كاندیدانی سەربەخۆو ئیسلامییەكان ترسیان لەساختەكاری هەیە

كاندیدانی سەربەخۆو كۆمەڵ و یەكگرتوو داوا لەهاووڵاتیان دەكەن كارتی دەنگدان وەربگرنەوە بۆ رێگرتن لەساختەكارییەكان لەهەڵبژاردندا

4 هەفتە لەمەوپێش




شاناز حەسەن

هەریەكە لەكۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ كاندیدانی سەربەخۆ ترسیان لەئەنجامدانی ساختەكاری لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقدا هەیەو پێیانوایە بەشداریكردنی خەڵك ساختەكارییەكان كەمدەكاتەوە.

بڕیارە 10ی تشرینی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت، بەپێی یاسای نوێ، عێراق دابەشكراوە بۆ 83ی بازنەی هەڵبژاردن و سەدان كاندید كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی 329 كورسی.

هەریەك لەكۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی ترسیان لەساختەكاری هەیە لەلایەن لایەنەكانی دەسەڵاتەوە.

فاروق عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمەڵی دادگەریی، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»بێگومان هەڵبژاردن زۆر ئومێدبەخش دەبێت بەوەی كە ساختەكاری تێدانەبێت، بەڵام هێشتا هەر ئەگەری بوونی ساختەكاری زۆرە، بەتایبەتی لەم هەڵبژاردنەدا».

ناوبراو باسی لەوەشكرد  ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیان تائێستاش كارتی دەنگدانیان وەرنەگرتۆتەوەو ژمارەیەكی زۆریشیان ساردن لەبەشداریكردن، وتیشی:» ئەمە وادەكات ژمارەیەك لەپارتە دەسەڵاتدارەكان پەنابەرن بۆ ساختەكاری كەئەمە پیشەی هەمیشەییان بووە».

«هەرچەنەد ئەندامانی كۆمسیۆن و لایەنی بەرپرس دڵنیایی دەدەن كە ئەمجارە مەجالی ساختەكاری نیە و ناكرێت، بۆیە لەمكاتەدا ترس دێتە سەر ترسی ئەلیكترۆنی ئەگەری هاككردن هەیە، هەڵسوكەوتكردن بە سێرڤەرەكانەوە، بەتایبەت كە لەدەرەوەی عێراق بن»، فاروق عەلی وا دەڵێت.

بەرپرسەكەی كۆمەڵی دادگەری ئەوەشی دووپاتكردەوە كە چاودێرەكانیان باوەڕیان بەئەوە هەیە لە پێناوی گۆڕانكاریدا شەونخونی بكەن و وەك پیشەیی هەمیشەییان چاودێری دۆخەكە دەكەن تا ئەوكاتەی سندوقەكان دەچنە شوێنی خۆیان.

هەروەها ئەندامێكی كەمتەبی هەڵبژاردنی یەكگرتوو پێیوایە ساختەكاری لەم هەڵبژاردنەدا ئەگەرێكی واریدە.

هێمن ئەسكەندەر، ئەندامی مەكتەبی هەڵبژاردنەكانی یەكگرتوو لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» ئەمجارە كۆمەڵێك رێكار گیراونەتە بەر كۆمسیۆن و لایەنی پەیوەندیدار وەك خۆی جێبەجێی بكات،  هێزە سیاسییەكان رێز لەئیرادەی دەنگدەری خۆیان بگرن و دەنگدەریش ئەو رۆژە بەفرسەت وەربگرێت و بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان، ئەگەرەكانی ساختەكاری وەك جاران نابن و زۆر كەمدەبنەوە».

ئەو ئەندامەی مەكتەبی هەڵبژاردنەكانی یەكگرتوو پێشیوابوو «ترسی ساختەكاری هەیە»، بەڵام كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشتر بەو دەردەچوو كە بینرا هەندێكیان درانە دادگاو هەندێك لابران و ئەو ساختەكاریەی لەهەڵبژاردنی 2018دا كرا وایكرد هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە بچێتو بۆیە ناكرێت هێزە سیاسییەكان و كۆمسیۆن و لایەنە پەیوەندیدارەكان رێگەبدەن وەك پێشتر دەنگدان بكرێت.

لەهەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراقدا دەنگدان لەڕێگەی سیستمی ئەلیكترۆنییەوە ئەنجامدراو لایەنەكان یەكتریان تۆمەتبار دەكرد بەئەنجامدانی ساختەكاری و بەو هۆیە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق متمانەیان لێوەرگیرایەوەو كۆمسیۆنێكی نوێ لەدادوەران دیاری كران.

« چاودێری دەنگەكان دەكەین تاكۆتا دەقەو ئێستاش كۆبوونەوەی بەردەواممان هەیە لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان و یۆنامی بۆ چاودێری دۆخەكەو رێگری كردن لەساختەكاری و رێگریكردن لێی»، هێمن ئەسكەندەر وای وت.

دوو كاندیدی سەربەخۆ كە لەسلێمانی خۆیان كاندیدكردووە ئەوە دووپاتدەكانەوە ئەگەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكە ساختەكاری تێدا بكرێت قبوڵی ئەنجامەكەی ناكەن.

رێبوار كەریم مەحمود، پەرلەمانتاری ئێستاو كاندیدی سەربەخۆ بۆ پەرلەمانی عێراق، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»لەلایەن كۆمسیۆنەوە دڵنیایمان دراوەتێ و رێككەوتوین،  كە هەر جۆرە ساختەكاریەك ببینین،  قبوڵی دەرئەنجامەكەی ناكەین و بێدەنگ نابین، بەڵام دڵنیاییان داوینەتێ كە ساختەكاری ناكرێت و گرفتی گەورە دروست نابێت».

رێبوار كەریم مەحمود وتیشی:» رێگری دەكەین لەهەموو جۆرە ساختەكارییەك و تا دوا دەقە چاودێر دەبین».

هەروەها سەركەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری ئێستاو كاندیدی سەربەخۆ بۆ پەرلەمانی عێراق، لەلێدوانێكدا بە وت:» هەموو هەڵبژاردنێك بەشێك لەساختەكاری تێدادەبێت، بەڵام زۆرترین ساختەكاری لەو كاتانەدا روودەدات كە بەشداری خەڵك كەمدەبێتەوە، بۆیە تا بەشداری خەڵك كەمتر ببێتەوە، ساختەكاری زیاتر دەبێت».

وتیشی:»ترسەكە هەر هەیە، بەڵام زۆرترینی ترسەكە پەیوەندی بەبەشداریكردنی خەڵكەوە هەیە».

هەریەك لەنەتەوەیەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپاو چەندین رێكخراوی مەدەنی بیانی بڕیارە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 800 چاودێر لەپرۆسەی هەڵبژاردن بەشداربن و تێیدا سەرجەم ساختەكاری و پێشێلكارییەكان دەكەنە راپۆرت و دواتر لەمیدیاكان و دامەزراوەكان و پەرلەمانی وڵاتەكانیاندا رایدەگەیەنن.

هاوكات كۆمكاری وڵاتانی عەرەبیش بە دەیان چاودێر دەنێرێتە عێراق تا چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن.

سەركەوت شەمسەدین، ئەوەشی روونكردەوە كە لەهەموو بنكەیەك چاودێری تایبەتیان هەیە  لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بەهاوبەشی بەردەوام دەبن و دەبنە چاودێر بۆ رێگرتن لە ساختەكاری و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار