بی بی سی و سی ئێن ئێن گومانیان هەیە لە بەڵگەکانی ئیسرائیل لەنێو نەخۆشخانەی شیفا

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هەردوو کەناڵی بی بی سی بەریتانی و سی ئێن ئێن-ی ئەمریکی گومانیان هەیە لەسەر بەڵگەکانی سوپای ئیسرائیل لە پیشاندانی چەک و کەلوپەلی سەربازی حەماس لەناو نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە و دەڵێن، "بەڵگەکان دەستکاریکراون."

سوپای ئیسرائیل لە رۆژی چوارشەممە 15ی تشرینی دووەمی 2023 چووەتە نێو نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە و پێشتر لە مانگی رابردوو ڤیدیۆیەکی ئەنیمەیشنی بڵاوکردەوە کە رایگەیاندبوو، لەژێرزەمینی نەخۆشخانەی شیفادا ناوەندی فەرماندەیی حەماس بوونی هەیە و تونێلێکی حەماس لەژێر نەخۆشخانەکەدایە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی لەسەر ئەوە بڵاونەکردووەتەوە. 

دوای رۆژێک لە چوونە نێو نەخۆشخانەکە لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە، سوپای ئیسرائیل ڤیدیۆیەکی حەوت خولەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا جۆناسان کۆنریکوس، وتەبێژی نێودەوڵەتی سوپای ئیسرائیل، قسە دەکات و چەند بەڵگەیەک دەخاتەڕوو و دەڵێت، چەک و کەلوپەلی سەربازی چەکدارانی حەماسن و نەخۆشخانەکەیان بەکارهێناوە.

 

لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە، سوپای ئیسرائیل رێگەی بە تیمی رۆژنامەوانی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی و بی بی سی-دا تا بچنە نێو نەخۆشخانەکە و دیمەنی چەک و کەلوپەلە سەربازییەکان بگوازنەوە.

هەردوو کەناڵی بی بی سی و سی ئێن ئێن شیکارییان بۆ ڤیدیۆکان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە دەستکاری و گۆڕانکاری لە بەڵگەکاندا بوونیان هەیە. 

سی ئێن ئێن کە شیکاری بۆ ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیل و دواتر گرتەکانی بی بی سی و فۆکس نیوز کردووە دەڵێت، "لە بەشێكی ڤیدیۆکەدا کە بەرپرسە سەربازییەکی ئیسرئیل دەچێتە ژورێکەوە و لە پشت ئامێرێکی ئێم ئاڕ ئای کەلوپەلی سەربازی بوونی هەیە، جانتایەک و فیشەک و تەنها یەک کڵاشینکۆف دەبیندرێت، بەڵام لە ڤیدۆکانی دوو کەناڵەکەدا کڵاشینکۆفەکان زیاد دەبن بۆ دوو کڵاشینکۆف کە نازانرێت کڵاشینکۆیفی دووەم لە کوێوە هاتووە و بۆچی لە ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیلدا بوونی نییە."

سی ئێن ئێن دەڵێت، "ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی چەکەکان خروانەتە ئەوێ پێش ئەوەی تیمە رۆژنامەوانییەکان بگەن."

هاوکات بی بی سی هەمان بەڵگە دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت، لەکاتی چوونی "پەیامنێرەکەمان بۆ ژوری ئامێری ئێم ئاڕ ئایەکە دوو کڵاشینکۆف بەدیدەکرێت" لەکاتێکدا پێشتر یەک دانە بووە.

بی بی سی دەڵێت، ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیل لە کاتژمێرەکەی جۆناسان کۆنریکوس دەردەکەوێت کە لە دوانیوەڕۆ گیراوە لە کاتژمێر 1:17 خولەک، بەڵام سی ئێن ئێن باس لەوە دەکات ئەو کاتەی تیمە میدیاییەکان رێگەیان پێدراوە بچنە نەخۆشخانەکەوە، پەیامنێرەکەی فۆکس نیوز دەڵێت: ئێستا نیوەی شەوە.

بەشێکی تر لە بەڵگەکانی بی بی سی کە گومانی خستووەتە سەر ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیل ئەوەیە کە دەڵێت، سەرەتا سوپای ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی ڤیدیۆکەی پۆست کردووە و دواتر سڕیویەتییەوە و دواتر پۆستی کردووەتەوە، هاوکات وتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت، "ئەم ڤیدیۆییە بەبێ دەستکارییە و ئیدیت نەکراوە، یەک گرتەیە"، بەڵام بی بی سی لە بەشێکی گرتە ڤیدیۆییەکەدا روونی دەکاتەوە کە ڤیدیۆکە دەستکاری کراوە بەوپێیەی لەو گرتەیەدا وتەبێژەکە پشتی لە کامێرایە بەڵام لەپڕێکدا دوور دەکەوێتەوە و دەچیتە دەرەوەی ژورێکی نەخۆشخانەی شیفا.

بی بی سی و سی ئێن ئێن داوایان لە سوپای ئیسرائیل کردووە کە روونکردنەوە بدات لەسەر چەکەکان کە بۆچی لە ڤیدیۆکەی سوپادا جیاوازی هەیە لەگەڵ ڤیدیۆی تیمە رۆژنامەوانییەکان، سوپای ئیسرائیل پیی وتون: بەهۆی ئەوەیە چەکی زیاتر و کەلوپەلی زیاتری تیرۆرستان لەو رۆژەدا دۆزراونەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار