رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: لە ڤیستیڤاڵەکەی 7ی ئۆکتۆبەر هەلیکۆپتەرێکی سوپا چەند هاوڵاتییەکی ئیسرائیلی کوشتووە

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە کە لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی ئیسرائیل و دەزگا ئەمنییەکانی تری وڵاتەکە دەرکەوتووە هەلیکۆپتەرێکی ئیسرائیلی چەند کەسێکی لە ئاهەنگە میوزیکییەکەی رۆژی 7ی ئۆکتۆبەر کوشتووە لەو کاتەی چەکدارانی حەماس هێرشەکەیان کردووە، دەشڵێت، حەماس زانیارییان لەسەر ئاهەنگەکە نەبووە و "بەرێککەوت" هێرشییان کردووەتە سەری.

لەرۆژی 7ی ئۆکتۆبەر، بزوتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنێکی دژی ئیسرائیل راگەیاند بە ناوی "تۆفانی ئەقسا" و پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی وڵاتەکە کرد لەماوەی 20 خولەکدا. دواتر چەکدارانی حەماس دیوارە ئاسنینە زیرەکەکەی ئیسرائیلیان تێپەڕاند و چوونە نێو ڤیستیڤاڵێکی میوزیک بەناوی ڤیستیڤاڵی میوزیکی نۆڤا کە تێیدا چوار هەزار و 400 کەس بەشداربوون. 

سوپای ئیسرائیل دوای هێرشەکە رایگەیاند کە بەشێکی زۆر لە ئامادەبووان بەدەستی حەماس کوژراون و لەدواین ئاماریش کە بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، 364 کەسی ناو ڤیستیڤاڵەکە کوژراون لەکۆی گشتی هەزار و 200 کەس کە لەو رۆژەدا بەدەستی چەکدارانی حەماس کوژران. 

دوای زیاتر لە مانگێک، رۆژنامەی هائارتز، کە رۆژنامەیەکی باوەڕپێکراوی ئیسرائیلییە، راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، هەڵسەنگاندنەکانی چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمنی ئەوە دەردەخەن کە حەماس زانیاری لەبارەی ڤیستیڤاڵەکەوە نەبووە و "بەرێکەوت" هێرشی کردووەتە سەر دوای ئەوەی لەرێی پەڕەشووت و درۆنەوە پێی زانیوە، واتە زانیاری پێشوەختەیان نەبووە لەسەری تا پلانی بۆ دابنێن. 

رۆژنامەکە دەڵێت کە هەڵسەنگاندنەکە لە لێکۆڵینەوە لە چەند چەکدارێکی حەماس و لێکۆڵینەوەی خودی پۆلیس سەرچاوەی گرتووە لەگەڵ چەند شتێکی تردا و دەرکەوتووە کە نیازی حەماس هێرشکردنە سەر چەند کیبوتز (کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون) بووە لە نزیک سنوری غەززە.

هاوکات سەرچاوەیەکی پۆلیس ئەوەی بە رۆژنامەکە وتووە کە لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن، هەلیکۆپتەرێکی سوپای ئیسرائیل کاتێک گەشتووەتە شوێنی روداوەکە تەقەی لە چەکدارانی حەماس کردووە و لە چەند بەشداربوویەکی ڤیستیڤاڵەکەشی داوە.

لەکۆتایی مانگی رابردوودا، ماڵپەڕی گرەیزۆن باسی لەوە کرد کە ژمارەیەک لە کوژراوەکانی ڤیستیڤاڵەکە لەلایەن هەلیکۆپتەرێکی سوپای ئیسرائیلەوە بووە کاتێک سوپا ویستوویەتی چەکدارانی حەماس دووربخاتەوە و زیاتر پێشڕەوی نەکەن، بۆیە چەند کەسێکی ئیسرائیلیش کوژراون. 

ماڵپەڕەکە باسی لەوە کردووە کە گرتە ڤیدیۆییەکان و وێنەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵاییەتییەکان دەریدەخەن کە بەشێک لە قوربانییەکان و ئۆتۆمبێلەکانی ناوچەکە سووتاون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بۆردومان کرابن و فیشەک ئاسەواری سوتان بەجێناهێڵێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار