ئیسرائیل: ئەو کەشتییەی حوسییەکان دەستیان بەسەردا گرتووە ئیسرائیلیی تێدا نییە

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند ئەو کەشتییەی لەلایەن حوسییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە هیچ هاوڵاتییەکی ئیسرائیلی تێدا نییە، بەڵام میدیایەکی ئەمریکی رایگەیاندووە کە خاوەندارییەتی کەشتییەکە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای یەکێک لە دەوڵەمەندترین کەسەکانی ئێسرائیل.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2023، حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند دەستیان بەسەر کەشتییەکی ئیسرائیلیدا گرتووە بەناوی گالاکسی لیدەر لە دەریای سوور.

ئۆفیسی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە  بەبێ ئەوەی بڵێت کەشتییەکە ئیسرائیلییە و رایگەیاند 25 کەس لە ناو کەشتییەکەدا بوونیان هەبووە کە خەڵکی جیاوازی چەند وڵاتێکن لەوانە، بولگاری، فلیپینی، مەکسیکی و ئۆکرانی، بەڵام هیچ ئیسرائیلییەک تێدا نییە.

ئۆفیسی ناتانیاهۆ ئیدانەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی کرد و رایگەیاند "کردەیەکی تیرۆری" ئێرانە  کە گوزارشتە لە "زیادبوونی کردەی شەڕەنگێزی ئێران دژی هاوڵاتییانی جیهانی ئازاد."

هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کە دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە "روداوێکی ترسناکە کە لێکەوتەی جیهانی دەبێت."

لەسەر خاوەندارییەتی کەشتییەکە، ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی رایگەیاندووە بەرپرسانی ئیسرائیلی سوورن لەسەر ئەوەی کەشتییەکە خاوەندارییەتی بۆ بەریتانیا دەگەڕێتەوە و لەلایەن کۆمپانیایەکی یابانییەوە بەرێوەدەبرێت، بەڵام داتابەیسەکانی هاتوچۆی کەشتیوانی ئەوە دەردەخەن کە خاوەنی کەشتییەکە کۆمپانیای "رەی کار کاریرس"ە کە لەلایەن ئەبراهام ئونگارەوە دامەزراوە و ئەو پیاوە یەکێکە لە دەوڵەمنترین کەسەکانی ئیسرائیل.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار