سەرۆک ئەرکانی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی عێراق دەکات
12 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە سەرۆک ئەرکانی سوپای پاسدارانی ئێران لەگەڵ شاندێکی باڵای سەربازی سەردانی عێراق دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سیاسی وڵاتەکە کۆدەبێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم دەڵێت، محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی سوپای پاسدارانی ئێران سەرکردایەتی شاندێکی باڵای سەربازی دەکات کە بەنیازن سەردانی عێراق بکەن، بەڵام ئاژانسەکە کاتی سەردانەکەی بڵاونەکردووەتەوە.
هەروەها باس لەوەش کراوە کە سەردانەکە لەسەر داواکاری سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق بووە و ئەجێندای سەردانەکە بریتییە لە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازی عێراق سەبارەت بە هەماهەنگی هەرێمی و دوولایەنە. سەرۆک ئەرکانی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی دامەزراوە سەربازی و بەرگرییەکانی عێراقیش دەکات.
لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەر، بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئێران سەردانەکانیان بۆ وڵاتە دراوسێ و هاوپەیمانەکانیان زیادیکردووە.