هاوڵاتی ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بە ناردنی نامەیەکی فەرمی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیویەتی:" ئێران دەستی نەبووە لە هیچ هێرشێکدا بۆ سەر هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا". بە پێی راپۆرتی میدیاکانی حکومەتی ئێران کە ئەمڕۆ سێ شەممە ٥ی کانوونی یەکەم بڵاو کراوەتەوە، ئیرەوانی لە نامەکەیدا ئاماژەی بە وتەکانی نوینەری هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش داوە کە رۆژی ٢٨ی کانوونی دووهەم ئێرانی بەوە تاوانبارکرد کە دەستی هەیە لەو هێرشانەدا. لیندا تۆماس گرینفێڵد، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا، هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی لە سووریا و عێراق بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانە سەرکۆنە کرد و ئێرانی بە بەرپرس زانی لەم هێرشانەدا. لەگەڵ دەستپێکی جەنگی غەزە، هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سووریا و عێراق و یەمەن و لوبنان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە زیاتر بووە. رۆژنامەی واشنگتۆن پۆست رۆژی دووشەممە ٤ی کانوونی یەکەم بە پشت بەستن بەو بەڵگانەی لە لایەن وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە بڵاو کراوەتەوە، باسی لەوە کردووە بنکەکانی ئەمریکا لە ١٧ی تشرینی یەکەمەوە لانیکەم ٧٦ جار لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کراوەتە ئامانج. لە ئێستادا نوێنەری هەمیشەیی کۆمار ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناردنی نامەیەک بۆ ئەنجومەنی ئاسایش باسی لەوە کردوە :" کۆماری ئیسلامی هیچ دەور و نەخشێکی نەبووە لە هەموو ئەو هێرشانەدا". هاوکات لە نوێترین رووداودا، ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکام) رایگەیاند، حووسیەکان کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێن، رۆژی یەکشەممە هێرشیان کردۆتە سەر سێ کەشتی بازرگانی لە ئاوەکانی دەریای سوور و لە لایەن کەشتییەکی سەربازی ئەمریکییەوە وەڵام دراونەتەوە. سێنتکام لە راگەیاندنێکدا رۆژی دووشەممە ٤ی کانوونی یەکەم، نووسی:" هەرچەند دڵنیایە ئەم هێرشانە لە لایەن حووسییەکانەوە ئەنجام دراوە، بەڵام ئەم گرووپە بە تەواوەتی لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێن و بە بێ پشتیوانی ئیرانییەکان حووسیەکان ناتوانن ئەم هێرشانە بکەن."

هاوڵاتی  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند هیچ بەڵگەیەکیان لانییە بیسەلمێنیت ئیسرائیل بەئەنقەست کەسانی مەدەنی لە غەززە دەکوژێت، دەشڵێت، هێشتا زووە بڕیار بدەن لەسەر ئەوەی ئاخۆ ئیسرائیل هەوڵی تەواوەتی دەدات بۆ پاراستنی مەدەنی. لە رۆژی هەینییەوە کە ئاگربەست کۆتایی هاتووە نزیکەی 900 کەس لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون و چەندین جار بەرپرسانی ئەمریکا داوایان لە ئیسرائیل کردووە کە قوربانی مەدەنی لە هێرشەکانیدا کەم بکاتەوە. تا ئێستا لەماوەی نزیکەی دوو مانگی جەنگدا زیاتر لە 15 هەزار کەس لە غەززە کوژراون. ماتیو میڵەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەسەر هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوەی قوربانی مەدەنی لە هێرشەکانیدا رایگەیاند، "هێشتا زۆر زووە کە هەڵسەنگاندێکی یەکلاکەرەوە بکەین، ئیسرائیل داوای لە ملیۆنەها خەڵک کردووە کە ناوچەیەکی تایبەتی چۆڵ بکەن و رێنمایی تایبەتی دەرکردووە بۆ خەڵکی مەدەنی کە بگوازنەوە نەک تەواوی شارێک چۆڵی بکەن، بۆیە ئەمەش بەرەوپێشچوونە و لە پێش ئەوەی رویداوە باشترە." میڵەر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، واشنتن هیچ بەڵگەیەکی بەردەست نەکەوتووە کە بیسەلمێنیت ئیسرائیل بە ئەنقەست مەدەنی دەکوژێت، بەڵام وتیشی کە ئەوان چاوەڕێی مردنی خەڵکی مەدەنیش دەکەن چونکە "بەداخەوە ئەوە بۆ هەموو جەنگێک راستە."

هاوڵاتی  وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە مووچەی مانگی 11ی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت. وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان خراوەتەسەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە بۆیە "بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی)، رێکارە دارایی و ژمێرییاریەکانی ئەنجام داون و بانکەکانی ئاگادارکردوونەتەوە" دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.  وەزارەتی پیشمەرگە دەشلێت، رۆژی پينج شەممە 7ی كانونى یەکەمی 2023، موچەی مانگی 11ی 2023ی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت. مانگانە زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بۆ وەزارەتی پیشمەرگە تەرخان دەکرێت بۆ پیدانی مووچەی پێشمەرگە.

هاوڵاتی  دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ تورکیا بۆردومانی ناحیەی بامەرنێی کرد، هاوڵاتییەک شەهید بوو و دوو کەسی تریش برینداربوون. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری هاوڵاتی لە دهۆک، ئەمرۆ فرۆکەکانی تورکیا دەوروبەری ناحیەی بارمەرنێیان بوردومانکرد، سەرەتا یەک بریندار هەبوو، بەڵام دوای لێکۆلێنەوە دەرچوو کەسێکی تریش برینداربووە و کەسێکی تر شەهید بووە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو کەسەی ئەمرۆ بەهۆی بوردومانی تورکیا گیانی لەدەستدا، ناوی عەلی جەمیل کەلەشە و خەڵکی قەزای باتیفایە. فەتاح بامەرنێی، دانیشتوویەکی سەنتەری ناحیەی بامەرنێیە،  بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەوشوێنەی بوردومانکراوە تەنها 500 مەترێک دوورە لەسەنتەری ناحیەی بامەرنێ،سەرەتا یەک کەس دۆزرایەوە کە برینداربووە دوای لێکوڵینەوەی دەزگا ئەمنیەکان کە بەمەیدانی سەردانی شوێنەکەیان کرد، تەرمی کەسێک دۆزرایەوە.  فەتاح بارمەنی وتیشی، "دۆخی تەندروستی ئەو دوو بریندارە جێگیرن و لەحاڵەتی چاودێری چڕ دەرچوون، بەپێی زانیاریەکانم ئەو سێ کەسە پێکەوەبوون لەکاتی بوردومانکردن. ئەوان سەردانی ئەو شوێنەیان کردبوو بۆ ڕاوکردن." وێنەی عەلی جەمیل کەلەش: 

هاوڵاتی  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، سبەینێ باران بارین دەستپیدەکاتەوە و پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیەکە لەسەر کەشوهەوای ئەمڕۆ سێشەممە دەڵێت، به‌ گشتی ئاسمان ساماڵ و په‌ڵه‌ هه‌ور دەبێت پاشان له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ ده‌گۆرێت بۆ نیمچه‌ هه‌ور. لەسەر کەشهەوای سبەی چوارشەممە بەرێوبەرایەتی کەشناسی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە "ئاسمان نیمچه‌ هه‌ور ده‌بێت له‌كاته‌كانی به‌یانی پاشان ده‌گۆڕێت بۆ هه‌وری ته‌واو، له‌ ئه‌نجامی هاتنی نزمه‌ پاڵپه‌ستۆی لاواز بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌مان سه‌ره‌تا بارانبارین له‌سه‌ر به‌شێك له‌ سنوری پارێزگای دهۆك ده‌ستپێده‌كات، پاشان بارانبارین به‌ شێوه‌ی نمه‌ باران له‌سه‌ر ناوچه‌ جیاجیاكان ده‌بارێت."   

هاوڵاتی  وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لە نوێترین راپۆرتیدا لەسەر جەنگی ئۆکرانیا رایگەیاند لە دەستپێکی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، 70 هەزار سەرباز و هێزی بەکرێگیراوی رووسیا کوژراون. ئامارەکە لە دەستپێکی جەنگ لە 24ی شوباتی2022ەوە تا 30ی تشرینی دووەمی 2023 دەگرێتەوە و نزیکەی 50 هەزار کوژراو، ئەندامی هێزە سەربازییەکانی رووسیا بوون و 20 هەزار کوژراو سەر بە هێزە بەکرێگیراوەکانی وەک گرووپی ڤاگنەرن. بەپێی راپۆرتی وەزارەتی بەریتانیا جگە لە ژمارەی کوژراوەکان، 180 بۆ 240 هەزار هێزی سەربازی رووسیا و نزیکەی 40 هەزار کەس لە بەکرێگیراوەکان لە ماوەی ئەم جەنگەدا بریندار بوون. مۆسکۆ ئەم راپۆرتەی وەزارەتی بەرگری بەریتانیای بە پڕووپاگەندەی دژە رووسیا ناو بردووە. رووسیا و ئۆکرانیا ئاماری کوژراو و بریندارەکانی خۆیان بڵاو ناکەنەوە، هەربۆیە بەراوردکاری زیانە مرۆییەکانی ئەم جەنگە زۆر دژوارە. بە پێی هەڵسەنگاندنی ناتۆ، ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی رووسیا تا کۆتایی تشرینی دووەمی ئەمساڵ نزیک 300 هەزار کەس بووە. رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ماوەیەک لەمەوبەر لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە رایگەیاندبوو، ژمارەی کوژراوەکانی رووسیا نزیک 120 هەزار کەسە و 170 بۆ 180 هەزار کەسیش بریندار بوون. ئەم رۆژنامەیە بە پشت بەست بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکایی، ژمارەی کوژراوانی ئۆکرانی بە 70 هەزار کەس بەراورد کردووە و 100 بۆ 120 هەزار کەسیش بریندار بوون .  

هاوڵاتی  بەرەبەیانی ئەمرۆ فرۆکەکانی تورکیا دەوروبەری ناحیەی بامەڕنێیان بۆردومانکرد و بەوهۆیەوە هاوڵاتییەک برینداربوو. محەمەد بامەرنێی، کە دانیشتوویەکی بامەرنێیە بە هاوڵاتی راگەیاند، "بۆردومانەکە زۆر نزیکی سەنتەری بامەرنێ بووە، بەداخەوە هاوڵاتییەکی ناحیەکە برینداربووە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک کراوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست." ئەو هاوڵاتییەی بامەڕنی دەشڵێت، "لە هەندێک دەزگای راگەیاندن ئاماژە بەوەکراوە کەسێ هاوڵاتی برینداربوون بەڵام راستییەکەی یەک برینداربووە." بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، ئەو هاوڵاتیەی بریندار بووە تەمەنی ٢٤ ساڵە و لەئێستادا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک چارەسەر دەکرێت. هاوکات، لە بۆردومانەکەی تورکیا سێ گولـلە تۆپ لە دەوروبەری ناحیەکە کەوتوونەتە خوارەوە.

هاوڵاتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، لە شەوی رابردو لە نزیک کەرکوک پێنج سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ پێنج ئەندامی گروپێکی چەکداری کە ئامادەکارییان بۆ هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا دەکرد توشی پێکدادان بون، دواتر هێزەکانی ئەمریکا بە سیستمی ئاسمانی بەرپەچی دانەوە و هەر پێنج ئەندامی گروپە چەکدارییەکە کوژران. فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەمشەو دووشەممە رایگەیاند، "رۆژی 3ـی کانوونی یەکەم، لە نزیک کەرکووک،  هێزی هاوپەیمانان لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردە سەر پێنج چەکدار کە ئامادەکارییان دەکرد بە درۆن هێرش بکەنە سەر هێزی هاوپەیمانان، لە ئەنجامدا پێنج چەکدارەکان کوژران و درۆنەکەشیان تێکشکێندرا." فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ئەوەشی ئاشکرا کردووە، "بەر لە هێرشەکە، هێزە ئەمنییەکانی عێراقیان لە هێرشەکە ئاگادار کردووەتەوە." هاوکات شەوی رابردووش گرووپە چەكدارەكانی عێراق  ئاماژەیان بەوە كرد، پێنج چەكداریان لە بۆردوومانێكی ئەمریكیدا لەسنووری كەركووك كوژراون.  گروپە چەكدارەكانی عێراق بەرپرسیارێتی هێرشەكانیان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ١٧ی ئۆكتۆبەری ڕابردووەوە ڕاگەیاند، ئەمەش لە كاردانەوەی پشتیوانی واشنتۆن بۆ ئیسرائیل لە بۆردومانی غەززە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ هاوڵاتییەك لە شارۆچكەی بەردەڕەش خۆی سوتاند، دوای ئەوە لە باڵەخانەی خانووەكەیان خۆی هەڵدایە خوارەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەست دا و پاش ڕووداوەکە دەرکەوت ئەو کەسە ناوى یاسر نایب مستەفایە و مامۆستاى وانەبێژ بووە و هاوڕێیەکی دەڵێت قەرزار بووە. بەپێی گێڕانەوەی ئەو کەسانەی نزیکی رووداوەکە بوون، نزیك کاتژمێر ٨:٣٠ بەیانی ئەمڕۆ مامۆستا یاسری ٢٧ ساڵان کە پیشەی مامۆستای وانەبێژە لە شارۆچكەی بەردەڕەش خۆی سوتاند، دوای ئەوە لە باڵەخانەی خانووەكەیان خۆی هەڵدایە خوارەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەست دا . هاوڕێیەکی مامۆستا یاسرکە لە هەمان خوێندنگە مامۆستا بوون بە  هاوڵاتی وت: مامۆستا یاسر کەسێکی زۆر لەسەرخۆ و رێک وپێک بوو، هەروەها کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێکی نەبووە بەپێچەوانەوە کەسێکی خۆشەویست بۆ لای خوێندنکاران و مامۆستایان" . وتیشی،" مامۆستا یاسر وانەی هونەری دەوتەوە و هەفتانە 24 بەشە وانەی هەبوو،هاوکات زۆر چالاک و زیرەک بوو، رۆژێک لە رۆژان نەمبینیوە کێشەیەکی هەبێت" هەروەها بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست هاوڵاتی کەوتووە،ئەو مامۆستایە هاوسەرگیری کردوە و دوومنداڵی هەیە،کە یەکێکیان کۆرپەیەوە وئەوەی دیکەیان تەمەنی لە نێوان 3 بۆ 4 ساڵدایە.   تا ئێستا هۆکاری خۆ سوتاندنی ئەو مامۆستایە دیارنیە و بە شێوەیەکی فەڕمی لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبوون و ڕانەگەیندراوە لەمبارەیەوە. پەیامنێری هاوڵاتی تەلەفونی بۆ باوکی ئەو وانەبێژە کرد بەڵام وەڵامی نەدایەوە. لەم پەیوەندەدا دلشاد سەلام،هاورێ و دراوسێی خێزانی ئەو مامۆستایە بە هاوڵاتی  وت: " ئەو مامۆستایە  قەرزاربووە".  دەشڵێت باوکی لەسەر گۆڕستان لە کاتی ناشتنیدا گوتویەتی " هەرکەسێک قەرزاری کورەکەم بێت با سەرەدانم بکات تا پارەکەی بۆ بگێرمەوە".  ئەو مامۆستایە لە قوتابخانەی سەنگەری بنەڕەتی لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش زیاتر لە شەش ساڵە وانەبێژە هەروەها هیچ کێشەیەکی لەگەڵ چواردەوری خۆی نەبووە هاوکات تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە بە نادیاری ماوەتەوە و لایەنی ئەمنی هیچ لێدوان و روونکردنەوەیەکیان لەوبارەیەوە رانەگەیاندووە.

هاوڵاتی تەندروستی غەززە دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی لەو ناوچەیەی فەلەستین لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی ئیسرائیل کوژراون گەیشتووەتە 15 هەزار 899 کەس و ئیسرائیلیش دەڵێت جەنگ بۆ زیاتر لە دوومانگی دیکە درێژە دەکێشێت. یۆهاڤ گلاند وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل له‌ دیدارێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یانتد، هێزه‌كانی ئیسرائیل له‌ هێرشه‌كانیان بۆسه‌ر ناوچه‌كانی شوجاعیه‌ و جبالیا به‌رده‌وام ده‌بن، لیوای گوڵانیش ئه‌و ناوچانه‌ به‌جێناهێڵێت،هاوکات  سه‌باره‌ت به‌ واده‌ی به‌رده‌وامیدان به‌ هێرشه‌كان، وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل وتی، "ره‌نگه‌ دو مانگی دیكه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانمان له‌ غه‌ززه‌ به‌رده‌وام بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ناوبردنی ژێرخانی تیرۆرستانه‌ بۆئه‌وه‌ی هێرشه‌كانی 7ی (تشرینی یه‌كه‌م/10) دوباره‌ نه‌بنه‌وه‌". لەم پەیوەندەدا تەندروستی غەززە لە راگەیێندراوێکدا دوایین ئامارەکانی کوژراو و بریندارانی غەززەی بڵاوکردەوە و وتی، ژمارەی ئەو کەسانەی کوژراون گەیشتووەتە 15 هەزار و 899 کەس و 70٪ـی ئەوانیش ژن و منداڵن.  ئاماژە یبەوەشکرد، هەر لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی ئیسرائیل 42 هەزار کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین برینداربوون.  هاوکات بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 1.7 ملیۆن کەسیش لە نێو غەززە ئاوارە بوون کە دەکاتە زیاتر لە سێ چارەکی دانیشتووانەکەی و لەو ژمارەیەش 800 هەزاریان لە 154 شێڵتەر و کامپی سەرپەرشتیکراو لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نیشتەجێکراون. هەر ئەمڕۆش وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا هۆشداریدا لەوەی دۆخی غەززە بەرەو خراپتر دەڕوات و وتی، "باری مرۆیی غەززە بەرەو خراپتر دەڕوات".

هاوڵاتی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردووە، ئەمڕۆ چوار هێرش کراوەتە سەر سێ کەشتیە بازرگانیەکەی باشووری دەریای سوور. ئەمڕۆ دووشەممە(4-ی کانوونی یەکەمی 2023)، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای کرد، چوار جار هێرشکراوەتە سەر سێ کەشتیی بازرگانیی باشووری دەریای سوور کە 14 وڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەم هێرشانە زیانی “سووک”یان بە یەکێک لە کەشتییەکان گەیاندووە و لە راگەێنراوی سوپای ئەمریکادا هاتووە، کە کەشتیی تێکشکێنەری “ئارلی بیرک یو ئێس ئێس کارنی” وەڵامی سەرجەم ئەو هێرشانەی داوەتەوە و ئەو مووشەکانەی لەلایەن حوسییەکانەوە ئاراستە کراون، خستۆتە خوارەوە. درەنگانی ئێوارەی دوێنێ، گروپی حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، کەشتییەکانی “یونیتی ئێکلۆڤەر” و “نەمبەر ناین”یان لە دەریای سووردا ، بە مووشەکێکی دەریایی و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەریایی کردۆتە ئامانج، لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە ئەو دوو کەشتییە “ئیسرائیلین”. لەم بارەیەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کەشتیی یۆنتی ئێکسپلۆرەر، کەشتیەکی بارهەڵگرە و ئاڵای(جزر ئەلبهاما)ی بەرزکردۆتەوە کە بەریتانیا خاوەندارێتی دەکات و دەریاوانانی دوو وڵات کاری لەسەر دەکەن، کەشتیی کارنی لە دەریای سووردا لە ئەرکدا بووە کاتێک هێرشکراوەتە سەر کەشتیی یۆنتی ئێکسپلۆرەر. هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن، نزیکەی کاتژمێر 12 ی نیوەڕۆ، کەشتیی کارنی کە لەنێو ئاوی نێودەوڵەتی بووە، هەستی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە کە لە ناوچەکانی حوسیەکانی سەر بە یەمەنەوە هەڵدراون، بەڵام توانیویانە فڕۆکەکە بخەنە خوارەوە، هەر بە پێی زانیاریەکانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی حوسیەکان بەرەو کەشتیی کارنی نێردراوە لەگەڵ ئەوەی فڕۆکەکە هیچ ئامانجێکی دیار نەبووە، بۆیە هیچ زیانێک بەر کەشتیەکە و تیمی دەریاوانی کەشتیەکە نەکەوتووە. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، کاتژمێر 12:35 خولەکی نیوەڕۆ، کەشتیی یۆنتی ئێکسپلۆرەر بە فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەلایەن حوسیەکانەوە لێیدراوە، بەڵام کەشتیی کارنی وەڵامی داوای بە هاناوەچوونی کەشتیەکەی وەرگرتووە و هەر لەو کاتەدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خستۆتە خوارەوە. کاتژمێر3:30 ی پاش نیوەڕۆ، کەشتیی(ئێم ڤی سۆڤی9)، بە مووشەک هێرشی کرایە سەر و، کاتژمێر 4:30 ی پاش نیوەڕۆش، کەشتیی ( ئێم ڤی سۆڤی 2) داوای هاواکاریکرد پاش ئەوەی بە مووشەکێک هێرشی کراوەتە سەر کە تیمی دەریاوانی هەشت وڵات کاری لەسەر دەکەن، کەشتیی کارنی وەڵامی خێرای داوای هاوکاریەکانی دایەوە و فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی کە بەرەو کەشتیەکە دەهات، خستە خوارەوە. ئەمریکا دەڵێت ئەم هێرشانە “بە تەواوی لەلایەن ئێرانەوە سەرپەرشتی کراون”، و “مەترسی راستەوخۆ” بۆ سەر بازرگانی نێودەوڵەتی و ئاسایشی دەریایی پێکدەهێنن و ژیانی تیمە نێودەوڵەتییەکانی نوێنەرایەتی وڵاتانی جیهانیان خستۆتە مەترسییەوە. راشیانگەیاند کە ئەمریکا بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ هاوپەیمانەکانی و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان شێوازەکانی وەڵامدانەوەی گونجاو لەبەرچاو دەگرن.

هاوڵاتی نوێنەری وانەبێژان ڕایگەیاند، هەوڵێک هەیە ئەو مامۆستایانەی لەسنوری پارێزگای سلێمانی کە هەشت بەشە وانەیان هەیە، شایستە داراییەکانیان لێ ببردرێت و بەرێبکرێن بۆ ماڵەوە. عەلی رەئوف، نوێنەری وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی  وت: "قسەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و پەروەردە ، بەرێوەبەری گەنجینەی سلێمانی ، بەرێوەبەری بەنکی بازرگانی سلێمانی کرد ووتمان نابێت جیاوازی لەنێوان وانەبێژان بکرێت و وانەبێژانی دهۆک و هەولێر کە هەشت بەشە وانەیان هەیە شایستە داراییەکانی خۆیان وەردەگرن، لایەنە پەیوەندیدارکان بەنیازن بەمشێوەیە سزای وانەبێژان بدەن،" وتیشی، "دڵنیایی تەواو دەدەینە ئەو وانەبێژانەی هەشت  بەشەوانەیان هەیە لە سنووری سلێمانی شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکرێت" سەبارەت بە مووچەی مانگی نۆی مامۆستایانی وانەبێژیش عەلی رەئوف دەڵێت :" لەسنوری پەروەردەی سلێمانی تەنها پەروەردەی دۆکان شایستە داراییەکانی وانەبێژان بۆ مانگی 9دابەشکردوە". لە 13ی ئەیلوولەوە دەوامی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە، بەڵام مامۆستایان لە پەروەدەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە؛ ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە و بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندن داوای جێبەجێکردنی کۆمەڵێک داواکاری دەکەن. داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە؛ پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان. لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە

هاوڵاتی محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رێکبخرێت و لەکاتی خۆیدا بدرێت. نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سودانی لەگەڵ سەڵاحەدین بەھادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی و وەفدێکی یاوەری کۆبووەتەوە و لە کۆبونەوەکەدا ھەوڵەکانی حکومەت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە ھاوڵاتیان لە سەرجەم پارێزگاکان تاوتوێکران.  سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوە کردووە، "حکومەت پەرۆشە بۆ باشترکردنی باری گوزەرانی ھاوڵاتیان لە ھەرێمی کوردستان و رێکخستنی پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێم، ھاوشێوەی ھاوڵاتیانی دیکە لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق، ئەو رێککەوتنانەی لەوبارەیەوە کراون پێویستی بە پابەندبوون ھەیە."  هاوکات نوسینگەی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو لەسەر کۆبوونەکەدا رایگەیاندووە، سەڵاحەدین بەهادین لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سودانی "بارودۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و ناوچەکەیان تاووتوێ کرد و زۆر وەستان لەسەر پرسەكانی پەیوەست بە خەڵكی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی بابەتی موچە و شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێم و دابینكردنی موچەكانیان بەشێوەیەكی هەمیشەیی لە بەغدا پرسێكی سەرەكی دیدارەكە بوو."

هاوڵاتی  بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کاریگەری دەبێت لەسەر یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، دەشڵێت، "ھیچ بیانوویەک نەماوە بۆ دواخستنی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە." ئەمرۆ دووشەممە 4ی کانونی یەکەمی 2023 بابەکر زێباری بە میدیای فەرمی پارتی راگەیاندووە، "پێموایە پارتی و یەکێتی ئەگەر ھاوکاریی وەزیری پێشمەرگە بکەن، ھەنگاوێکی باش دەنێن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان." رۆژی دووشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2023 شۆڕش ئیسماعیل دوای زیاتر لە ساڵێک گەڕایەوە بۆ پۆستەکەی وەک وەزیری پێشمەرگە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لەسەر داواکاری کۆمەڵێک خەمخۆر و لە ناوەو و دەرەوەی وڵات لەپێناو چاکەی گشتی و تێیەراندنی ئەم دۆخە و هەبوونی مەترسی جدی ئەمڕۆ کارەکانمان درێژە پیدەدەین." لەسەر گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل وەکو وەزیری پێشمەرگە، بابەکر زێباری دەڵێت، "بە بۆچوونی من ھاوکاری وەزیری پێشمەرگە زۆرە بۆ پرۆسەی چاکسازی و دڵنیام دەستبەکاربوونەوەی شۆڕش ئیسماعیل، کاریگەریی خۆی لەسەر یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە دەبێت." راوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتیشی، "وەزیری پێشمەرگە دەیویست چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا بکات و پاڵنەر بووە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی.دوای دەستبەکاربوونەوەی وەزیری پێشمەرگە، ھیچ بیانوویەک نەماوە بۆ دواخستنی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، چونکە وەزیر و بریکار و سەرۆک ئەرکانی پێشمەرگە ھەموویان ئامادەن."

پێش نیوەرۆی ئەمرۆ لە ناوەندی قەزای بەردەڕەش مامۆستایەکی وانەبێژ بەناوی یاسر نایف مستەفا، ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا. سەرچاوەیەکی نزیک لە روداوەکە کە نەیویست ئاماژە بەناوەکەی بکرێت بە هاوڵاتی راگەیاند، "روداوەکە پێش نیوەرۆی ئەمرۆ لەسەنتەری قەزا روویداوە، ئەو مامۆستایە وانەبێژ بوو لەخوێندنگای سەنگەر و هیچ کێشەی نەبوو، تا ئێستا دیارنییە لەبەرچی ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە." هاوکات عەلی رەئوف، نوێنەری گشتی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان تەنیا هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و بە هاوڵاتی وت، "بەڵی راستە ئەو مامۆستایە گیانی لەدەستداوە، بەڵام هۆکارەکان دیارنین، لیژنە دروستکراوە بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە." وێنەی یاسر نایف مستەفا: