بەرپرسێکی کۆشکی سپی: ئەگەری هەیە ژمارەیەک لە بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکرێن و جەنگ رابگیرێت

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەگەری رێککەوتن بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک لە بارمتەکانی لای حەماس لە هەموو کات زیاترە و رەنگە جەنگ بۆ ماوەیەی زۆر رابگیرێت.

بە پێی هەواڵێکی ئاژنسی رۆیتەرز، جۆن فاینەر، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەگەری رێککەوتن بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک لە بارمتەکان، کە زیاترن لە ١٢ کەس، بوونی هەیە و ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی راگرتنی جەنگ بۆ ماوەیەکی زۆر و هەروەها ئەگەری دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە.

رۆژی یەکشەممە و رۆژێک دوای ئەوەی بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریکی، راپۆرتی رێککەوتنێ رۆژنامەی واشنتن پۆستیان بە درۆ خستەوە، جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس پەرەیسەند. هێزەکانی حەماس رۆژی یەکشەممە رووبەڕووی هێزەکانی ئیسرائیل بوونەوە کە هەوڵیان ئەدا دزە بکەنە گەورەترین کەمپی ئاوارەکانی غەزەوە.

فاینەر دەربارەی گفتوگۆکان بۆ راگرتنی جەنگ راگەیاندووە، "ئەوەی لە ئێستا ئەتوانم بیڵێم ئەوەیە بەشێک لە ناکۆکییەکان لە گفتوگیەکی زۆر ئاڵۆز و زۆر هەستیاردا کەمتر بووەتەوە."

هاوکات مایکڵ هێرتزۆگ، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی (NBC ) وتی، "ئیسرائیل هیوادارە ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسانەی لای حەماس بارمتەن، لە رۆژەکانی داهاتوودا ئازاد بکرێن".

جێگری راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی لە بەشێکی تری لە قسەکانیدا وتی تا ئەو کاتەی لەسەر هەموو خاڵەکان رێککەوتن نەکرێت، هیچ رێککەوتنێک نەکراوە و "گفتوگۆی هەستیاری لەم چەشنە رەنگە لە دوایین ساتدا شکست بهێنێت."

حەماس لە کاتی هێرشی 7ی تشرینی یەکەم بۆ باشووری ئیسرائیل، نزیکەی 240 کەسی بە بارمتە گرت کە بەشێکی زۆریان هاوڵاتی ئەمریکی و ئەوروپین.

لە هێرشەکەی حەماسدا هەزار و 200 هاوڵاتی ئیسرائیلی بە دەستی هێزەکانی حەماس کوژران و دواتریش کە ئیسرائیل بۆردومانی دەستپێکرد بۆ سەر غەززە و تا ئێستاش بەردەوامە، زیاتر لە 12 هەزار فەڵەستینی کوژراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار