مەسرور بارزانی: 30 ساڵە داوای چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەڵەتستین و ئیسرائیلییەکان دەکرێت و کوردیش داوای هەمان مافی کرد بەڵام پشتگوێخرا

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند پەرەسەندنە نوێیەکانی عێراق جێی "نیگەرانین" و دەریەنجامی پێشیلکردنی دەستوور و پابەند نەبوونە بە رێککەوتنەکان، دەشڵێت، "30 ساڵە داوای چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەڵەتستین و ئیسرائیلییەکان دەکرێت و کوردیش داوای هەمان مافی کرد."

ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تشرینی دووەمی 2023، مەسرور بارزانی لەمیانی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک وتارێکی لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست و عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پێشکەش کرد و وتی کە کوردیش وەک داوای مافی سەربەخۆیی کردووە بەڵام پشتگوێ خراوە. 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی لە وتارەکەیدا باسی لە دزۆی فەڵەستین کرد و رایگەیاند، "30 ساڵە چارەسەریی دوو دەوڵەت بۆ فەلەستین و ئیسرائیلیەکان وەک پێویستی و مۆدێلێک دەبینرێت. کوردیش بەهەمان شێوە داوای هەمان ماف و شکۆمەندییان کرد، بەڵام هێشتا دۆزی ئێمە پشتگوێ خراوە."

مەسرور بارزانی باسیشی لەوە کرد کە چەندین ساڵە دۆزی کورد پشتگوێ دەخرێت و وتی، "چۆن پشتگیرییەکی زۆر لە دۆزی کەسێک دەکەیت و لەبەرامبەر دۆزی ئەوانی دیکەدا، خۆت بێدەنگ دەکەیت؟ ئێستا کاتی ئەوەیە کاری باشتر بکەین. کێشە چارەسەر نەکراوەکان پێویستیان بە وەڵامی بوێرانەیە. ئێستا کە جیهان بەدوای چارەسەرێکی هەمیشەییدا دەگەڕێت بۆ دۆزی فەلەستین، منیش داوای ڕێگەیەکی نوێ دەکەم، بۆئەوەی بزانین ئێمەی کوردستانی، چۆن بتوانین لەگەڵ دراوسێکانمان بەیەکەوە بژین."

هاوکات سەبارەت بە دۆخی عێراق سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لەوە کرد، "پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراقیش جێگەی نیگەرانین. بەردەوامی پێشێلکردنی دەستووری عێراق، و پابەندنەبوون بەو ڕێککەوتنەی پێکهێنانی ئەم حکومەتەی ئێستای لێکەوتەوە، مەترسی ناسەقامگیری و دووبارە سەرهەڵدانەوەی تایفەگەری و دابەشبوون لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکان لێ دەکەوێتەوە."

مەسرور بارزانی هۆشداریشیدا کە "ئەگەر بڕیارە تاکلایەنەکان بەردەوامبن و دامەزراوەکانی حکومەت لەلایەن یەک گرووپەوە کۆنترۆڵ بکرێن، هەستی نادادپەروەری قووڵتر دەبێتەوە. بەرهەمی ئەم فاکتەرانەش: گەندەڵی و نادادپەروەری و هەژراییە و ئەمانەش هۆکارن بۆ ئەوەی ناسەقامگیری دروست ببێت و توندڕەویش لەم هەلومەرجانەدا سەرهەڵدەداتەوە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار