خامنەیی لەهەڕەشەیەكی پێشووی بۆ سەر ئیسرائیل پەشیمان دەبێتەوە
12 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەكاتێكدا گروپەكانی نزیك لەئێران بەردەوامن لەهەڕەشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل، ئەویش لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەكدارانی حەماس لەغەززە، عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەهەڕەشەیەكی پێشووی بەرامبەر ئیسرائیل پەشیمان دەبێتەوە.
خامنەیی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نوسیویەتی: هەندێك كەس لەجیهان درۆیان بەدەم ئێرانەوە كردووە گوایە ئێمە وتوومانە( پێویستە ئیسرائیل و جولەكە بخەینە دەریاوە) نەخێر هەرگیز ئەوەمان نەوتووە، بەڵكو وتوومانە ئەوە دەنگی خەڵكە چارەنوس دیاری دەكات، ئەو حكومەتەی بەدەنگی گەلی فەلەستین هەڵدەبژێردرێت بڕیاردەدات ئەوانەی لەدەوڵەتانی ترەوە هاتوون دەمێننەوە یاخود دەڕۆن.
هەفتەی ڕابردوو سێ بەرپرسی باڵای ئێران ئاشكرایانكردبوو عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران نامەیەكی ڕاشكاوانەی ئاڕاستەی ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس كردووە كاتێك لەنۆڤەمبەری ڕابردوو لەتاران چاوی پێی كەوتووە، پێی وتووە:"حەماس پێشتر ئێرانی ئاگادارنەكردووەتەوە لەهێرشەكەوی حەوتی ئۆكتۆبەر بۆسەر ئیسرائیل، بۆیە ئێران بەنوێنەرایەتی حەماس ناچێتە شەڕەوە".