نوێنەری وانەبێژان بۆ هاوڵاتی: قبوڵ ناکەین مووچەی هیچ وانەبێژێک ببڕدرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نوێنەری وانەبێژان ڕایگەیاند، هەوڵێک هەیە ئەو مامۆستایانەی لەسنوری پارێزگای سلێمانی کە هەشت بەشە وانەیان هەیە، شایستە داراییەکانیان لێ ببردرێت و بەرێبکرێن بۆ ماڵەوە.
عەلی رەئوف، نوێنەری وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی وت: "قسەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و پەروەردە ، بەرێوەبەری گەنجینەی سلێمانی ، بەرێوەبەری بەنکی بازرگانی سلێمانی کرد ووتمان نابێت جیاوازی لەنێوان وانەبێژان بکرێت و وانەبێژانی دهۆک و هەولێر کە هەشت بەشە وانەیان هەیە شایستە داراییەکانی خۆیان وەردەگرن، لایەنە پەیوەندیدارکان بەنیازن بەمشێوەیە سزای وانەبێژان بدەن،"
وتیشی، "دڵنیایی تەواو دەدەینە ئەو وانەبێژانەی هەشت بەشەوانەیان هەیە لە سنووری سلێمانی شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکرێت"
سەبارەت بە مووچەی مانگی نۆی مامۆستایانی وانەبێژیش عەلی رەئوف دەڵێت :" لەسنوری پەروەردەی سلێمانی تەنها پەروەردەی دۆکان شایستە داراییەکانی وانەبێژان بۆ مانگی 9دابەشکردوە".
لە 13ی ئەیلوولەوە دەوامی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە، بەڵام مامۆستایان لە پەروەدەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە؛ ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە و بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندن داوای جێبەجێکردنی کۆمەڵێک داواکاری دەکەن.
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە؛ پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە
