ئێران ڕەتی دەکاتەوە دەستی هەبێت لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمریکا

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بە ناردنی نامەیەکی فەرمی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیویەتی:" ئێران دەستی نەبووە لە هیچ هێرشێکدا بۆ سەر هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا".

بە پێی راپۆرتی میدیاکانی حکومەتی ئێران کە ئەمڕۆ سێ شەممە ٥ی کانوونی یەکەم بڵاو کراوەتەوە، ئیرەوانی لە نامەکەیدا ئاماژەی بە وتەکانی نوینەری هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش داوە کە رۆژی ٢٨ی کانوونی دووهەم ئێرانی بەوە تاوانبارکرد کە دەستی هەیە لەو هێرشانەدا.

لیندا تۆماس گرینفێڵد، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا، هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی لە سووریا و عێراق بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانە سەرکۆنە کرد و ئێرانی بە بەرپرس زانی لەم هێرشانەدا.

لەگەڵ دەستپێکی جەنگی غەزە، هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سووریا و عێراق و یەمەن و لوبنان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە زیاتر بووە.

رۆژنامەی واشنگتۆن پۆست رۆژی دووشەممە ٤ی کانوونی یەکەم بە پشت بەستن بەو بەڵگانەی لە لایەن وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە بڵاو کراوەتەوە، باسی لەوە کردووە بنکەکانی ئەمریکا لە ١٧ی تشرینی یەکەمەوە لانیکەم ٧٦ جار لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کراوەتە ئامانج.

لە ئێستادا نوێنەری هەمیشەیی کۆمار ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناردنی نامەیەک بۆ ئەنجومەنی ئاسایش باسی لەوە کردوە :" کۆماری ئیسلامی هیچ دەور و نەخشێکی نەبووە لە هەموو ئەو هێرشانەدا".

هاوکات لە نوێترین رووداودا، ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکام) رایگەیاند، حووسیەکان کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێن، رۆژی یەکشەممە هێرشیان کردۆتە سەر سێ کەشتی بازرگانی لە ئاوەکانی دەریای سوور و لە لایەن کەشتییەکی سەربازی ئەمریکییەوە وەڵام دراونەتەوە. سێنتکام لە راگەیاندنێکدا رۆژی دووشەممە ٤ی کانوونی یەکەم، نووسی:" هەرچەند دڵنیایە ئەم هێرشانە لە لایەن حووسییەکانەوە ئەنجام دراوە، بەڵام ئەم گرووپە بە تەواوەتی لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێن و بە بێ پشتیوانی ئیرانییەکان حووسیەکان ناتوانن ئەم هێرشانە بکەن."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار