وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: بەڵگەمان نییە بیسەلمێنێت ئیسرائیل بە ئەنقەست خەڵکی مەدەنی لە غەززە دەکوژێت

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند هیچ بەڵگەیەکیان لانییە بیسەلمێنیت ئیسرائیل بەئەنقەست کەسانی مەدەنی لە غەززە دەکوژێت، دەشڵێت، هێشتا زووە بڕیار بدەن لەسەر ئەوەی ئاخۆ ئیسرائیل هەوڵی تەواوەتی دەدات بۆ پاراستنی مەدەنی.

لە رۆژی هەینییەوە کە ئاگربەست کۆتایی هاتووە نزیکەی 900 کەس لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون و چەندین جار بەرپرسانی ئەمریکا داوایان لە ئیسرائیل کردووە کە قوربانی مەدەنی لە هێرشەکانیدا کەم بکاتەوە. تا ئێستا لەماوەی نزیکەی دوو مانگی جەنگدا زیاتر لە 15 هەزار کەس لە غەززە کوژراون.

ماتیو میڵەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەسەر هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوەی قوربانی مەدەنی لە هێرشەکانیدا رایگەیاند، "هێشتا زۆر زووە کە هەڵسەنگاندێکی یەکلاکەرەوە بکەین، ئیسرائیل داوای لە ملیۆنەها خەڵک کردووە کە ناوچەیەکی تایبەتی چۆڵ بکەن و رێنمایی تایبەتی دەرکردووە بۆ خەڵکی مەدەنی کە بگوازنەوە نەک تەواوی شارێک چۆڵی بکەن، بۆیە ئەمەش بەرەوپێشچوونە و لە پێش ئەوەی رویداوە باشترە."

میڵەر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، واشنتن هیچ بەڵگەیەکی بەردەست نەکەوتووە کە بیسەلمێنیت ئیسرائیل بە ئەنقەست مەدەنی دەکوژێت، بەڵام وتیشی کە ئەوان چاوەڕێی مردنی خەڵکی مەدەنیش دەکەن چونکە "بەداخەوە ئەوە بۆ هەموو جەنگێک راستە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار