وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن: هەر کەشتییەک هی ئیسرائیل بێت دەبێتە ئامانجی سەربازییمان

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

وتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییەی راگەیاند کە خۆی دەڵێت، ئیسرائیلییە هەرچەندە ئیسرائیل نکوڵی لێدەکات. وتەبێژی حوسییەکان وتیشی بەردەوام دەبن لە بەئامانج گرتنی هەر کەشتییەک کە ئیسرائیل خاوەندارییەتی بکات. 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2023، میدیاکانی نزیک لە حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند حوسییەکان دەستیان بەسەر کەشتییەکی ئیسرائیلیدا گرتووە بەناوی گالاکسی لیدەر لە دەریای سوور.

پێشتر ئۆفیسی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند 25 کەس لە ناو کەشتییەکەدا بوونیان هەبووە کە خەڵکی جیاوازی چەند وڵاتێکن لەوانە، بولگاری، فلیپینی، مەکسیکی و ئۆکرانی، بەڵام هیچ ئیسرائیلییەکی تێدا نییە. لە راگەیاندراوەکەی ئۆفیسی سەرۆکوزیرانی ئیسرائیل هاتووە کە کەشتییەکە هی ئیسرائیل نییە بەڵکو بەریتانییە و لەلایەن تیمێکی یابانییەوە بەڕێوە دەبرێت.

ئۆفیسی ناتانیاهۆ ئیدانەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی کرد و رایگەیاند "کردەیەکی تیرۆری" ئێرانە  کە گوزارشتە لە "زیادبوونی کردەی شەڕەنگێزی ئێران دژی هاوڵاتییانی جیهانی ئازاد."

یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە کرد کە ئەو کەشتییەی دەستیان بەسەردا گرتووە ئیسرائیلییە و هۆشداریشیدا کە هەر کەشتییک هی ئیسرائیل یان هەر لایەنێکی تر بێت کە پشتگیری لە ئیسرائیل بکات دەبێتە ئامانجی حوسییەکانی یەمەن.

یەحیا سەریع وتیشی، "بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئیسرائیل هەتا تاوانە قێزەونەکانی دژی خەڵکی فەڵەستین کۆتایی پێ دەهێنێت."

هاوکات لەسەر خاوەندارییەتی کەشتییەکە، ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی رایگەیاندووە بەرپرسانی ئیسرائیلی سوورن لەسەر ئەوەی کەشتییەکە خاوەندارییەتی بۆ بەریتانیا دەگەڕێتەوە و لەلایەن کۆمپانیایەکی یابانییەوە بەرێوەدەبرێت، بەڵام داتابەیسەکانی هاتوچۆی کەشتیوانی ئەوە دەردەخەن کە خاوەنی کەشتییەکە کۆمپانیای "رەی کار کاریرس"ە کە لەلایەن ئەبراهام ئونگارەوە دامەزراوە و ئەو پیاوە یەکێکە لە دەوڵەمنترین کەسەکانی ئیسرائیل.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار