دوای ساڵێک هێشتا بەشێک لە زیانلێکەوتووانی تەقینەوەکەی دهۆک قەرەبوو نەکراونەتەوە

8 مانگ لەمەوپێش



عەممار عەزیز

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک هێشتا بەشێک لەزیانلێکەوتوانی تەقینەوەکەی دهۆک کە بەهۆی غازەوە روویدا قەرەبوو نەکراوەنەتەوەو کەیسەکەش لەدادگا یەکلایی نەکراوەتەوە.

لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لەیەکیک لەباڵەخانەکانی سەنتەری دهۆک بەهۆی تەقینەوەی سیستەمی غازی LPG  حەوت کەس گیانیان لەدەستداو٤٠ کەسی تریش برینداربوون.

تەقینەوەکە لەسیستمی غازیی فڕنێکدا بوو کەبەشە ناوخۆییەکیش لەنهۆمی سەرەوەی فڕنەکەدا بوو. فڕن و بەشە ناوخۆییەکە دەکەونە گەڕەکی گرێ باسێ لەدهۆک.

مەروان جەواد، کەیەکێکە لەبریندارانی رووداوەکە بەهاوڵاتی راگەیاند، «پێش تەقینەوەی تانکیی غاز بەچەند رۆژێک ئاگاداری کۆمپانیای غازی مزگین-مان کرد کە غاز لەتانکییەکە دەچێت، کۆمپانیاکە هەڵسان کەسێکیان نارد تاوەکو کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام ئەو کەسە هیچ شارەزایی نەبوو ژمێریاری کۆمپانیا بوو، بۆە کێشەکە هەروەکو خۆی مایەوەو رۆژ بەڕۆژ زیاتر غاز لەتانکییەکە دەهات تاگەیشتە ئەوەی تەقییەوە».

مەروان جەواد کەدوکانێکی لەو باڵەخانەیە هەبووە کە تەقیوەتەوەو هێشتا قەرەبوو نەکراوەتەوە، دەشڵێت» لەکاتی رووداوەکە من لەدوکان بووم بەهۆی بەهێزی تەقینەوەکە حەوت مەتر منی فڕێدا، چەند رۆژێک لەنەخۆشخانە بووم تا بەتەواوی چاکبوومەوە، راپۆرتی کۆتایی لەدادگا دەرچووە کەهۆکاری رووداوەکە کۆمپانیاکە بوو، سەڕەرای ئەمە ساڵێکە کێشەکەمان لەدادگایە تا قەرەبووی خۆمان وەربگرین بەڵام کۆمپانیاکە ئامادەنیە بمانداتێ».

مەروان جەواد لەسەر زیانەکان باسی لەوەکرد کە بەبڕی ٣٧ هەزار دۆلار زیانی بەرکەوتووە، بەڵام کە «دەچینە کۆمپانیا پێمان دەڵێن ئەگەر دەتانەوێت وەک خێر دوو هەزار دولارتان پێدەدەین، ئێمەش قبوڵمان نەکردووە، کەسوکاری قوربانیان و خوێندکاران قەرەبووکراونەتەوە، بەڵام ئێمە کە چوار کەسین لەگەڵ خاوەنی بیناکە تائێستا قەرەبوو نەکراوین، داوای مافی خۆمان دەکەین و بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری دۆسیەکەی خۆمان نابین».

دوای رووداوەکە، لیژنەیەکی باڵا پێکهنێرا بۆ لێکوڵینەوەو چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە، کەهەریەک لەبەرگری شارستانی، پولیس، ئیدارەی پارێزگای دهۆک سەرپەرشتی دۆسیەکەیان دەکرد.

بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی دهۆک بەهاوڵاتی وت، «ئێمە لەلیژنەکەدا بووین بەڵام دوای کۆتاییهاتنی کارەکانمان لەئێستادا ماوەتەوە لای دادگا، تاپێش مانگێکیش کەیسەکە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، دادگا داوای شارەزای کردووە لەبارەی غازی LPG  تا بەتەواوی بۆیان روون ببێتەوە کەهۆکاری راستەقینەی رووداوەکە کێ بووە، بەپێی ئەو لێکوڵینەوەیەی ئێمە کردوومانە دیاربووە پێش رووداوەکە غاز لەتانکییەکە دەچوو، بەڵام کێ خەتابارە نازانین، ئایا خاوەن فڕنەکە ئاگاداری کۆمپانیاکەی کردبوو پێشتر یان ئاگادارکراوتەوەو کۆمپانیاکە ئیهمالی کردووە، ئەمانە هەمووی پێویستی بە بەڵگەیە ناتوانین شتێک لەسەر خۆمان بکەینە ماڵ و دواتر راست دەرنەچێت».

بێوار عەبدولعەزیز دەشڵێت، «چەند کەسێک ئەوانەی لەبیناکە دوکانیان هەبوو و ئیشیان دەکرد، لەدادگا سکاڵایان تۆمارکردووەو هێشتا دەرئەنجامی سکاڵاکە یەکلایی نەبووەتەوە، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بکەین تابڕیاری دادگا دەردەچێت».

لەبارەی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە، بێوار عەبدولعەزیز وتی: ئەوەندەی ئاگادارین چەند کەسێک قەرەبوو کراونەتەوە، بەڵام نازانین هەموویان قەرەبووی خۆیان وەرگرتووە یاخود هێشتا هەندێک کەس ماون، چونکە پارە نەهاتووەتە لامان تائێمە دابەشی بکەین، لەسەر ئاستی باڵا لیژنه پێکهێنراوە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام ئێمە دڵنیاین کەهەر کەسێک زیانی بەرکەوتووە حکومەت قەرەبووی دەکاتەوە، بەڵام کەی و بڕەکەی چەندە، ئەمە دەمێنێتەوە سەر بڕیاری حکومەت».

هۆشیار واحد، خوێندکارە لەپەیمانگای وەرزشی دهۆک، یەکێک بوو لەقوربانیەکانی تەقینەوەکە بەهاوڵاتی وت: بەدوو قوناغ قەرەبوو کراوین، جاری یەکەم بڕی 200 دولارمان وەرگرت و جاری دووەم لەلایەن لیژنەیەک لەوەزارەتی پەروەردە وەک قەرەبوو هەر خوێندکارێک 408 هەزار دینارمان وەرگرتووە، کۆی ئەو پارەیەی لەوەجبەی دووەم دابەشکراوە 20 ملیون دینار بوو، دابەشکرا بەسەر 49 خوێندنکاردا».

هۆشیار واحد دەشڵێت:  ئەوەندی زانیاریم وەرگرتووە تەواوی ئەو خوێندکارانەی زیانیان بەرکەوتووە قەرەبوو کراونەتەوە، جار ئەگەر کەسێک وەرینەگربێت یان بەهەر هۆکارێکی تربێت ئەوە شتێکی ترە».

کۆمپانیای «غازی مزگین» غاز دەداتە ماڵان و خاوەن فڕنەکان، هاوکات تانکی فڕنی ئەو بینایەی کەتەقینەوەکەی لێ روویداوە هەر لەلایەن ئەو کۆمپانیایەدا بووە، بۆ یەک رۆژیش کۆمپانیاکە سزانەدراوەو هەر لەوکاتەوە تائێستا ئیشی خۆی دەکات.

پەیامنێری هاوڵاتی، چەند جارێک پەیوەندی بەئیدارەی کۆمپانیاکەوە دەکات، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار