ئەمریكا بەنیازە سزا بەسەر توندڕەوە جولەكەكاندا بسەپێنێت
12 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرایكردووە، ئەمریكا ئامادەیە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو كەسانەی ئاسانكاری دەكەن بەپێدانی ڤیزای وڵاتەكەی بۆ ئەو توندڕەوە جولەكانەی تێوەگلاون لەتوندوتیژی دژ بە فەلەستینیەكان لەكەناری خۆرئاوای فەلەستین.
سەرچاوەیەكی باڵای دیپلۆماسی ئەمریكا ئاشكرایكردووە ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو لەمیانی دیداری لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ئەو هۆشدارییەی گەیاندووە.
وەك ئەو سەرچاوە ئەمریكییە دەڵێت: بلینكن وتوویەتی ڕەنگە هەفتەی داهاتوو ئەو سزایانە ڕابگەیەنێت كە هەركەسێك دەگرێتەوە كە هاوكاری توندڕەوە جولەكەكانی كردووە لەپێدانی ڤیزای ئەمریكا، ئەگەر تێوەگلابن لەتوندوتیژی دژ بە فەلەستینیەكان.
بەڵام سەرچاوە ئەمریكیەكە ئەو كەسانەی دیارینەكردووە كە ئەگەر ئەمریكا سزاكە ڕابگەیەنێت سزاكان دەیانگرێتەوە، لەوانەش چەند بەرپرسێكی ئیسرائیلی كە لەلایەن بەشێك لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و فەلەستینیەكان بەبەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە فەلەستینیەكان تۆمەتبار دەكرێن.
دوێنێ پێنج شەممە ئەنتۆنی بلینكن هۆشداری دایە ئیسرائیل كە توندڕەوە جولەكەكان بەكارنەهێنێت بۆ دژایەتی كردنی خەڵكی كەرتی ڕۆژئاوای فەلەستین، لەكاتێكدا توندوتیژی نێوان فەلەستینیەكان و ئیسرائیلیەكان لەكاتی سەرهەڵدانی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە حەوتی ئۆكتۆبەرەوە زیادیكردووە.
پێشتریش ئەمریكا سەركۆنەی ئەو كردەوە توندوتیژیانەی كرد كە لەلایەن توندڕەوە ئیسرائیلیەكانەوە دژ بە هاوڵاتیانی فەلەستینی ئەنجام دەدرێت، داواشی كرد سنورێك بۆ ئەو كردەوانە دابنرێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەوبارەیەوە لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا پێنج شەممەی ڕابردوو وتی:"چاوەڕێ دەكەین حكومەتی ئیسرائیل پلانی هەبێت بۆ ڕێگریكردن لەو توندوتیژیانە"، بەڵام لەهەمانكاتدا وتیشی "خۆمان بەدوای پلانی جێگرەوە دەگەڕێین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو توندوتیژیانە.