لە یەکەم ڕۆژی ئاگربەستدا ئیسرائیل و غەززە 64 بارمتەیان ئاڵوگۆر کرد

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بزوتنەوەی حەماس 24 بارمتەیان ئازادکرد و لە ناویاندا 10 کرێکاری تایلەندی تێدایە، لە بەرامبەردا ئیسرائیل 39 بارمتەی فەڵەستینی ئازادکرد، ئازادکردنی 10 کرێکارە تایلەندییەکەش بە رێککەوتنێکی جیاواز کراوە.

لە چوارچێوەی ئاگربەستی چوار رۆژەی نێوانیان، ئەمڕۆ حەماس 13 ژن و منداڵی بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کرد. لە بەرامبەردا، ئیسرائیلیش 39 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد کرد.

بارمتەکان لە لایەن حەماسەوە رادەستی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی کران بۆ ئەوەی لە دەروازەی رەفەحی نێوان غەززە و میسرەوە بگوازرێنەوە بۆ دەروازەی عەوجەی نێوان میسر و ئیسرائیل و لەوێوە بە هێلیکۆپتەر بگوازرێنەوە نەخۆشخانەی شەمیر لە تەلئەڤیڤ.

39 بەندکراوەکانی فەلەستینیش لە کەرتی خۆرئاواوە ئیسرائیل ئازادی کردن.

هاوکات، ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، لەو 24 بارمتە ئازادکراوە، 13یان ئیسرائیلین، 10یان تایلاندین و یەکێکیان فلیپینیە.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئازادکردنی کرێکارە تایلەندییەکان بە رێککەوتنی جیاواز لە نێوان بزوتنەوەی حەماس و قەتەر و میسر کراوە.

هاوکات، دەروازەی رەفەح بە رووی بارهەڵگری یارمەتیی مرۆییدا کرایەوە و چاوەڕێ دەکرێت هەر ئەمڕۆ 200 بارهەڵگر بچنە نێو غەززە.

ئەمەشلەکاتێکدایە هه‌ر ئه‌مڕۆ یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "شەڕ بۆ ماوەیەکی کورت دەوەستێت و دواتر بە هەموو هێزی سەربازیمانەوە دەست بە ئۆپەراسیۆن دەکەینەوە." وتیشی، "تا ئامانجەکانمان بەدەستنەهێنین، ناوەستین."

ەپێی دوایین ئامارەکان، لە سەرەتای جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە تا ئێستا 14 هەزار و 854 کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە کە زیاتر لە شەش هەزار و 150 کەسیان منداڵن و نزیکەی چوار هەزاریشیان ژنن.

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار