بەرێوبەری نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە: چەند خولەکێک لە مردنەوە دوورین

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

بەرێوبەری نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل چواردەوری نەخۆشخانەکەیان داوە و هەر کەسێک بجوڵێت تەقەی لێدەکەن، دەشڵێت، هەموان چەند خولەکێک لە مردن دوورن و هەر خولەکێک نەخۆشێک دەمرێت، تەنانەت منداڵانی ناو شوشەش. 

محەممەد ئەبو سەلمییە، بەرێوبەری نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە باس لە دۆخی خراپی نەخۆشخانەکەی دەکات و دەڵێت، نەخۆشخانەی شیفا دەورە دراوە بە سەربازی ئیسرائیلیی و ناهێڵن کەس بجوڵێت، تەنانەت ئەگەر هەر کەسێک بجوڵێت تەقەی لیدەکرێت. 

"خەڵک لەناو نەخۆشخانەکە دەمرن، نەخۆشەکان خولەک لەدوای خولەک دەمرن و قوربانی و بریندارەکانیش لە سەرەمەرگدان، تەنانەت منداڵانی ناو شووشەش"، محەممەد ئەبو سەلیمە وای وت.

چەند رۆژێکە لە نزیک نەخۆشخانەکانی غەززە شەڕ و پێکدادان لەنێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل زیادیکردووە و چەند نەخۆشخانەیەک بە سەربازانی ئیسرائیل دەورە دراون بەتایبەتی نەخۆشخانەکانی شیفا و ناسر رانتیسی و قودس. 

بەرێوبەری نەخۆشخانەی شیفا لەسەر خراپی دۆخی نەخۆشخانەکە باسی لەوە کرد، "کارەبا، ئینتەرنێت، ئاوی خواردن و پیداویستی پزیشکی نییە، بەتەواوی لە جیهانی دەرەوە دابڕاوین، چەند خولەکێکی کەم لە مردنەوە دوورین.

هاوکات د.محەممەد ئەبو موغەسیب، لە رێکخراوی پزیسکانی بی سنووری لە غەززە، بە بی بی سی بەریتانی راگەیاندووە، ئەگەر ئاگربەست رانەگەیەنرێت یان پێداویستی پزیشکی نەگات بە نەخۆشخانەکان، "هەموو ئەو نەخۆشخانەی ماون دەمرن و نەخۆشخانەکانیس دەبن بە گۆڕستان."

تا ئێستا زیاتر لە 11 هەزار کەس بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە لە غەززە کوژراون و لە چەند رۆژی رابردوودا بۆردومان بۆ سەر نەخۆشخانەکان زیادیکردووە، بەجۆرێک کە ئێستا فشاری نێودەوڵەتی دەکرێتەسەر ئیسرائیل تا بۆردومانەکانی بوەستێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار