نەبوونی پەرەستار لە ئێران هۆکارێکی مردنی نەخۆشەکانە

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

محەممەد شەریفی موقەدەم، بەڕێوەبەری سەندیکای پەرەستاران لە ئێران، رۆژی یەکشەممە ١٢ی تشرینی دووهەم نیگەرانی خۆی لە ژمارەی کەمی پەرەستار لە ئێران و نەخۆشخانەکانی ئێران راگەیاند و وتی :" بەدڵنیاییەوە نەخۆشەکان بە هۆی نەبوونی پەرەستار دەمرن".

تیشی :" ئەگەر هاوڵاتییەکان ناڕەزایەتی دەرنابڕن و بێدەنگن ٢ هۆکاری هەیە، یان ئەوەیە ناوشیارن یان ئەوەیە بەهۆی هەژارییەوە کەم و کوڕییەکانیان قبووڵە".

هاوکات بەڕێوەبەری سەندیکای پەرەستارەکان نیگەرانی خۆی لە کۆچی بەردەوامی پەرەستارەکان بۆ دەرەوەی وڵات دەربڕێ و وتی :" هەموو ساڵێک زیاتر لە ٣ هەزار پەرەستاری خاوەن ئەزموون وڵات بەجێ ئەهێلن و روو ئەکەنە وڵاتانی دەرەوە بۆ کارکردن، لە کاتێکدا وەزارەتی تەندروستی جێگەکەیان پڕ ناکاتەوەو ژمارەیەکی کەمتر دائەمەزرێنێت".

شەریفی موقەدەم هەروەها وتی :" بڕیار بوو لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٣ ، زیاتر لە ١٢ هەزار پەرەستار دابمەزرێن، بەڵام ئەم پرۆسەیە هێشتا تەواوو نەبووەو وەک بە پێی ژمارەی دانراو پەرستار دانامەزرێنن کە دەبێت هەموو ساڵێک ٣ هەزار پەرەستار دابمەزرێت".

لە ساڵانی رابردوودا بەشێکی زۆر لە پزیشک و پەرەستارەکان لە ئێران بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی باشتری کار، روویان لە وڵاتانی رۆژئاوایی کردووەو ئەڵمانیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین پەرەستار و دکتۆری ئێرانی رووی تێ ئەکەن.

پەرەستارەکان لە ئێران لە ئاستی ژیانیان ناڕازین و لەخوارەوە بوونی نرخی تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلار و یۆرۆ، هۆکاری کۆچی پەرەستارەکانە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار