هاوڵاتی  وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە 12 هەزار و 300 کەس. ئەمڕۆ شەممە 18ی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند لە سەرەتای جەنگی حەماس- ئیسرائیلەوە لە 7ی تشرینی یەکەمەوە، 12 هەزار و 300 کەس لە غەززە کوژراون کە پێنج هەزاریان منداڵ و سێ هەزار و 300 کەسیان ژنن. هاوکات ئەوەش هاتووە کە هەر لە هەمان ماوەدا، 30 هەزار کەس بریندار بوون. پێشتر وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاندبوو ئیتر ناتواێت ئامارێکی دروست لە کوژراوان و بریندارەکان بداتە بەدەستەوە و بەهۆی جەنگەوە ناکرێت تەرمەکان ببینرێنەوە.

هاوڵاتی هەردوو کەناڵی بی بی سی بەریتانی و سی ئێن ئێن-ی ئەمریکی گومانیان هەیە لەسەر بەڵگەکانی سوپای ئیسرائیل لە پیشاندانی چەک و کەلوپەلی سەربازی حەماس لەناو نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە و دەڵێن، "بەڵگەکان دەستکاریکراون." سوپای ئیسرائیل لە رۆژی چوارشەممە 15ی تشرینی دووەمی 2023 چووەتە نێو نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە و پێشتر لە مانگی رابردوو ڤیدیۆیەکی ئەنیمەیشنی بڵاوکردەوە کە رایگەیاندبوو، لەژێرزەمینی نەخۆشخانەی شیفادا ناوەندی فەرماندەیی حەماس بوونی هەیە و تونێلێکی حەماس لەژێر نەخۆشخانەکەدایە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی لەسەر ئەوە بڵاونەکردووەتەوە.  دوای رۆژێک لە چوونە نێو نەخۆشخانەکە لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە، سوپای ئیسرائیل ڤیدیۆیەکی حەوت خولەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا جۆناسان کۆنریکوس، وتەبێژی نێودەوڵەتی سوپای ئیسرائیل، قسە دەکات و چەند بەڵگەیەک دەخاتەڕوو و دەڵێت، چەک و کەلوپەلی سەربازی چەکدارانی حەماسن و نەخۆشخانەکەیان بەکارهێناوە.   لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە، سوپای ئیسرائیل رێگەی بە تیمی رۆژنامەوانی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی و بی بی سی-دا تا بچنە نێو نەخۆشخانەکە و دیمەنی چەک و کەلوپەلە سەربازییەکان بگوازنەوە. هەردوو کەناڵی بی بی سی و سی ئێن ئێن شیکارییان بۆ ڤیدیۆکان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە دەستکاری و گۆڕانکاری لە بەڵگەکاندا بوونیان هەیە.  سی ئێن ئێن کە شیکاری بۆ ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیل و دواتر گرتەکانی بی بی سی و فۆکس نیوز کردووە دەڵێت، "لە بەشێكی ڤیدیۆکەدا کە بەرپرسە سەربازییەکی ئیسرئیل دەچێتە ژورێکەوە و لە پشت ئامێرێکی ئێم ئاڕ ئای کەلوپەلی سەربازی بوونی هەیە، جانتایەک و فیشەک و تەنها یەک کڵاشینکۆف دەبیندرێت، بەڵام لە ڤیدۆکانی دوو کەناڵەکەدا کڵاشینکۆفەکان زیاد دەبن بۆ دوو کڵاشینکۆف کە نازانرێت کڵاشینکۆیفی دووەم لە کوێوە هاتووە و بۆچی لە ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیلدا بوونی نییە." سی ئێن ئێن دەڵێت، "ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی چەکەکان خروانەتە ئەوێ پێش ئەوەی تیمە رۆژنامەوانییەکان بگەن." هاوکات بی بی سی هەمان بەڵگە دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت، لەکاتی چوونی "پەیامنێرەکەمان بۆ ژوری ئامێری ئێم ئاڕ ئایەکە دوو کڵاشینکۆف بەدیدەکرێت" لەکاتێکدا پێشتر یەک دانە بووە. بی بی سی دەڵێت، ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیل لە کاتژمێرەکەی جۆناسان کۆنریکوس دەردەکەوێت کە لە دوانیوەڕۆ گیراوە لە کاتژمێر 1:17 خولەک، بەڵام سی ئێن ئێن باس لەوە دەکات ئەو کاتەی تیمە میدیاییەکان رێگەیان پێدراوە بچنە نەخۆشخانەکەوە، پەیامنێرەکەی فۆکس نیوز دەڵێت: ئێستا نیوەی شەوە. بەشێکی تر لە بەڵگەکانی بی بی سی کە گومانی خستووەتە سەر ڤیدیۆکەی سوپای ئیسرائیل ئەوەیە کە دەڵێت، سەرەتا سوپای ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی ڤیدیۆکەی پۆست کردووە و دواتر سڕیویەتییەوە و دواتر پۆستی کردووەتەوە، هاوکات وتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت، "ئەم ڤیدیۆییە بەبێ دەستکارییە و ئیدیت نەکراوە، یەک گرتەیە"، بەڵام بی بی سی لە بەشێکی گرتە ڤیدیۆییەکەدا روونی دەکاتەوە کە ڤیدیۆکە دەستکاری کراوە بەوپێیەی لەو گرتەیەدا وتەبێژەکە پشتی لە کامێرایە بەڵام لەپڕێکدا دوور دەکەوێتەوە و دەچیتە دەرەوەی ژورێکی نەخۆشخانەی شیفا. بی بی سی و سی ئێن ئێن داوایان لە سوپای ئیسرائیل کردووە کە روونکردنەوە بدات لەسەر چەکەکان کە بۆچی لە ڤیدیۆکەی سوپادا جیاوازی هەیە لەگەڵ ڤیدیۆی تیمە رۆژنامەوانییەکان، سوپای ئیسرائیل پیی وتون: بەهۆی ئەوەیە چەکی زیاتر و کەلوپەلی زیاتری تیرۆرستان لەو رۆژەدا دۆزراونەتەوە.

هاوڵاتی  شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بڕیاری دەستبەکاربوونی لیوای 20ی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق دراوە و بریارە لە سەرەتایی مانگی داهاتوو مووچە وەربگرن. شاخەوان عەبدوڵا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە، لەگەڵ عەبدولئەمیر یارەڵلا، سوپاسالاری عێراق کۆبووەتەوە و سەبارەت بە لیوای 20ی هاوبەش بڕیاردراوە کە "تەواوی گرفتەکان وەلابنرێن و فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەربچێت." جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بڕیاردراوە لیوا هاوبشەکە تا 1ی 12 پەیوەندی بکەن و مووچەی ئەو مانگەشیان پێ بدرێت. لیوای 20 ئەو هێزە هاوبەشەیە کە لە ئابی 2021 لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بڕیاری دروستکردنی درا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی کە لەنێوان هەردوولادا هەیە و چەکدارانی داعش دەیقۆزنەوە. هێزەکە سێ هەزار و 700 پێشمەرگەی تێدایە و مووچەکانیان لەسەر وەزارەتی بەرگری عێراق دەبێت. بەپێی وتەی شاخەوان عەبدوڵا، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ناوی پێشمەرگە و سەربازانی سوپای عێراق لە هێزەکە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە رادەگەیەنرێت و هەر کەموکورییەک هەبێت دوای دەستبەکاربوونیان چارەسەر دەکرێت.

هاوڵاتی  پەرلەامانی عێراق لەسەر داوای 50 پەرلەمانتار دانیشتنی نائاسایی خۆی دەستپێکرد.  فەرمانگەی میدیای پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، موحسین مەندەلاوى، جێگری سەرۆکى پەرلەمان کارەکانی دانیشتنی نائاسایی خولی پێنجەمی هەڵبژاردن لەسەر داوای 50 پەرلەمانتار کردەوە و 173 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکەن.  هاوکات كاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی نوینەران تایبەت بە خویندنەوەی دووەم و گفتوگۆ لەسەر هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە ئامادەبوونی 173 پەرلەمانتار دەستیپێیكرد. وتیشی، بەپێی هەموارەكە تەمەنی ئەنجومەنی كۆمسیاران لەسەر داوای فەرمیی ئەنجومەنی كۆمسیاران بۆ ماوەی شەش مانگ درێژدەكرێتەوە تابتوانرێت سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان بكەن. ئەمە لەکاتێکدایە کە دادگای فیدڕاڵی لە رۆژی سێشەممەی رابردوو بڕیاری دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامێتی پەرلەماندا دوای ئەوەی سەلمێنرا کە "ساختەکاری" لە بەڵگەنامەدا کردووە.

هاوڵاتی  ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، دوو کەسیان دەستگیر کردووە کە تۆمەتبارن بە خستنەخوارەوەی ئافرەتێک لە شوقەکانی ئیسکان لە شاری هەولێر و هەردوو کەسەکە لەژێر کاریگەری ماددە کحولییەکاندا بوون.  لە راگەیاندراوێکدا ئاسایشی هەولێر باس لەوە دەکات، لە کاتژمێر 7:00ی بەرەبەیانی رۆژی هەیینی 17ی تشرینی دووەمی 2023، هەردوو تۆمەتبار لەگەڵ ئەو ئافرەتە لە یەکێک لە شوقەکانی ئیسکان کێشەیان بۆ دروست دەبێت و یەکێکیان ئافرەتەکە لە شوقەکە دەخاتە خوارەوە و بە سەختی بریندار دەبێت. ئاسایشی هەولێر دەڵێت، "لەئێستادا ئافرەتەکە لەنەخۆشخانە لەژێر چاودێری دایەو لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباران بەردەوامە." ئاسایشی هەولێر راشیگەیاندووە، "دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر هەردوو تۆمەتبار بەناوەکانی(ف ، ز ، ص)و(م ، أ ، ع) دەستگیرکران."

هاوڵاتی  لە ئەنجامی بۆردومانی قوتابخانەیەکی کەرتی غەززە کە کرابووە پەناگە بۆ خەڵکی فەڵەستین 50 کەس کوژران، حەماس دەڵێت ئیسرائیل بۆردومانەکەی کردووە و سوپای ئیسرائیلیش رەتیدەکاتەوە. وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە بەهۆی بۆردومانێک بۆ سەر قوتباخانەی فەخوورە لە باکوری غەززە کە دەکەوێتە کەمپی پەنابەرانی جەبەلییە، 50 کەس کوژراون. حەماس رایگەیاندووە کە هێرشەکە ئیسرائیل ئەنجامیداوە و بەراورد لە نێوان باکور و باشوری غەززە ناکات و هەموو ناوچەیەک بۆردومان دەکات، بەڵام سوپای ئیسرائیل دەڵێت لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن و رەتیدەکەنەوە ئەوان هیرشەکەیان ئەنجام دابێت.   

هاوڵاتی  مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق کۆبوویەوە و لەسەر هەماهەنگی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق گفتوگۆیان کرد. ئەمڕۆ شەممە 18ی تشرینی دووەمی 2023 بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە کە مەسعود بارزانی لە سەڵاحەدین پێشوازی لە ثابت محمد سعید العباسي وەزیری بەرگریی عێراق کرد. بارەگای بارزانی دەڵێت، "لەدیدارەکەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی بارودۆخی عێراق و شەڕی تیرۆر و هەماهەنگیی و کاری هاوبەشی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق ئاڵوگۆڕ کرد."

هاوڵاتی  رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، دوای سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ شاری بانە، تەقەکردن لە کۆڵبەران لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە زیادی کردووە بەجۆرێک لە ماوەی دوو هەفتەدا سێ کۆڵبەر کوژراون و ٤٠ کۆڵبەریش برینداربوون. رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەفسەرێکی پلەباڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ناوی مەهدی محەممەدی، بڕیاری تەقەکردن لە کۆڵبەرانی داوە و لە جەند رۆژی رابردوو شەش کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران برینداربوون. بەپێی ئەو راپۆرتانەی دەست رێکخراوی هەنگاو کەوتووە؛ شەوی هەینی 17ی تشرینی دووەمی 2023، فەرزاد حوسێنی، کۆڵبەرێکی تەمەن 17 ساڵ و خەڵکی گوندی "ئالیار"ی سەر بە شاری سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بریندار بووە. هەر لەو شەوەدا حەمیدرەزا حافیزی، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری سەقزی و سولەیمان ئەمینی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان بریندار بوون و بە هۆی قووڵی برینەکانیانەوە گواستراونەتەوە بۆ ناوەندە تەندروستییەکان و لە ژێر چاودێری پزیشکیدان. پێشتریش، واتە شەوی چوارشەممە، 15ی تشرینی دووەم، بارزان عوسمانی، کۆڵبەرێکی مێرمنداڵی تەمەن 17 ساڵ کە خەڵکی شاری سەقزە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران دیسان لە سنووری هەنگەژاڵ بریندار بووە. ئەم مێرمنداڵە کۆڵبەرە کە بە چەکی ساچمەیی سەر و مل و شانی پێکراوە و بریندار بوو، بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە تەندروستییەکان گواستراوەتەوە. هەروەها هەر لەو شەوەدا دوو هاوڵاتی تری خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی دیاکۆ رەمەزانی تەمەن 25 ساڵ و حامید موحەممەدزادە تەمەن 22 ساڵ، خەڵکی گوندی ئالیاری سەر بە شاری سەقز، بە تەقەی راستەوخۆی هێزەچەکدارەکان بریندار بوون و باری تەندروستی حامید محەممەدزادە ناجێگیرە.

هاوڵاتی  لەکاتی چوونی بەرەو هەولێر، عەلی رەئوف، نونەری وانەبێژانی کوردستان لە بازگەی کەڵەک دەستگیرکرا و نوێنەری وانەبێژانەی سلێمانی دەڵێت، عەی رەئوف بەنیازبووە بچێتە هەولێر بۆ ئامادەکاری بۆ خۆپیشاندانەکەی سبەینێی وانەبێژان لە شارەکە. کاروخ عەبدوڵا، نوێنەری وانەبێژانی سلێمانی بە هاوڵاتی وت، "مامۆستا عەلی رەئوف، نوێنەری گشتی وانەببێژانی هەرێمی کوردستان لەکاتی چوونی بۆ هەولێر لەبازگەی کەڵەک دەستگیرکرا." کاروخ عەبدوڵلا ووتیشی، "کاک عەلی دەیویست بچێتە هەولێر تاوەکو ئامادەکاری بکەن بۆ گردبوونەوەی وانەبێژان کەبڕیارە سبەی لە هەولێر بکرێت، پێویستە بەزووترین کات ئازاد بکرێت ، بەپێچەوانەوە هەڵوێستمان دەبێت." 

هاوڵاتی  شەوی رابوردوو بارانێکی بەخوڕ سەنتەری ئاکرێ و ناحیەی قەسرۆکی گرتەوە کە بەهۆیەوە ئاو چووە ناو هەندێک ماڵ، هاوکات کۆمەڵێک بەردی گەورە لەچیاییەک لەسەر رێگای نێوان ناحیەی دینارتە و سەنتەری ئاکرێ کەوتنەخوارەوە و رێگای گەلی زەنتەیان گرت. عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە هاوڵاتی راگەیاند، "شەوی رابوردوو بەهۆی بارانی بەخوڕ ئاو چووەتە چەند ماڵێک لەسەنتەری ئاکرێ، هەرزوو تیمەکانمان گەیشتنە شوێنەکە ، توانیان ئەو ماڵانە لەمەترسی بارانی بەخوڕ رزگاربکەن، زیانی گیانی وبرینداربوون نەبووە تەنها کەل وپەلەکانی تەڕبوونە هەروەک لەوێنەکان دیارە." لەبارەی رێگای گەلی زەنتە لەنێوان ئاکرێ و ناحیەی دینارتە کە چەند بەردێک لەچیا کەوتووبوونەتە سەر شەقام، سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە بە هاوڵاتی راگەیاند،  "شەوی رابوردوو کۆمەڵێک بەرد لەچیا کەوتووبوونەخوار، بەردەکان جورا جۆر بوون گەورە و بچووک، هەر شەوی رابوردوو شارەوانی دینارتە جادەکەیان خاوێن کردوە و ئێستا هاتوچووکردن لەگەلی زەنتە ئاساییە."

هاوڵاتی  وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند لەماوەی مانگێکدا 61 هێرش کراوەتەسەر بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و سوریا.  بەپێی هەواڵی چەند میدیایەکی ئەمریکا، پنتاگۆن رایگەیاندووە لە 17ی مانگی رابردووەوە 61 هێرش کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا و 60 کارمەندی ئەو بنکانە بە سووکی برینداربوون، لەو هیرشانەش 29 هێرشیان لە عێراق بووەو 32 هێرشیان لە سوریا بووە. لە راپۆررتێکی دەنگی ئەمریکادا هاتووە کە بەشێکی زۆری ئەو هێرشانە لەلایە سوپای ئەمریکاوە بەرپەرچدراونەتەوە یاخود شکستیانهێناوە لەوەی بگەن بە ئامانجەکانیان.  تا ئێستا چەندین جار ئەمریکا وەڵامی ئەم هێرشانەی داوەتەوە و هێرشی کردووەتەسەر سەربازگەی هێزەکانی نزیک لە ئێران لە سوریا. دەنگی ئەمریکا لە زاری دوو بەرپرسی پنتاگۆنەوە باس لەوەش دەکات کە لەو کاتەوەی بایدن بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، هێزەکانی نزیک لە ئێران 150 جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا.

هاوڵاتی ئاژاسنی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر کۆمەلێک گروپی چەکداری عێراقی سەر بە حزبوڵادا سەپاند و بە ئەنجامدەری هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا تۆمەتباریان دەکات. لە ماوەی رابردو هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 58 جار لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە لە سوریا و عێراق بە ئامانج گیران، هێرشەکانیش لە دوای نیگەرانییە هەرێمییەکانی جەنگی نێوان غەززە و ئیسرائیل دەستی پێکرد. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، ئەو گروپە چەکدارانە  لە لایەن سوپای پاسدارانی  ئێرانەوە راهێنانیان پێ دەکرێت، یارمەتی دارایی دەدرێن و پاڵپشتی دەکرێن.  دەشڵێت،ئەو گروپانە  ئەنجامدەری ژمارەیەکی زۆر لەو هێرشانەیە ئێستا دەکرێنە سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە عێراق و سووریا. لە نێوان ئەو کەسانەی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەوەی ئەمریکاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، ئەندامێکی دەستەی دروستکردنی بڕیاری کۆمەڵە چەکدارییەکە و بەرپرسی کاروباری دەرەکی و فەرماندەی سەربازی هەیە، کە ئەمریکا تۆمەتباریان دەکات بەوەی لەگەڵ سوپای پاسداران راهێنانیان بە چەند جەنگاوەرێک کردوە.  

هاوڵاتی هەسەدە ناسنامەی شەڕڤانێکی هێزەکانی کە لە گوندی بۆخاز لە باشووری کۆبانێ لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی  تورکیادا شەهید بوو ئاشکرا دەکات. لە ڕاگەیەنراوێکدا هێزەکانی هەسەدە ئاماژەی بەوە داوە، "هێزەکانی  تورکیا ڕۆژانە کۆمەڵکوژییەکان لە دژی گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاد دەکەن و لە هێرشەکانیاندا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی قورس بەکار دەهێنن." باسی لەوەش کردووە، "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک گوندی بۆخازی لە باشووری کۆبانێ بۆردوومان کردووە و لە ئەنجامدا شەڕڤان (سەیوان عەفرین)ـی شەهید بوو."

هاوڵاتی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، تائێستا هیچ بڕیارێكیان بۆ گۆڕینی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دوم به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌. ئه‌مڕۆ هەینی، عومه‌ر ئه‌حمه‌د محه‌ممه‌د، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران له‌ كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، له‌باره‌ی گۆڕینی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دومی نیشتمانی كه ئێستا‌ محه‌ممه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و به‌هۆی بڕیاری دادگای فیدراڵییه‌وه‌ دوورخراوه‌ته‌وه‌، هیچ بڕیارێكیان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌ . ئەمەشلە کاتێکدایە رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە.  محەممەد حەلبووسی لە یەکەم کاردانەوەدا رایگەیاند، "دادگای فیدراڵی کۆتایی بە ئەندامێتیم هێناوە؛ ئەوە بڕیارێکی سەیرە؛ سەرم سوڕماوە و نازانم لە کوێوە هاتووە." وتیشی: "پەنا بۆ رێکاری یاسایی دەبەم بۆ پاراستنی مافی دەستووری." هاوکات فارس ئه‌لفارس، سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی عه‌زم رایگه‌یاندووه‌، گفتوگۆكان بۆ دیاریكردنی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان به‌رده‌وامه‌ و رێككه‌وتن هه‌یه‌ سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان له‌ ده‌ره‌وه‌ی حزبی ته‌قه‌دومی حه‌لبووسی بێت، بۆیه‌ تائێستا گفتوگۆكان به‌رده‌وامن و هێشتا ناوی كاندیده‌كه‌یان یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

هاوڵاتی دوای شەش رۆژ لە بێسەرشوێنبوونی پێشمەرگەیەک بەناوی هاریوان حسێن تەمەن 37ساڵ، ئەمرۆ تەرمەکەی دۆزراوەیەوە. شەوی رابوردوو هێمن سلێمان ووتەبێژی پولیسی دهۆک ڕایگەیاند :گەنجێکی تەمەن 37ساڵ بەناوی هاریوان عیسا، ماوەی شەش رۆژە بێسەرشوێن بووە، هەرکەسێک زانیاری لەسەر هەبێت ئاگادار مان بکاتەوە. سەرچاوەیەک کە ئاگاداری روداوەکەیە ئەمڕۆ هەینی بە هاوڵاتی  وت: بەیانی ئەمرۆ تەرمی هاریوان حسێن لەناوخانووەیەکی هەیکەلدا دۆزراوتەوە. وتیشی، جارێ نازانرێت خۆی کوشتووە یان کوژراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی هۆکاری مردنەکەی. ئەو پێشمەرگەیە ناوی " هاریوان حسێنە و تەمەنی 37ساڵە، خێزاندارە و یەک منداڵی هەیە.