تائێستا نه‌چوومه‌ته‌ به‌شى فه‌لسه‌فه‌ى زانکۆکانى کوردستان چونکه‌ کۆمه‌ڵێک خوێنه‌رى جدیمان هه‌ن له‌ده‌ره‌وه‌ى زانکۆکان

دەربارەی هیگڵ‌و فینۆمینۆلۆژی هۆش، گفتوگۆیەکی فەلسەفی لەگەڵ د.محەمەد کەمال

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: شوان ئەحمەد

بەشی شەشەم

د.محەمەد کەمال، نوسەرو ئەکادیمست و توێژەرێکی بواری فەلسەفە لەبەشی شەشەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەربارەی فینۆمینۆلۆژی هۆش.

 تیشک دەخاتەسەر چەمکی هۆش و روح و رای خۆی لەبارەیانەوە دەڵێت.

د.محەمەد کەمال دەڵێت «زۆربەی کۆڕەکانی من ئەمجارە، لەزانکۆکاندا نەبوون. من تائێستا نەچوومەتە بەشی فەلسەفەی زانکۆی سلێمانی. چوومە هەولێر، بەڵام نەچوومەتە بەشی فەلسەفەی زانکۆی سەڵاحەدین. لەدەرەوەی زانکۆ کۆڕم گرتووە، چونکە دەزانم کۆمەڵێک گەنجی باش، خوێنەری چاک و جدیمان هەن لەدەرەوەی زانکۆکان فەلسەفە دەخوێننەوە».

هاوڵاتى: بەهەرحاڵ ئەوەمان بۆ ڕوونبکەنەوە کەتۆ بۆچی بە(هۆش)کردوتەوە بە (ڕۆح) نەتکردووە، تاخوێنەرانی ئێمە لەو بێنەو بەردەیە نەجاتیان بێت و یەکلابنەوە لەوەی کەکامیان دروستەو هیگڵ خۆی مەبەستی کامیان بووە؟

د.محەمەد کەمال: من لەکۆڕەکەمدا لەسەر (فینۆمینۆلۆژیی هۆش)، ئەوەم روونکردووەتەوە. لێرەشدا هەوڵدەدەم بەچەند خاڵێک ڕوونی بکەمەوە:

یەکەم/ ئەگەر (هۆش) هەڵەبێت و (ڕۆح) ڕاست بێت، ئەی بۆچی کاتێک ولیەم واڵاس(فینۆمینۆلۆژیی) وەرگێڕا بۆسەر زمانی ئینگلیزی، کردی بە (فینۆمینۆلۆژیی هۆش)، کەس پەلاماری نەدا. کەس نەیوت تۆ هەڵەیت و وەرگێڕانەکەی بوو بەستاندارد. بەهەمان شێوە وەرگێڕانێکی دیکەی بەزمانی ئینگلیزی هەیە، بەناوی(فینۆمینۆلۆژیی ڕۆح). ئەمانە کەسیان ناڵێن، من ڕاستم و تۆ هەڵەیت. ئەمە دەبێت، چونکە بەزمانی ئەڵمانی واتای (هۆش، ئاگایی) و ڕەنگە مانای (ڕۆح)یش بگەیەنێت. کە لەڕاستیدا ئەو ناڵێت ڕۆح و دەڵێت: (-واتە خێو، تارمایی). لەم حاڵەتەشدا واباشترە بیکەین بەفینۆمینۆلۆژیی خێو، نەک ڕۆح .

دووەم/ ئەوانەی هیگڵ بەرەو ئایین پەلکێش دەکەن و لەئایدیالیزم زۆر نزیکی دەکەنەوە، حەزدەکەن ئەو بەرهەمەی بکەن بە(فینۆمینۆلۆژیی ڕۆح). ئەوانەشی دەیانەوێت شرۆڤەیەکی مرۆڤدۆستانە بۆ هیگڵ بکەن، زیاتر جەخت لەسەر ڕاڤەکردنی هیگڵ بۆ مێژوو دەکەن (کەدیالێکتیکەکەیە). هەوڵدەدەن ئەو بەرهەمەی بە(فینۆمینۆلۆژیی هۆش)، وەربگێڕن. لەبەر ئەوەی هیگڵ بەیەکێک لەپایە سەرەکیەکانی هۆشگەری و سەردەمی مۆدێرن و تازەگەری دادەنێن.

منیش بۆخۆم لەو ڕوانەگەیەوە، کردوومە بەهۆش نەک بەڕۆح. لەو بڕوایەشدا نیم من هەڵەبم و ئەوان ڕاست بن، یان ئەوان ڕاست بن و من هەڵەبم. مەسەلە ڕاست و هەڵە نییە، چونکە کتێبکە خۆشی بەزمانی ئینگلیزی، بەدوو شێوە ناونیشانەکەی تەرجەمەکراوە(هەم بەهۆش و هەم بەڕۆح).

هاوڵاتى: ئێمە ئێستا لەسەردەمێکدا دەژین، ڕۆژانە گوێمان بەدەنگ و سەدای کۆتاییەکان دەزرنگێتەوە: (کۆتایی مرۆڤ، کۆتایی هونەر، کۆتایی مێژوو، کۆتایی فەلسەفە.....هتد). بەڕای ئێوە فەلسەفە کۆتایی هاتووە، یان دەشێت بیرکردنەوەی فەلسەفی کۆتایی بێت؟

د.محەمەد کەمال: گەر فەلسەفە بەزانستی میتافیزیک دابنێین، ئەو زانستەی لەبوونی خودا دەکۆڵێتەوەو دەیەوێت بەڕاستەقینەیەکی ڕەها بگات، ئەوا فەلسەفە لێرە کۆتایی دێت. چونکە زانستەکان هاتوون وەڵامی زۆر پرسیاریان داوەتەوە. بەڵام کاتێک فەلسەفە بەبیرکردنەوە لەبوون دادەنێین، بەهیچ شێوەیەک کۆتایی نەهاتووەو کۆتایشی نایەت، لەبەرئەوەی تائێستا نەمانتوانیوە ڕاستی بوون بناسین و واتاکەی بدۆزینەوە. بۆیە پێویستە فەلسەفە بەردەوام بێت و بەردەوامی هەبێت.

هاوڵاتى: میشیل ئۆنفێری وەک چەپێکی نیتشەیی و وەک پۆست - ئانارشیستێک، کار بۆ ئەوە دەکات فەلسەفە بکاتە بابەتێکی میللی و جەماوەری و لەوچوارچێوە ئەکادیمی و نوخبەگەراییە دەریبهێنێت. لەوبارەیەوە دەڵێت: (پێویستە فەلسەفە لەو تەوقە ئەکادیمیە ڕزگاربکرێت و بگەڕێتەوە ناو خەڵک و نێو شەقام و کوچەو کۆڵانەکان). ئەمە هەولێک نییە بۆ لێدان لەفەلسەفەو کۆتایهێنان بەفەلسەفە؟ یان هەولێکە بۆ ڕزگارکردنی لەدەستی نوخبەگەرا و ئەکادیمیا؟

د.محەمەد کەمال: بەڵێ. من خۆم میشێل ئۆنفێری دەناسم. بینیوومەو پێکەوە دانیشتووین. لەماوەی ڕابردوودا سەردانی ئوستراڵیالی کرد. لەوێ رادیۆیەک دەعوەتی چەند کەسێکیان کردبوو بۆ ژەمی بەیانی تا لەگەڵ میشێل ئۆنفێری دانیشن، یەکێک لەوانەی داوەتکرابوون، من بووم. ئەوانەی لەوێ بوون سێ چوار کەس بوون کەڕۆژنامەنووس بوون، شارەزاییان لەفەلسەفەدا نەبوو.

لەو دانیشتەدا دووبەدوو کەوتینە گفتوگۆو مشتومڕ لەسەر هەندێ کێشە، بەتایبەت تەکنەلۆژیاو گەشەی خێرای زانست و چەند بابەتێکی تر. بەڕێوبەری ڕادیۆکە دواتر تەلەفونی بۆکردم، وتی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیم ئامادەکردووە تا تۆو میشێل ئۆنفێری گفتوگۆبکەن. منیش لەوەڵامدا وتم: (دەبێت کاتم بدەنێ، تاخۆمی بۆ ئامادەبکەم). ئاخر ئاسان نییە لەسەر تەلەفزیۆن و لەگەڵ فەیلەسوفێکی فەرەنسی دابنیشیت و دەبێت ئەو شتانەی دەیانڵێیت مەعقول بن. کتێبەکانی بخوێنیتەوەو پرسیارت هەبێت و گفتوگۆ بکەیت لەگەڵی دا . من وتم دەبێت لانی کەم هەفتەیەکم بدەنێ بۆ خۆئامادەکردن، بەڵام ئەو دەڕۆیشتەوەو زۆر نەمایەوە.. لەبەرئەوە نەمتوانی بەشداربم و لەبری من یەکێکی دیکەیان بانگهێشت کرد.

بەڵام سەبارەت بەپرسیارەکەتان و گواستنەوەی فەلسەفە لەهۆڵە ساردەکانی وانەوتنەوەی زانکۆکانەوە، بۆ نێو خەڵک، ئەوە شتێکی تازە نییە. بەبۆچونی من یەکەمجار هایدیگەر کردی، بەنووسینی کتێبی(بوون و کات). (بوون و کات) کەدەیخوێنیتەوە، وەکو(فینۆمینۆلۆژیی هۆش)نییە. دەقێکە تەنانەت ئەوەی فەلسەفەشی نەخوێندووە، دەتوانێت بیخوێنێتەوەو لێی تێبگات. تەنانەت مارکۆزە لەوتارێکیدا دەڵێت:(هایدیگەر توانی فەلسەفە ڕزگاربکات و لەزانکۆکانەوە بیهێنێتە سەرشەقام). ئەڵبەتە مەبەستی لە(سەرشەقام)یش ئەوە نییە بیخاتە ناو کلتورە بازاڕیەکەوە، بەڵکو بەو مانایەی ئەو خوێنەرەی دەستی بەزانکۆکانیش نەگەیشت، دەیتوانی (بوون و کات) بخوێنێتەوەو لەبۆچونەکانی هایدیگەر تێبگات. بەهەمان شێوە میشێل ئۆنفێری دەیەوێت، فەلسەفە لە زانکۆکان ڕزگار بکات و بیهێنێتە دەرەوە. ئەمەش بەبڕوای من، کارێکی زۆر باشە. تۆ دێیت و بیرکردنەوەی فەلسەفی بەخوێنەران بناسێنیت، کارێکی زۆرباشە.

ئەڵبەتە من حەزناکەم خۆم بخەمە ڕیزی ئەو فەیلەسوفانەوە، چونکە ئەوانە هەم مرۆڤی گەورەن و هەم فەیلەسوفی گەورەن، بەڵام بیرت نەچێت زۆربەی کۆڕەکانی منیش ئەمجارە، لەزانکۆکاندا نەبوون. من تائێستا نەچوومەتە بەشی فەلسەفەی زانکۆی سلێمانی. چوومە هەولێر، بەڵام نەچوومەتە بەشی فەلسەفەی زانکۆی سەڵاحەدین.

لەدەرەوەی زانکۆ کۆڕم گرتووە، چونکە دەزانم کۆمەڵێک گەنجی باش، خوێنەری چاک و جدیمان هەن لەدەرەوەی زانکۆکان فەلسەفە دەخوێننەوە. پێویستە ئەوانە ببینم و پێویستە فەلسەفە لەو شێوازە تەقلیدییە بێتە دەرەوەو بچێتە ناو خەڵکەوە. ئەمەش بۆخۆی هەوڵێکی بەجێیە، بەڵام نابێت بکرێتە کلتورێکی بازاڕی. کلتوری بازاڕی ئەوەیە، بۆنمونە من کتێبێک دەنووسم (چۆن لەهەفتەیەکدا فێری فەلسەفە دەبیت)، وەک چۆن جاران بەزمانی عەرەبی کتێبی لەو جۆرە هەبوو (فێربونی زمانی ئینگلیزی لەسێ ڕۆژدا).

ئەمە بۆ خۆی بەبازاڕکردنی ئەو جۆرە زانینەیەو من لەگەڵ ئەوەدانیم، بەڵام زۆر گرنگە ئێمە بتوانین فەلسەفە لەزانکۆکاندا بێنینە دەرەوە، تابگاتە دەست خوێنەری جدی لەدەرەوەی زانکۆکان. من بڕوام بەنوخبە و دەستەبژێرییە، بەڵام بڕوام بەوە هەیە هەموو کایەیەک (هونەر، فەلسەفە، ئەدەب)، خوێنەری خۆیان هەیە. جائەو خوێنەرە هەرتەنها نوخبە نییەو بەنوخبەی دانانێم، بەڵکو بەخوێنەری جیاوازی دادەنێم.

ڕەنگە من و تۆ حەز لەهونەری شێوەکاری بکەین، هەر پێشانگایەکی هونەری لەم شارەدا بکرێتەوە دەچین ڕووی تێدەکەین. دەچین دەیبینین تابزانین ئەو هونەرە چۆنە، بەڵام هەشە لەوانەیە لەهەموو ژیانیدا، پێشانگایەکی هونەری نەدیبێت. ئەمەش دەکەوەێتە سەر حەزو ئارەزووی تاکەکەسەکان.

هاوڵاتى: دەی باشە گەر وابێت دەکرێت هەموو فەلسەفەیەک لەو چوارچێوە ئەکادیمیی و زانکۆی و نوخبەگەراییە دەربهێنرێت و بهێنرێتە سەرشەقام و نێو کوچەو کۆڵانەکان و بەمیللی بکرێت، بۆنمونە (فەلسەفەی کانت، هیگڵ، ڤیتگنشتاین، میرلۆپۆنتی و......هتد)؟ فەلسەفەی ئەمانە تائەو رادەیە سادەو ئاسانە تاوردبکرێتەوەو هەموو کەس تێی بگات؟

د.محەمەد کەمال: مەبەستم وردکردنەوەو بەمیللی کردن نییە. من دژی ئەوەم. وەک وتم نابێت کتێبێک بنووسین بازاڕی بێت و لەئاستێکی ئەکادیمیدا نەبێت. بەڵام باوەڕم بەوەهەیە کەمرۆڤ لەنێو زانکۆدابێت و لەدەرەوەی زانکۆ بێت، دەتوانێت بیربکاتەوە.

دەتوانێت بخوێنێتەوەو دەتوانێت خۆی بەکێشە فەلسەفیەکانەوە ماندوو بکات. ئەوە بۆ من گرنگە. ئێمە گەر لەبەشی فەلسەفەی زانکۆیەکدا سەد خوێندکارمان هەبێت، رەنگە پێنجسەد خوێنەرمان لەدەرەوەی زانکۆدا هەبێت، روو لەکتێبی فەلسەفی بکەن و بەجدی بیخوێننەوە.

من خۆم کاتێک کتێبی فەلسەفەیم خوێندۆتەوە، لەزانکۆ نەبووم و نەشمتوانیوە بگەمە زانکۆ. بەڵام بەردەوام کتێبی فەلسەفیم خوێندۆتەوەو هەوڵمداوە تێ‌بگەم. من دڵنیام زۆر خوێندکاری تریش بەهەمان شێوە هەن، دەیانەوێت لەفەلسەفە تێبگەن و پێویستە ئێمە هەوڵبدەین خۆمان بەو خوێنەرانە بگەیەنین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار