کەشتییەکی تری ئیسرائیلی لە یەمەن دەستی بەسەردا گیرا

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

کەشتییەکی تری ئیسرائیلی لە کەنداوێکی یەمەن دەستی بەسەرداگیرا و هێشتا هیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارییەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە. 

ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی رایگەیاند کەشتی سێنتراڵ پارک لە کەنداوی عەدەن لە یەمەن دەستی بەسەرداگیراوە کە لەلایەن کۆمپانیای زۆدیاک ماریتایمەوە بەرێوەدەبرێت.

بەپێی زانیاری ئاژانسەکە، کۆمپانیای زۆدیاک ماریتایم لەلایەن ئیال ئۆفەر، ملیاردرێرێکی ئیسرائیلییەوە خاوەندارییەتی دەکرێت.

لە راگەیاندراوێکدا کۆمپانیاکە دەڵێت، "کاری لەپیشینەمان سەلامەتی ئەو 22 کارمەندەیە کە لە کەشتییەکەدا بوون و کاپتنەکەی تورکییە و کارمەندەکانی تریش خەڵکی چەند وڵاتێکی ترن، لەوانە رووسی، ڤێتنامی، بولگاری، هندی، جۆرجی و هەروەها فلیپینی."

ئەو ناوچەیەی تێیدا کەشتییەکە دەستی بەسەرداگیراوە لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەندا نییە و لەژیر کۆنترۆڵی حکومەتی یەمەندایە کە لەلایەن سعودییەوە پشتگیری دەکرێت. تا ئیستا هیچ لایەنێک دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە. 

ئەمە سێیەم کەشتییە لەکاتی سەرهەڵدانی جەنگی حەماس و ئیسرائیلەوە لە یەمەن دەستی بەسەردا دەگیرێت و هەفتەی رابردوو حوسییەکانی یەمەن دەستیان بەسەر کەشتی گالاکسی لیدەردا گرت و تا ئیستاش کەشتییەکە ئازاد نەکراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار