە غەززە. بەپێی راگەیاندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، فڕۆکەکانی سوپا مزگەوتێکیان لە باکوری غەززە بۆردومان کردووە کە لەلایەن گروپی جیهادی ئیسلامی وەک ناوەندێکی فەرماندەیی بەکارهێنراوە. هاوکات، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاندووە، لەکاتی دەستپێکردنەوەی شەڕەوە تا ئێستا 240 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 650 کەسیش بریندار بوون.
هاوڵاتی چەند تیرۆرستێکی داعش هەڵیانکوتایە سەر گوندێکی سنوری مەخموور و سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە رووبەروویان بوونەوە. لە ئەنجامیشدا چەند کوژراو و بریندارێک هەیە. غازی فەیسەڵ فەرماندەی خۆبەخش لە ھێزی پێشمەرگە لە سنوری مەخموور راگەیاند، شەوی رابردوودا شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارانی داعش و سەربازانی سوپای عێراق لەدەوروبەری گوندی عەلیەرەش و دووسەرە لە دەشتی قەراجی مەخموور دروستبوو. غازی فەیسەڵ باسی لەوەش کرد، لە ئەنجامی شەڕەکە سەربازێکی سوپای عێراق کوژراوە و دوو سەربازی تریش برینداربوون، بەپێی زانیارییەکان تیرۆریستێکی داعشیش کوژراوە. هاوکات لەلایەن ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق خێزانێکی کورد لە دەستی تیرۆریستان رزگارکران، کە لە گوندی کۆڵتەپە لەلایەن تیرۆریستانەوە گەمارۆدرابوون.
هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی رابردوی فرۆشتنی نەوت و هەناردەکردنی بڵاوکردەوە، کە کۆی هەناردەکردن و داهاتی بەدەست هاتووی نەوت بۆ ئەو مانگە 8 ملیار و 512 ملیۆن دۆلار بووە. وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بە گوێرەی ئاماری سەرەتایی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراقی "سومۆ" لە ماوەی مانگی (تشرینی دوەم/11) 102 ملیۆن و 975 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە. ئاماژە بەوەکراوە، کۆی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی رابردو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق 101 ملیۆن و 764 هەزار و 620 بەرمیل بووە، هەروەها بڕی نەوتی هەناردەکراو بۆ ئوردن گەیشتوەتە 172 هەزار و 383 بەرمیل، جگە لەوەش هەناردەی گەیارە ملیۆنێک و 38 هەزار و 779 بەرمیل بووە. لە راگەیەنراوی وەزارەتی نەوتی عێراق باس لەوەشکراوە، رێژەی هەناردەی نەوتی رۆژانە سێ ملیۆن و 433 هەزار بوە، نرخی هەر بەرمیلە نەوتێکیش 82.66 دۆلار بوە.
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئایدز هیچ ئامارێک، هۆشداریەکی بڵاونەکردەوە و هیچ چالاکیەکی پەیوەست بە ئایدزئەنجام نەدا. ئەمرۆ ١ی کانووی یەکەم لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە تایبەت کراوە بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری وبەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی ئێج ئای ڤی، بەپێی دواین ئامار کە وەزارەتی تەندروست هەرێم لەساڵی ٢٠٢٢ بڵاویکردبۆیەوە لە هەرێمی کوردستان ٥٤ حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی ئایدز تۆمارکراون، کە چل لەوانە بیانی بوون. هاوڵاتی بۆ وەرگرتنی ئامارەکانی توشبوانی ئایدز و ڕێنمایی و کار وچالاکیەکانی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ڤایرۆسی " ئێچ ئای ڤی" ونەخۆشی ئایدز، پەیوەندی کرد بە وەزارەتی تەندروستی بەڵام بێ ئەنجام بوو. پڕۆفیسۆر محەمەد بابەکر، پسپۆڕی وردی ڤایرۆسزانی وپزیشکی مایکرۆبایلۆجی و بەرگری لە بارەی پەرەدان بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا، بەتایبەت چینی گەنجان و هەرزەکارانەوە وتی" ئەم هەوڵە پێویستی بە هاوکاری هەموو لایەنەکانە هەر لە پەروەردەوە تاوەکو مامۆستاینی ئاینی و وەزارەتی تەندروستی و میدیاکارانیش". دکتۆر محەمەد بابەکر باسیشی لەوەکرد کە هەوڵیان داوە سیمینار و کۆڕی تایبەت بکرێتەوە بۆ مامۆستایانی ئاینی تاوەکو زانستیانە ڤایرۆسەکەیان بۆ باسبکرێت تاوەکو لەڕێگەی مینبەرەکانەوە کۆمەڵگە هۆشیار بکەنەوە. هاوکات باسیشی لەوە کرد میدیاکاران کەمتەرخەمن لەبەرامبەر ڤایرۆسێکی وەک "ئێچ ئای ڤی" لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا هیچ یەک لە میدیاکان بە هەواڵێکیش باسیان لێوەنەکرد، لەکاتێکدا کۆمەڵگە بەرەوکرانەوە دەچێت. نەخۆشی ئایدز کە هۆکارەکەی جۆرەکانی ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی"یە و هێرش دەکاتە سەر سیستەمی بەرگری لەش و لاوازی دەکات، ئەمەش لەڕێگەی گواستنەوە و تێکەوڵاوبوونی جۆرە جیاوازەکانی شلەی لەش دەگوازرێتەوە وەک، شیرپێدانی دایک بۆ کۆرپەکەی، تێکەڵاوبوونی سپێرم، لیک، خوێن لەرێگەی سێکسکردن یان بەکارهێنانی دەرزی، ئامێرەکانی پاکردنەوەی پزیشکی ددان. ڤایرۆسەکە تاوەکو ئێستا چارەسەری تەواوەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە، بەڵام لەڕێگەی چەندین جۆری جیاوازی دژە ڤایرۆس دەتواندرێت بەرەوپێشچوونی نەخۆشیەکە هێواشبکرێتەوە وتەمەنی کەسەکان درێژبکرێتەوە.
هاوڵاتی هێزەکانى پاراستى گەل - هەپەگە ئاماری شەڕی مانگی ڕابردووى لەگەڵ سوپاى تورکیا بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، لە ١٩٣ هێرشدا ١٢٤ سەربازى تورکیا کوژراون و چوار گەریلاش شەهیدبوون. لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە ، ١٤٠ هێرشیان بە فڕۆکەی شەڕ لەلایەن تورکیاوە کراوەتەسەر و هەروەها ١٢٤ هێرشیان بە چەکى کیمیایی کراوەتەسەر. هەپەگە دەشڵێت، ١٠٣ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لەلایەن تورکیاوە کراوەتە سەریان و لە ئەنجامى هێرش و پێکدادانەکاندا چوار گەریلا شەهید بوون. هاوکات ئەوەشخراوەتەڕوو، ١٩٣ هێرشیان کردووەتە سەر سوپاى تورکیا و لەگەڵ ٩٩ هێرش بە چەکى قورس و لە ئەنجامدا، ١٢٤ سەربازى تورکیا کوژراون.
هاوڵاتی لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی شەڕ دوای ئاگربەست، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە، تاوەکو ئێستا 109 کەس گیانیان لەدەستداوە و ئەمریکا دەڵێت لە هەوڵداین بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی دیکە. بەیانیی ئەمڕۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کۆتاییهات و تەندروستیی غەززە دەڵێت، لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی شەڕی دوای ئاگربەست، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە، تاوەکو ئێستا 109 کەس گیانیان لەدەستداوە. لەم پەیوەندەدا جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، لە هەوڵەکانی نێوەندگیری لەگەڵ ئیسرائیل و میسر و قەتەر بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی مرۆیی دیکە لە غەززە بەردەوامین. ئاگربەستی مرۆیی نێوان سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی سەر بە بزونەوەی حەماس لە دوای حەوت رۆژ لە ئاڵوگۆڕکردنی دیل و بارمتەکان، هەروەها ناردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە کۆتایی هات. سوپای ئیسرائیل لەم بارەیەوە دەڵێت لە دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست، لە کاتژمێر 07:00ی بەیانیی ئەمڕۆوە دەستیان بە هێرشەکانیان کردووەتەوە و لە ئاسمان، زەوی و دەریاوە پێگەی گرووپە چەکدارەکانیان لە باکوور و باشووری غەززە کردووەتە ئامانج. هاوکات بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، "لە تۆڵەی کردنە ئامانجی خەڵکی سڤیل"، چەند پێگەیەکی ئیسرائیلیان بە هاوەن کردوونەتە ئامانج و بە مووشەکیش شاری سدیرۆتیان بۆردوومان کردووە. لەو بارەیەوە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر ئیسرائیل پێویستە هەنگاوی کاریگەرتر بگرێتە بەر بۆ پاراستنی گیانی گاوڵاتیانی سیڤیل، بە تایبەتی لەو ناوچانەی غەززە کە هاوڵاتیانی تێدا ماوەتەوە. لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادکران؛ هەروەها 750 بارهەڵگری هاوکاری چوونە نێو غەززە.
هاوڵاتی بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرایكردووە، ئەمریكا ئامادەیە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو كەسانەی ئاسانكاری دەكەن بەپێدانی ڤیزای وڵاتەكەی بۆ ئەو توندڕەوە جولەكانەی تێوەگلاون لەتوندوتیژی دژ بە فەلەستینیەكان لەكەناری خۆرئاوای فەلەستین. سەرچاوەیەكی باڵای دیپلۆماسی ئەمریكا ئاشكرایكردووە ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو لەمیانی دیداری لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ئەو هۆشدارییەی گەیاندووە. وەك ئەو سەرچاوە ئەمریكییە دەڵێت: بلینكن وتوویەتی ڕەنگە هەفتەی داهاتوو ئەو سزایانە ڕابگەیەنێت كە هەركەسێك دەگرێتەوە كە هاوكاری توندڕەوە جولەكەكانی كردووە لەپێدانی ڤیزای ئەمریكا، ئەگەر تێوەگلابن لەتوندوتیژی دژ بە فەلەستینیەكان. بەڵام سەرچاوە ئەمریكیەكە ئەو كەسانەی دیارینەكردووە كە ئەگەر ئەمریكا سزاكە ڕابگەیەنێت سزاكان دەیانگرێتەوە، لەوانەش چەند بەرپرسێكی ئیسرائیلی كە لەلایەن بەشێك لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و فەلەستینیەكان بەبەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە فەلەستینیەكان تۆمەتبار دەكرێن. دوێنێ پێنج شەممە ئەنتۆنی بلینكن هۆشداری دایە ئیسرائیل كە توندڕەوە جولەكەكان بەكارنەهێنێت بۆ دژایەتی كردنی خەڵكی كەرتی ڕۆژئاوای فەلەستین، لەكاتێكدا توندوتیژی نێوان فەلەستینیەكان و ئیسرائیلیەكان لەكاتی سەرهەڵدانی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە حەوتی ئۆكتۆبەرەوە زیادیكردووە. پێشتریش ئەمریكا سەركۆنەی ئەو كردەوە توندوتیژیانەی كرد كە لەلایەن توندڕەوە ئیسرائیلیەكانەوە دژ بە هاوڵاتیانی فەلەستینی ئەنجام دەدرێت، داواشی كرد سنورێك بۆ ئەو كردەوانە دابنرێت. وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەوبارەیەوە لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا پێنج شەممەی ڕابردوو وتی:"چاوەڕێ دەكەین حكومەتی ئیسرائیل پلانی هەبێت بۆ ڕێگریكردن لەو توندوتیژیانە"، بەڵام لەهەمانكاتدا وتیشی "خۆمان بەدوای پلانی جێگرەوە دەگەڕێین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو توندوتیژیانە.
هاوڵاتی سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە لە سەرەتا بۆ ناوەڕاستی هەفتەی ئایندە بەغدا 700 ملیاری دیكە بەسێ جار ڕەوانەی هەولێر دەکات. بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم" كە لەسەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی عێراق زانیاری وەرگرتووە" وەزارەتی دارایی لە حکومەتی فیدراڵی عێراق بڕی 700 ملیار دینار بە سێ گوژمە ڕەوانەی هەولێر دەکات و لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوەوە دەستپێدەکات. ئەو سەرچاوەیە وتوویەتی: وەزارەتی دارایی، لە ڕێگەی بانکەکانی سەر بە بانکی ناوەندی کە بریتین لە بانکی ڕەشید، و بانکی تی بی ئای و بانکی ڕافیدەین، بڕی 700 ملیار دینار دەخاتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێم. بەوتەی سەرچاوەیەكیش لەوەزارەتی دارایی هەرێم بۆ هاوڵاتی: پاش گەیشتنی پارەکە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات. وەك ئەو سەرچاوەیە وتی: دوای ئەوەی وەفدی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدای کرد، دوو داوایان لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، ئەوانیش داواکاری یەکەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی بودجە و ناردنی پشکی تەواوی هەرێم لە بودجە، داواکاریەکەی تریش ناردنی بڕی سێ مووچەی دیکەیە ئەوانیش مووچەی مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم . بەڵام وەك سەرچاوەكە وتی "تائێستا ڕێككەوتن لەبارەی سێ مووچەكە نەكراوە و گفتوگۆكان بەردەوامن لەبارەی پشكی هەرێم لەبودجەی عێراق و جیاكردنەوەی بودجەی هەرێم لە خەرجی فیعلی". پێشتر هاوڵاتی لەڕاپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەوڵی ئەوەدایە كە بۆ ساڵی ئایندە كێشەی موچەی فەرمانبەران چارەسەربكات و گرفتەكانی بەردەم دابینكردنی موچەی مانگانە نەهێڵێت، بۆ ئەوەش داواكاری پێشكەشی حكومەتی ناوەندی كردووەو لەڕێی فراكسیۆنە كوردییەكانیشەوە لەهەوڵی ئەوەدایە كۆدەنگی دروستبكات دەربارەی رەشنوسی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی نوێ، جگەلەوەش حكومەتی هەرێم دەیەوێت بابەتی مووچە لەململانێ سیاسییەكان دووربخاتەوەو بیكاتە بابەتێكی یاسایی و لەپشكی هەرێم جێگیری بكات. لەئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی دابەشنەكردووەو داواكاری پێشكەشی بەغدا كردووە بۆ ناردنی 700 ملیار دینارەكە، بەڵام تائێستا وەڵامنەدراوەتەوە، ئەگەرچی رۆژی دووشەممە شاندێكی حكومەتی هەرێم لەبەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سۆدانی كۆبوونەوەو بەڵێنی ئەوەیان پێدرا لەكۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق قسە لەوبارەوە بكرێت و وەڵامی داواكەی حكومەتی هەرێم بدرێتەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، لەكۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا باسی كێشەی مووچەو ناردنی 700 ملیار دینارەكە نەكراوە. یەكێك لەكێشە سەرەكیەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا كە تائێستا بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، پرسی نەوتە. ئەمەش وایكردووە حكومەتی ناوەندی نەتوانێت بەپێی خواستی هەرێم موچەو پشكی هەرێمی كوردستان دابین بكات، لەوبارەیەوە سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی كۆمەڵی دادگەری بەهاوڵاتی وت: «بەرهەمی رۆژانەی نەوتی هەرێم 250 هەزار بەرمیلە، عێراق نرخێكی بۆ دەرهێنانی نەوتی هەرێم داناوەو حكومەتی هەرێمیش نرخێكی زیاتر كەپێنج هێندەی ئەوەیە حكومەتی عێراق دەیداتە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت، بۆیە عێراق ناچێتە ژێرباری ئەمەوە، پێی وایە نەوتەكە نەڕوات یان دەرنەهێنرێت باشترە لەوەی ئەو كرێ زۆرە بدات، بەشێكی تری كێشەكان پەیوەندی بەیاسای ئیدارەی دارایی و قەرزی گشتییەوە هەیە كەساڵی 2019 دەرچووە، ئەوكاتە هەرێم زۆر گوێی پێنەداوە. پێی وابووە عێراق ناتوانێت ئەو یاسایە بەسەر هەرێمدا جێبەجێ بكات». بەپێێ زانیارییەكانی هاوڵاتی زۆرترین تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەعێراق گەیشتووەتە نزیكەی شەش دۆلار بۆ بەرمیلێك، بەڵام لەهەندێك ناوچەی هەرێم بەخەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش هەندێك جار گەیشتووەتە سەروو 30 دۆلار سەرباری ئەم كێشە هەڵپەسێراوانە، حكومەتی عێراقی مانگانەو بەشێوەی قەرز بڕی 700 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكات بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران، هەربۆیە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەیانەوێت ئەم قۆناغە تێبپەڕێنن و بۆ ساڵی ئایندە گرەنتی دابینكردنی موچە بكەن، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە بۆ ساڵی ئایندە چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت و بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا رێگاچارەی دەربازبوون لەم دۆخە تاوتوێ دەكەن. ئەوەی هاوكارە لەتێپەڕاندنی ئەو دۆخەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی تێكەوتوە، هەمواركردنەوەی یاسای بودجەیە بۆ ساڵی 2024 بەتایبەت ئەو بڕگانەی پەیوەستە بەدیاریكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، لەوبارەیەوە مستەفا گەرعاوی بەهاوڵاتی وت «كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەنها لەڕێگەی هەمواری یاسای بودجەوە دەكرێت، كەشایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی تێدا دیاری بكرێت». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، حكومەتی عێراقی لەڕێی داواكارییەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، دەیەوێت پڕۆژە یاسایەك پێشكەشی پەرلەمان بكات بۆ هەمواری یاسای بودجە، تا لەڕێیەوە موچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دیاری بكرێت و ئەو قەرزانەش كە لەساڵی 2023 بۆ دابینكردنی مووچە دراوەتە هەرێم، لەشایستە داراییەكاندا ببڕدرێت، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لەگفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا بەهاوڵاتی وت: «پرۆژە یاساكەی حكومەتی عێراق لەساڵی نوێدا پێشكەشی پەرلەمان دەكرێت و هەوڵی ئەوە دەدرێت كەپشكی هەرێم بەپێی خەرجی كردەیی پارێزگاكان دابین بكرێت». پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە كەداواكارییان پێشكەش بەسەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە بۆ ئەوەی موچەی سێ مانگی كۆتایی هەرێم رەوانە بكەن، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێك لەوبارەیەوە نەدراوەو نەتوانراوە تەنانەت 700 ملیارەكەی مانگی ئەیلول دابین بكرێت كەبڕیاربوو پێش كۆتایی هاتنی ئەم مانگە رەوانەی هەرێم بكرێت. بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكە بۆ هاوڵاتی، لەكۆبوونەوەی وەفدی هەرێم بەسەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سۆدانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، وەفدی هەرێم داوای ناردنی سێ 700 ملیار دیناری دیكەیان كردووە لەمساڵدا بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام سەرۆكوەزیرانی عێراق پێی وتوون ئەوە لەدەسەڵاتی ئەودا نییەو دەبێت ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێبدات. وەك ئەو سەرچاوەیە باسیكرد تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق جگە لەسێیەم گوژمەی 700 ملیارەكە ئاستەنگ بۆ هەر بڕە پارەیەكی دیكە دروستدەكات كە لەمساڵدا رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تاوتوێی سکاڵایەک دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان و گەڕاندنەوەی ئەو مووچە و دەرماڵانەی کە سەندیکاکە لەماوەی پێنج ساڵدا وەریگرتووە، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر دادگای باڵای فیدراڵی هەریەك لەپەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە. دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، رۆژی سێی کانوونی یەکەمی 2023 تاوتوێی سکاڵایەک دەکات کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان پێشکەشکراوە، سکاڵاکار داوا دەکات لەساڵی 2019ـەوە هەر مووچە و دەرماڵەیەک کە سەندیکاکە وەریگرتووە، بگەڕێنرێتەوە. سکاڵاکە لەلایەن پارێزەر مەسعود محێدین لەدژی نەقیبی پارێزەرانی کوردستان تۆمارکراوە و داوا دەکات سەندیکاکە و سەرجەم ئەو بڕیارانەشی هەڵبوەشێندرێنەوە، کە لە ساڵی 2019ـەوە دەریکردوون، جگە لەوەش کارەکانی سەندیکا رابگیرێن. لە سکاڵاکەدا داواکراوە کە لە دوای ساڵی 2019ـەوە هەرچی مووچە و دەرماڵە کە سەندیکای پارێزەران وەریانگرتووە بگەڕێندرێتەوە بۆ سندوقی پارێزەران و دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارێکی کاتی دەربکات بۆ راگرتنی سەرجەم چالاکیەکانی ئەو سەندیکایە لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو سکاڵاکە یەکلا دەکرێتەوە. سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە ساڵی 1993 دامەزراوە و پێنج لقی هەیە، ئەنجوومەنەکەشی لە 10 ئەندام پێکهاتووە.
هاوڵاتی لەكاتێكدا لەپێنج ڕۆژی ڕابردوودا و لەمیانی پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی زیندانیەكان لەنێوان ئیسرائیل و گروپەكانی چەكدار لەفەلەستین تائێستا بەهۆیەوە 180 فەلەستینی لەزیندانەكانی ئیسرائیل ئازادكراون، كە بەشێكیان ژن و منداڵن، بەڵام ژمارەیەك زیندانی فەلەستین هەن كە ئیسرائیل ڕەتیدەكاتەوە ئازادیان بكات یەكێك لەوانە زیندانێكی هەتا هەتاییە و ساڵانێكە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەركراوە. یەكێك لەو ناوانە، (ئیبراهیم ئەبو موخ) ە كە ئەندامی بەرەی ڕزگاری فەلەستینە و سێیەم كۆنترین زیندانی سیاسییە لەجیهان، هاوكات 26 زیندانی دیكەی فەلەستینی هەن كە ئیسرائیل ئامادەنیە ئازادیان بكات. ئیبراهیم ئەبو موخ لەشاری 1948 لەشاری باقەی ڕۆژئاوای فەلەستین لەدایكبووە كە ئێستا ئەو شارە سەر بە شاری حەیفایە و پێشتر سەر بە شاری تولكەرەمی فەلەستین بوو، بەڵام لەساڵی 1961 ئیسرائیل كۆنترۆڵی كرد، ئیبراهیم منداڵ بووە كە باوكی مردووە بۆیە بەبێ باوكی گەورە بووە و دواتر لەتەمەنی پێنج ساڵی نێردراوەتە خانەی بێسەرپەرشتان لەبەیت لەحم، دواتر لە تەمەنی 16 ساڵی چاوی بەخوشكەكەی دەكەوێتەوە دواتر ئیبراهیم بۆ تەواوكردنی خوێندن دەست بە كاری نەقاری دەكات. كاتێك دەچێتە زانكۆ بیری چەپ وەردەگرێت و پەیوەندی بەبەرەی ڕزگاری فەلەستینەوە دەكات و بەشداری كردووە لە چەند كردەوەیەكی چەكداری دژ بە سوپای ئیسرائیل. لەساڵی 1985 سەربازێكی ئیسرائیلی بەناوی موشێ تەمام دەڕفێنێت، دواتر ئەو سەربازە دەكوژرێت، دواتر دەزگای مۆسادی ئیسرائیل لەساڵی 1986 ئیببراهیم بەتۆمەتی كوشتنی دەستگیردەكات و وەك پلانداڕێژەر و جێبەجێكاری پرۆسەی ڕفاندنی ئەو سەربازە ئیسرائیلیە دەیناسێنێت و هاوكات كەسێكی ئامۆزاشی لەگەڵ دەستگیردەكرێت، بەڵام ئیبراهیم دان بەكوشتنی ئەو سەربازە ئیسرائیلیەدا نانێت وە پاشان 40 ساڵ زیندانیكردنی بۆ دەردەچێت. بەهۆی بڕیاری زیندانیكردنیەوە بۆماوەی 40 ساڵ، ئیبراهیم لەهاوسەرەكەی جیادەبێتەوە و لەزیندان دەست دەكات بەخوێندن و پاشان دەست دەكات بەوتنەوەی وانەكانی ئینگلیزی و عیبری لەزیندانەكە، بەڵام 37 ساڵە ئیسرائیل ڕەتیدەكاتەوە لەبەرامبەر هیچ ئاڵوگۆڕكردنێكی زیندانیان ئیبراهیم ئازاد بكات.
