هاوڵاتی وتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییەی راگەیاند کە خۆی دەڵێت، ئیسرائیلییە هەرچەندە ئیسرائیل نکوڵی لێدەکات. وتەبێژی حوسییەکان وتیشی بەردەوام دەبن لە بەئامانج گرتنی هەر کەشتییەک کە ئیسرائیل خاوەندارییەتی بکات. ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2023، میدیاکانی نزیک لە حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند حوسییەکان دەستیان بەسەر کەشتییەکی ئیسرائیلیدا گرتووە بەناوی گالاکسی لیدەر لە دەریای سوور. پێشتر ئۆفیسی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند 25 کەس لە ناو کەشتییەکەدا بوونیان هەبووە کە خەڵکی جیاوازی چەند وڵاتێکن لەوانە، بولگاری، فلیپینی، مەکسیکی و ئۆکرانی، بەڵام هیچ ئیسرائیلییەکی تێدا نییە. لە راگەیاندراوەکەی ئۆفیسی سەرۆکوزیرانی ئیسرائیل هاتووە کە کەشتییەکە هی ئیسرائیل نییە بەڵکو بەریتانییە و لەلایەن تیمێکی یابانییەوە بەڕێوە دەبرێت. ئۆفیسی ناتانیاهۆ ئیدانەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی کرد و رایگەیاند "کردەیەکی تیرۆری" ئێرانە کە گوزارشتە لە "زیادبوونی کردەی شەڕەنگێزی ئێران دژی هاوڵاتییانی جیهانی ئازاد." یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە کرد کە ئەو کەشتییەی دەستیان بەسەردا گرتووە ئیسرائیلییە و هۆشداریشیدا کە هەر کەشتییک هی ئیسرائیل یان هەر لایەنێکی تر بێت کە پشتگیری لە ئیسرائیل بکات دەبێتە ئامانجی حوسییەکانی یەمەن. یەحیا سەریع وتیشی، "بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئیسرائیل هەتا تاوانە قێزەونەکانی دژی خەڵکی فەڵەستین کۆتایی پێ دەهێنێت." هاوکات لەسەر خاوەندارییەتی کەشتییەکە، ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی رایگەیاندووە بەرپرسانی ئیسرائیلی سوورن لەسەر ئەوەی کەشتییەکە خاوەندارییەتی بۆ بەریتانیا دەگەڕێتەوە و لەلایەن کۆمپانیایەکی یابانییەوە بەرێوەدەبرێت، بەڵام داتابەیسەکانی هاتوچۆی کەشتیوانی ئەوە دەردەخەن کە خاوەنی کەشتییەکە کۆمپانیای "رەی کار کاریرس"ە کە لەلایەن ئەبراهام ئونگارەوە دامەزراوە و ئەو پیاوە یەکێکە لە دەوڵەمنترین کەسەکانی ئیسرائیل.
هاوڵاتی ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند ئەو کەشتییەی لەلایەن حوسییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە هیچ هاوڵاتییەکی ئیسرائیلی تێدا نییە، بەڵام میدیایەکی ئەمریکی رایگەیاندووە کە خاوەندارییەتی کەشتییەکە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای یەکێک لە دەوڵەمەندترین کەسەکانی ئێسرائیل. ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2023، حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند دەستیان بەسەر کەشتییەکی ئیسرائیلیدا گرتووە بەناوی گالاکسی لیدەر لە دەریای سوور. ئۆفیسی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە بەبێ ئەوەی بڵێت کەشتییەکە ئیسرائیلییە و رایگەیاند 25 کەس لە ناو کەشتییەکەدا بوونیان هەبووە کە خەڵکی جیاوازی چەند وڵاتێکن لەوانە، بولگاری، فلیپینی، مەکسیکی و ئۆکرانی، بەڵام هیچ ئیسرائیلییەک تێدا نییە. ئۆفیسی ناتانیاهۆ ئیدانەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی کرد و رایگەیاند "کردەیەکی تیرۆری" ئێرانە کە گوزارشتە لە "زیادبوونی کردەی شەڕەنگێزی ئێران دژی هاوڵاتییانی جیهانی ئازاد." هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کە دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە "روداوێکی ترسناکە کە لێکەوتەی جیهانی دەبێت." لەسەر خاوەندارییەتی کەشتییەکە، ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی رایگەیاندووە بەرپرسانی ئیسرائیلی سوورن لەسەر ئەوەی کەشتییەکە خاوەندارییەتی بۆ بەریتانیا دەگەڕێتەوە و لەلایەن کۆمپانیایەکی یابانییەوە بەرێوەدەبرێت، بەڵام داتابەیسەکانی هاتوچۆی کەشتیوانی ئەوە دەردەخەن کە خاوەنی کەشتییەکە کۆمپانیای "رەی کار کاریرس"ە کە لەلایەن ئەبراهام ئونگارەوە دامەزراوە و ئەو پیاوە یەکێکە لە دەوڵەمنترین کەسەکانی ئیسرائیل.
هاوڵاتی پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند سبەی دووشەممە لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشوی فەرمییە بەهۆی رێژەی بارینی بارانی پێشبینیکراوەوە. پیشەوا هەورامانی لە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "بە ڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پارێزگارە بەڕێزەکان و ئیدارە سەربەخۆکان،بڕیاردرا سبەی بکرێتە پشوو، لەسەرجەم دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی." وتەبێژی حکومەتی هۆکاری راگەیاندی پشووی بۆ رێژەی پشبینیکراوی باران بارین گەڕاندەوە و داواش لە هاوڵاتییان دەکات "ناچاری نەبێت هاتوچۆی رێگاکانی دەرەوە نەکەن." "داواکارین لە هاونیشتیمانییانی بەڕێز پابەندی ڕێکارو ڕێنماییەییە خزمەتگوزارییەکان بن و نزیک نەبنەوە لە ڕوبارو ئەو شوێنانەی ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە لەکاتی ناچاریشدا نەبێت هاتووچۆی ڕێگاکانی دەرەوە نەکەن ،هەروەها تیمەکانی بەرگری شارستانی لە ئامادەباشیدابن بۆ هەر حاڵەتێکی فریاگوزاری"، پێشەوا هەورامانی وای وت.
هاوڵاتی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پاریزگاری سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی پیشبینی بارینی بارانێکی زۆر دەکرێت، هەموو فەرمانگەکانی سنوری پارێزگاکەی راسپاردووە کە "لەخزمەتی هاوڵاتییاندا" بن، دەشڵێت، "سبەی پشووی فەرمی دەبێت." هەڤاڵ ئەبوبەکر لە پەیامەیەکەیدا دەڵێت، "بەپێی ئەو پێشبینیی و ئاماژانەی لە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێمانگەیشتوون؛ ئەگەری بارانی زۆرو بەخوڕ هەیە، هەموو فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانیمان ڕاسپاردووە وەک هەمیشە؛ لە خزمەتی هاووڵاتیاندا دەبن." پارێزگاری سلێمانی باس لەوەش دەکات، "دەسەڵاتمان بەخشیوەتە هەموو سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگاکەمان؛ کە لە هەر دۆخێکی پێویستدا، بەپێی تایبەتمەندیی ناوچەکەیان و ئەو دۆخانەی دێنە پێشەوە، بەڕاوێژو هەماهەنگیی لەگەڵ فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی سنورەکەیاندا؛ بڕیاری پێویست لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بدەن." لە کۆتایی پەیامەکەیدا هەڤاڵ ئەبوبەکر داوا لە هاوڵاتیان دەکات هاوکاری فەرمانگە و تیمە خزمەتگوزارییەکان بن و " پابەندی ڕێنماییەکانی شارەوانیی و هاتوچۆو بەرگریی شارستانیی و لایەنە پەیوەندیدارە فەرمییەکانیتربن، پەیوەست بە سبەینێ، لەسەر ڕاوێژو بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پارێزگارەکان؛ پشووی فەرمیی دەبێت."
هاوڵاتی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە خرایە بەردەم سوودانی، وردەکارییەکانی دۆ سییەکە تاوتوێ کران. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی بڵاوی کردەوە، بەیانی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی بۆ بەدواداچوونی وەزارەتی نەوت و پرۆژەکانی نەوت، و پێشکەوتنی ڕێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و کەرتی نەوت لە عێراق تەوەری کۆبوونەوەکە بووە، جەخت لە بەرەو پێشبردنی پرۆسەکە کراوەتەوە. کورتەیەک لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان وەزارەتی نەوت لە حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجام دراون، بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکان بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، گفتوگۆی لەبارەوە کراوە. جێگای سەرنجە لە دوای مانگی نیسانی ئەمساڵ، هەناردەی نەوت لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاری کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا ڕاگیرا، ئەمەش لە پاشخانی بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس هات سەبارەت بە نادەستووری هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.
هاوڵاتی دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخرا بۆ 03-12-2023. ئهمڕۆ یهكشهممه دادگای فیدڕاڵی عێراق كۆبوهوه و بڕیاربو لهبارهی یاسای ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان بڕیاربدات، بهڵام دانیشتنهكه بۆ 3ی 12ی 2023 دوخرا. سكاڵاكه تایبهته به پێنج ماددهی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان كه ماددهی یهكهم تایبهته به ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان و دیاریکردنی 30 هەزار دەنگدەر بۆ هەر نوێنەرێک، ههروهها مادەی 22 تایبەتە بە پێکهاتەکانی تورکمان و ئاشوری و عەرەب، كه دهڵێت، هەر حزبێک لە پێکهاتەکان بۆی هەیە لیستی تایبەت بەناوی پاڵێوراوەکانی پێشکەش بکات. له یهكێكی دیكه له ماددهكاندا كه ماددەی (35)ی و چوار بڕگە لەخۆدەگرێت و پەیوەستە بە دابەشکردنی کورسیەکان و دابەشکردنی دەنگی کاندیدەکان. سکاڵاکە ژمارە 83ی فیدراڵی /2023ـی هەیە، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمار کراوە
هاوڵاتی كهمێك لهمهوبهر عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لهلایهن دادگاوهی به كهفالهتی 10 ملیۆن دینار ئازادكرا، ئهوهش دوای ئهوهی كه دوێنێ له بازگهی ئاسایشی كهڵهك دهستگیركرا. کاروخ عەبدوڵا، یەکێکی دیکە لە تیمی نوێنەری وانەبێژان بە هاوڵاتی وت" پێش نیو کاتژمێر مامۆستا عەلی رەئوف، لە بنکەی پولیسی خانەقا لە هەولێر گواسترایەوە بۆ دادگای هەولێر، لەدادگا بڕیار درا و بە کەفالەت ئازاد کرا" وتیشی،" توانرا به كهفالهتی 10 ملیۆن دینار ئازادبكهین و بهپێی ماددهی 240ی یاسای سزادانی عێراقی دۆسیهیهكی بۆ كراوهتهوه و لهسهر ئهوهیه كه ههویهكانی بهسهرچوه و له بهڕێوهبهرایهتی ئاسایش گوازرایهوه بۆ بهڕێوهبهرایهتی پۆلیسی ههولێر". دهستگیركردنی عەلی رەئوف نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لهكاتێكدایه كه پێشتر له بهیاننامهیهكدا رایگهیاندبو، خۆپیشاندانی مامۆستایان لهبهردهم ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێم له شاری ههولێر ئهنجامدهدهن و داوایكرد ههمو مامۆستایانی وانهبێژ ئامادهبن.
هاوڵاتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، لە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە، دەشڵێت، سبەی لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرما دوو تا نۆ پلە دادەبەزن. بەرێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێم نیمچە هەور دەبێت و لە دوای نیوەڕۆ کاریگەری شەپۆلێکی باران بارین لەسەر ناوچە جیا جیاکان دەستپێدەکات. ئاماژە بەوەشکراوە، سەرەتا باران بارین مامناوەند دەبێت، پاشان بارانەکە بەهێزتر دەبێت دەگۆڕێت بۆ بارانى بەلێزمە و هەورە تریشقە، لە کاتەکانى ئێوارەدا ئەو شەپۆلی باران بارینە لە سنورى پارێزگاى هەولێر و دهۆک کاریگەری زیاتر دەبێت. ئەوەشخراوەتەڕو، لە درەنگانی شەو کاریگەرى ئەم شەپۆلە دەگاتە سنورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى راپەڕین, زۆرترین ڕێژەى داباریین لەسەر پارێزگاى دهۆک دەبێت بەتایبەتى لە ناوچەکانی (شیلادزێ، ئامێدى، جەمانکى، ئاکرێ ). پێشبینییەکان بۆ خێرایی و ئاراستەی با، پلەکانی گەرما، مەودای بینین بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە: خێرایى با: مامناوەند 20 – 30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت. ئاراستەی با: باشوور و باشووری خۆرهەڵات دەبێت. پلەکانی گەرما: نزیک دەبێتەوە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. مەوداى بینین: لەنێوان 8 – 9 کیلۆمەتر دەبێت. هەروەها لەبارەی پێشبینیی کەشوهەوای سبەى دووشەممە 20-11-2023، کەشناسی دەڵێت، ئاسمان بەگشتی هەور و باراناوی دەبێت بە درێژایى کاتەکان، ئاستى دابارین (لێزمە بارانى بەردەوام و هەندێک کات مامناوەند دەبێت) لە سەرجەم ناوچە جیاجیاکان، لەگەڵ باران بارین شەپۆلێکى بەفر بارین ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و لووتکەى ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەگرێتەوە، کاریگەریى ئەم شەپۆلە لە کاتەکانى شەو درەنگدا لاواز دەبێت. پێشبینییەکان بۆ خێرایی و ئاراستەی با، پلەکانی گەرما، مەودای بینین لە رۆژی دووشەممە: خێراى با: لەسەرخۆ - مامناوەند (10 – 20 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا) دەبێت. ئاراستەی با: باشووری خۆرهەڵات دەبێت. مەوداى بینین: لەنێوان 7 – 9 کیلۆمەتر دەبێت. پلەکانی گەرما: کەمێک بەرزتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 14 پلەى سیلیزى سلێمانی: 13 پلەى سیلیزى دهۆک: 12 پلەى سیلیزى کەرکووک: 16 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 15 پلەى سیلیزى زاخۆ: 15 پلەى سیلیزى گەرمیان: 19 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: 3 پلەى سیلیزى سۆران: 11 پلەى سیلیزى
هاوڵاتی رۆژنامەیەکى ئەمەریکى نوێترین پێشهاتى پەیوەندییەکانى نێوان ئیسرائیل و حەمماس ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت؛ نزیکن لەوەى رێک بکەون. رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس گەیشتون بە رێککەوتنێکی سەرەتایی لە بارەی ئازادکردنی بارمتەکان و راگەیاندنی ئاگر بەست، بەڵام کۆشکی سپی ئەو زانیارییانە رەتدەکاتەوە. لە رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەشکراوە، لە رێگەی نێوەندگیری ئەمریکاوە ئیسرائیل و بزوتنەوەی ئەماس گەیشتون بە رێککەوتنێک کە ئازادکردنی دەیان ژنان و منداڵی بارمتە لە خۆدەگرێت، لە بەرامبە ئازدکردنیشیان بۆ ماوەی پێنج رۆژ ئاگربەست رادەگەیەنرێت. ئەو رۆژنامەیە ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە ئازادکردنى دیلەکان بڕیارە لە چەند رۆژى داهاتو دەستپێبکات و ئەگەرى هەیە لەمڕێیەوە گرژییەکانى غەززە تا رادەیەک کەم ببێتەوە، ئەگەر بێتو ئیسرائیل و حەمماس بەپێى رێککەوتنە شەش لاپەڕەییەکەى نێوانیان هەڵسوکەوت بکەن. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، رێککەوتنەکە لە ماوەی چەند رۆژێکی دیکە ئەنجامدەررێت. بەڵام وتەبێژانی کۆشکی سپی دەڵێن، "ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس هێستا نەگەیشتون بە رێککەوتنی راگرتنی ململانێ چەکدارییەکان بە شێوەیەکی کاتی، بەڵام ئەمریکا لە نێوەندگیری تایبەت بەو پرسە بەردەوامە." ئەمڕۆ 43 رۆژە، شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و حەمماس بەردەوامە بەوهۆیەوە تا ئێستا 12 هەزار و 300 کەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە پێنج هەزاریان منداڵن و سێ هەزار و 300 ژن، جگە لەوەش 30 هەزار کەسیش بریندارن.
هاوڵاتی رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە کە لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی ئیسرائیل و دەزگا ئەمنییەکانی تری وڵاتەکە دەرکەوتووە هەلیکۆپتەرێکی ئیسرائیلی چەند کەسێکی لە ئاهەنگە میوزیکییەکەی رۆژی 7ی ئۆکتۆبەر کوشتووە لەو کاتەی چەکدارانی حەماس هێرشەکەیان کردووە، دەشڵێت، حەماس زانیارییان لەسەر ئاهەنگەکە نەبووە و "بەرێککەوت" هێرشییان کردووەتە سەری. لەرۆژی 7ی ئۆکتۆبەر، بزوتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنێکی دژی ئیسرائیل راگەیاند بە ناوی "تۆفانی ئەقسا" و پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی وڵاتەکە کرد لەماوەی 20 خولەکدا. دواتر چەکدارانی حەماس دیوارە ئاسنینە زیرەکەکەی ئیسرائیلیان تێپەڕاند و چوونە نێو ڤیستیڤاڵێکی میوزیک بەناوی ڤیستیڤاڵی میوزیکی نۆڤا کە تێیدا چوار هەزار و 400 کەس بەشداربوون. سوپای ئیسرائیل دوای هێرشەکە رایگەیاند کە بەشێکی زۆر لە ئامادەبووان بەدەستی حەماس کوژراون و لەدواین ئاماریش کە بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، 364 کەسی ناو ڤیستیڤاڵەکە کوژراون لەکۆی گشتی هەزار و 200 کەس کە لەو رۆژەدا بەدەستی چەکدارانی حەماس کوژران. دوای زیاتر لە مانگێک، رۆژنامەی هائارتز، کە رۆژنامەیەکی باوەڕپێکراوی ئیسرائیلییە، راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، هەڵسەنگاندنەکانی چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمنی ئەوە دەردەخەن کە حەماس زانیاری لەبارەی ڤیستیڤاڵەکەوە نەبووە و "بەرێکەوت" هێرشی کردووەتە سەر دوای ئەوەی لەرێی پەڕەشووت و درۆنەوە پێی زانیوە، واتە زانیاری پێشوەختەیان نەبووە لەسەری تا پلانی بۆ دابنێن. رۆژنامەکە دەڵێت کە هەڵسەنگاندنەکە لە لێکۆڵینەوە لە چەند چەکدارێکی حەماس و لێکۆڵینەوەی خودی پۆلیس سەرچاوەی گرتووە لەگەڵ چەند شتێکی تردا و دەرکەوتووە کە نیازی حەماس هێرشکردنە سەر چەند کیبوتز (کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون) بووە لە نزیک سنوری غەززە. هاوکات سەرچاوەیەکی پۆلیس ئەوەی بە رۆژنامەکە وتووە کە لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن، هەلیکۆپتەرێکی سوپای ئیسرائیل کاتێک گەشتووەتە شوێنی روداوەکە تەقەی لە چەکدارانی حەماس کردووە و لە چەند بەشداربوویەکی ڤیستیڤاڵەکەشی داوە. لەکۆتایی مانگی رابردوودا، ماڵپەڕی گرەیزۆن باسی لەوە کرد کە ژمارەیەک لە کوژراوەکانی ڤیستیڤاڵەکە لەلایەن هەلیکۆپتەرێکی سوپای ئیسرائیلەوە بووە کاتێک سوپا ویستوویەتی چەکدارانی حەماس دووربخاتەوە و زیاتر پێشڕەوی نەکەن، بۆیە چەند کەسێکی ئیسرائیلیش کوژراون. ماڵپەڕەکە باسی لەوە کردووە کە گرتە ڤیدیۆییەکان و وێنەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵاییەتییەکان دەریدەخەن کە بەشێک لە قوربانییەکان و ئۆتۆمبێلەکانی ناوچەکە سووتاون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بۆردومان کرابن و فیشەک ئاسەواری سوتان بەجێناهێڵێت.
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە 12 هەزار و 300 کەس. ئەمڕۆ شەممە 18ی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند لە سەرەتای جەنگی حەماس- ئیسرائیلەوە لە 7ی تشرینی یەکەمەوە، 12 هەزار و 300 کەس لە غەززە کوژراون کە پێنج هەزاریان منداڵ و سێ هەزار و 300 کەسیان ژنن. هاوکات ئەوەش هاتووە کە هەر لە هەمان ماوەدا، 30 هەزار کەس بریندار بوون. پێشتر وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاندبوو ئیتر ناتواێت ئامارێکی دروست لە کوژراوان و بریندارەکان بداتە بەدەستەوە و بەهۆی جەنگەوە ناکرێت تەرمەکان ببینرێنەوە.
هاوڵاتی هەردوو کەناڵی بی بی سی بەریتانی و سی ئێن ئێن-ی ئەمریکی گومانیان هەیە لەسەر بەڵگەکانی سوپای ئیسرائیل لە پیشاندانی چەک و کەلوپەلی سەربازی حەماس لەناو نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە و دەڵێن، "بەڵگەکان دەستکاریکراون." سوپای ئیسرائیل لە رۆژی چوارشەممە 15ی تشرینی دووەمی 2023 چووەتە نێو نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە و پێشتر لە مانگی رابردوو ڤیدیۆیەکی ئەنیمەیشنی بڵاوکردەوە کە رایگەیاندبوو، لەژێرزەمینی نەخۆشخانەی شیفادا ناوەندی فەرماندەیی حەماس بوونی هەیە و تونێلێکی حەماس لەژێر نەخۆشخانەکەدایە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی لەسەر ئەوە بڵاونەکردووەتەوە. دوای رۆژێک لە چوونە نێو نەخۆشخانەکە لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە، سوپای ئیسرائیل ڤیدیۆیەکی حەوت خولەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا جۆناسان کۆنریکوس، وتەبێژی نێودەوڵەتی سوپای ئیسرائیل، قسە دەکات و چەند بەڵگەیەک دەخاتەڕوو و دەڵێت، چەک و کەلوپەلی سەربازی چەکدارانی حەماسن و نەخۆشخانەکەیان بەکارهێناوە. لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە، سوپای ئیسرائیل رێگەی بە تیمی رۆژنامەوانی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی و بی بی سی-دا تا بچنە نێو نەخۆشخانەکە و دیمەنی چەک و کەلوپەلە سەربازییەکان بگوازنەوە. هەردوو کەناڵی بی بی سی و سی ئێن ئێن شیکارییان بۆ ڤیدیۆکان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە دەستکاری و گۆڕانکاری لە بەڵگەکاندا بوونیان هەیە. سی ئێن ئێن کە شیکاری بۆ ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیل و دواتر گرتەکانی بی بی سی و فۆکس نیوز کردووە دەڵێت، "لە بەشێكی ڤیدیۆکەدا کە بەرپرسە سەربازییەکی ئیسرئیل دەچێتە ژورێکەوە و لە پشت ئامێرێکی ئێم ئاڕ ئای کەلوپەلی سەربازی بوونی هەیە، جانتایەک و فیشەک و تەنها یەک کڵاشینکۆف دەبیندرێت، بەڵام لە ڤیدۆکانی دوو کەناڵەکەدا کڵاشینکۆفەکان زیاد دەبن بۆ دوو کڵاشینکۆف کە نازانرێت کڵاشینکۆیفی دووەم لە کوێوە هاتووە و بۆچی لە ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیلدا بوونی نییە." سی ئێن ئێن دەڵێت، "ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی چەکەکان خروانەتە ئەوێ پێش ئەوەی تیمە رۆژنامەوانییەکان بگەن." هاوکات بی بی سی هەمان بەڵگە دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت، لەکاتی چوونی "پەیامنێرەکەمان بۆ ژوری ئامێری ئێم ئاڕ ئایەکە دوو کڵاشینکۆف بەدیدەکرێت" لەکاتێکدا پێشتر یەک دانە بووە. بی بی سی دەڵێت، ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیل لە کاتژمێرەکەی جۆناسان کۆنریکوس دەردەکەوێت کە لە دوانیوەڕۆ گیراوە لە کاتژمێر 1:17 خولەک، بەڵام سی ئێن ئێن باس لەوە دەکات ئەو کاتەی تیمە میدیاییەکان رێگەیان پێدراوە بچنە نەخۆشخانەکەوە، پەیامنێرەکەی فۆکس نیوز دەڵێت: ئێستا نیوەی شەوە. بەشێکی تر لە بەڵگەکانی بی بی سی کە گومانی خستووەتە سەر ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیل ئەوەیە کە دەڵێت، سەرەتا سوپای ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی ڤیدیۆکەی پۆست کردووە و دواتر سڕیویەتییەوە و دواتر پۆستی کردووەتەوە، هاوکات وتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت، "ئەم ڤیدیۆییە بەبێ دەستکارییە و ئیدیت نەکراوە، یەک گرتەیە"، بەڵام بی بی سی لە بەشێکی گرتە ڤیدیۆییەکەدا روونی دەکاتەوە کە ڤیدیۆکە دەستکاری کراوە بەوپێیەی لەو گرتەیەدا وتەبێژەکە پشتی لە کامێرایە بەڵام لەپڕێکدا دوور دەکەوێتەوە و دەچیتە دەرەوەی ژورێکی نەخۆشخانەی شیفا. بی بی سی و سی ئێن ئێن داوایان لە سوپای ئیسرائیل کردووە کە روونکردنەوە بدات لەسەر چەکەکان کە بۆچی لە ڤیدیۆکەی سوپادا جیاوازی هەیە لەگەڵ ڤیدیۆی تیمە رۆژنامەوانییەکان، سوپای ئیسرائیل پیی وتون: بەهۆی ئەوەیە چەکی زیاتر و کەلوپەلی زیاتری تیرۆرستان لەو رۆژەدا دۆزراونەتەوە.
هاوڵاتی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بڕیاری دەستبەکاربوونی لیوای 20ی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق دراوە و بریارە لە سەرەتایی مانگی داهاتوو مووچە وەربگرن. شاخەوان عەبدوڵا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە، لەگەڵ عەبدولئەمیر یارەڵلا، سوپاسالاری عێراق کۆبووەتەوە و سەبارەت بە لیوای 20ی هاوبەش بڕیاردراوە کە "تەواوی گرفتەکان وەلابنرێن و فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەربچێت." جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بڕیاردراوە لیوا هاوبشەکە تا 1ی 12 پەیوەندی بکەن و مووچەی ئەو مانگەشیان پێ بدرێت. لیوای 20 ئەو هێزە هاوبەشەیە کە لە ئابی 2021 لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بڕیاری دروستکردنی درا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی کە لەنێوان هەردوولادا هەیە و چەکدارانی داعش دەیقۆزنەوە. هێزەکە سێ هەزار و 700 پێشمەرگەی تێدایە و مووچەکانیان لەسەر وەزارەتی بەرگری عێراق دەبێت. بەپێی وتەی شاخەوان عەبدوڵا، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ناوی پێشمەرگە و سەربازانی سوپای عێراق لە هێزەکە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە رادەگەیەنرێت و هەر کەموکورییەک هەبێت دوای دەستبەکاربوونیان چارەسەر دەکرێت.
هاوڵاتی پەرلەامانی عێراق لەسەر داوای 50 پەرلەمانتار دانیشتنی نائاسایی خۆی دەستپێکرد. فەرمانگەی میدیای پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، موحسین مەندەلاوى، جێگری سەرۆکى پەرلەمان کارەکانی دانیشتنی نائاسایی خولی پێنجەمی هەڵبژاردن لەسەر داوای 50 پەرلەمانتار کردەوە و 173 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکەن. هاوکات كاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی نوینەران تایبەت بە خویندنەوەی دووەم و گفتوگۆ لەسەر هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە ئامادەبوونی 173 پەرلەمانتار دەستیپێیكرد. وتیشی، بەپێی هەموارەكە تەمەنی ئەنجومەنی كۆمسیاران لەسەر داوای فەرمیی ئەنجومەنی كۆمسیاران بۆ ماوەی شەش مانگ درێژدەكرێتەوە تابتوانرێت سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان بكەن. ئەمە لەکاتێکدایە کە دادگای فیدڕاڵی لە رۆژی سێشەممەی رابردوو بڕیاری دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامێتی پەرلەماندا دوای ئەوەی سەلمێنرا کە "ساختەکاری" لە بەڵگەنامەدا کردووە.
هاوڵاتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، دوو کەسیان دەستگیر کردووە کە تۆمەتبارن بە خستنەخوارەوەی ئافرەتێک لە شوقەکانی ئیسکان لە شاری هەولێر و هەردوو کەسەکە لەژێر کاریگەری ماددە کحولییەکاندا بوون. لە راگەیاندراوێکدا ئاسایشی هەولێر باس لەوە دەکات، لە کاتژمێر 7:00ی بەرەبەیانی رۆژی هەیینی 17ی تشرینی دووەمی 2023، هەردوو تۆمەتبار لەگەڵ ئەو ئافرەتە لە یەکێک لە شوقەکانی ئیسکان کێشەیان بۆ دروست دەبێت و یەکێکیان ئافرەتەکە لە شوقەکە دەخاتە خوارەوە و بە سەختی بریندار دەبێت. ئاسایشی هەولێر دەڵێت، "لەئێستادا ئافرەتەکە لەنەخۆشخانە لەژێر چاودێری دایەو لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباران بەردەوامە." ئاسایشی هەولێر راشیگەیاندووە، "دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر هەردوو تۆمەتبار بەناوەکانی(ف ، ز ، ص)و(م ، أ ، ع) دەستگیرکران."
