"بە چەکی قورس" هێرش کرایە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

گروپی مقاوەمەی ئیسلامی رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و لەگەڵ سەربازانی ئەمریکی رووبەرووبونەتەوە و لە ئەنجامیشدا کەسێکیان لیکوژراوە و "ژمارەیەک سەربازی ئەمریکیش کوژراون."

مقاوەمەی ئیسلامی یەکێکە لەو گروپانەی کە لەدوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە چەندین جار هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و بنکەی سەربازی ئەمریکییەکان لە فرۆکەخانەی هەریر لە هەرێمی کوردستان.

لە راگەیاندراوێکدا گروپەکە دەڵێت، رووبەرووبونەوەی نزیک لەگەڵ سەربازانی ئەمریکی لە بنکەی عەین ئەسەد روویداوە و بە چەکی ئاڕ پی جی هێرشیان کردووەتەسەر قولـلەکانی بنکە سەبازییەکە و لەئەنجامی رووبەرووبونەوەکەدا کەسێکیان لێکوژراوە و چەند سەربازێکی ئەمریکیشیان "کوشتووە."

گروپەکە دەشڵێت، چەندین گوللـە هاوەن و چەکی سووک و قورسیان لە هێرشەکەدا بەکارهێناوە.

تا ئێستا حکومەتی عێراق و ئەمریکا هێرشەکەیان پشتڕاستنەکردووەتەوە بەڵام وێبسایتی شەفەق نیوزی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی هێرشەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت،رووبەرووبونەوەی چەکداری لەنێوان سەربازانی ناو بنکەکە و ژمارەیەکی نەزانراوی چەکدار رویداوە.

بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی گروپەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا، ئەمریکا چەند جارێک بە فڕۆکەی جەنگی ئەو گروپانەی بە ئامانج گرتووە و دواین هێرشیشی لە رۆژی چوارشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2023 بوو کە چەند بارەگایەکی سەربازی حەشدی شەعبی بە ئامانج گرت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار