وڵاتانی ئەوروپا روو لە داروخانی زانستی و ئابووری دەکەن
لە کۆی 50 کۆمپانیای زەبەلاحی تەکنەلۆجی جیهانی تەنها چواریان ئەوروپین.
23 كاتژمێر لەمەوپێش
تڕەمپ دەڵێت: ئەگەر ئەمریکا نەبێتە تاکە سەرچاوەی غاز بۆ ئەوروپا، ئەوا پێناسی گومرگیی نوێ بەسەریاندا دەسەپێنین.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
ڕووداوە جیهانییەکان بە تایبەت جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر وڵاتانی ئەوروپا دروستکردووە، بە جۆرێک خۆری کیشوەری ئەوروپا نەک بە تەنها ڕوو لە کزبوونە بەڵکو مەترسی باڵکێشانی تارمایی بەسەریاندا دەکرێت، کە هەردەم وڵاتانی ئەو کیشوەرە، نمونەی گەشاوەی زانست و ئابوری و خوێندن و پەروەردە و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بوون لە سەرتاسەری جیهان.
سەرباری ئەوەی ئەورووپا مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە لە داهێنانی زانستیدا بە تایبەت لە بوارەکانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل و تەکنەلۆژیای نوێ و دەرمانسازییدا، بەڵام بەم دواییە هەست بە دواکەوتنی دەکرێت لەچاو زۆر وڵاتی پێشکەوتووی دیکەدا. پێشتر ئەورووپا کە بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی پێشکەوتوو ناسرابوو، بەڵام ئەمرۆ لە کۆی 15 جۆری ئۆتۆمبێلی کارەبایی پڕفرۆشی جیهان، تەنانەت یەک دانەشیان هی وڵاتانی ئەوروپا نین.
لەوبارەیەوە ماریۆ دراگی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا و پارێزگاری ئێستای بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە دەڵێت: لە نێوان 50 کۆمپانیای زەبەلاحی جیهاندا تەنها چواریان ئەورووپین، کە ئەمەش نزمی ئاستی توانای کێبرکێی وڵاتانی ئەورووپا نیشان دەدات.
هاوکات کریستین لاجارد سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەوروپا دەڵێت: ئێمە بە پێچەوانەی رابردووەوە لە قۆناغێکی پێشکەوتنی خێرای تەکنەلوژیدا دەژین، بەڵام بەداخەوە ئەوروپا لە ئێستادا پێشەنگی ئەو پێشکەوتنە نوێیە نییە.
چاودێرانیش دەڵێن ئەگەر وڵاتانی ئەورووپا لەسەر ڕێڕەوی ئێستایان بەردەوام بن، ئەوا ئەو وڵاتانە دەبنە مۆزەخانەیەکی جوانی ماندوو، بۆ گەشتیارانی چینی و ئەمریکی.
سەرباری کۆی ئەو ئاماژانە کە بوونەتە هۆی پاشەکشێی وڵاتانی ئەورووپا، گەڕانەوەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە چەند هەفتەی داهاتوودا بۆ سەرکورسی دەسەڵات بارگرانی سەرشانیان هێندەی دیکە زیاد دەکات.
ترامپ لە نوێترین لێدوانیدا داوای لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە، نەوت و غازی زیاتر لە ئەمریکا بکڕن بە جۆرێک هاوتەریب بێت لەگەڵ ئاستی هەناردەی ئەوروپا بۆ ئەمریکا کە ساڵانە بە 500 ملیار یۆرۆ دەخەمڵێنرێت، ئەگەرنا ئەوا واشنتۆن پێناسی گومرگی لە سەر هەناردەی ئەوروپا بۆ ئەمریکا بە رێژەی %20 زیاد دەکات، چونکە لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەم هەرەشەیەش ئابووری ئەوروپا رووبەرووی قەیرانی جدی دەبێتەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا بۆ وڵاتانی ئەورووپا بازاڕێکی زۆر گرنگە و زۆرینەی کەرەستەی بەرهەمهاتووی ئەورووپا هەناردەی ئەمریکا دەکرێت.
لەسەر ئاستی سەربازیش، تڕەمپ بەردەوام داوای لە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ کردووە، کە ئەوپارەیەی کەوتووەتە ئەستۆیان رادەستی واشنتۆنی بکەن، ئەگەرنا ئەوا ئەمریکا جارێکی تر هەڕەشەی کشانەوە لەو هاوپەیمانێتییە دەکات، هەڕەشەکانی تڕەمپیش بارگرانیەکی تری ئابووری بۆ سەر وڵاتانی ئەورووپا دروستدەکات و هێندەی تر دووچاری کورتهێنانی بودجەیان دەکاتەوە. جگە لەوەش دوور نییە هەندێ لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ناچار بە گرتنەبەری سیاسەتی سکهەڵگوشین بکات.
گۆرانکارییە ئابوری و سەربازییەکانی جیهان بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا زۆر خێران، بۆیە هەر جۆرە بەجێمانێک لەو کاروانە نەک بە تەنیا زیانی گەورەی بۆ وڵاتە دواکەوتوو و تازە گەشەکردووەکان هەیە، بەڵکو بۆ وڵاتە پێشکەوتووەکانیش بە داتەپینی ئابوری و پاشەکشێی زانستی دوایی دێت. بەو پێیەشی لە ئێستادا وڵاتانی ئەورووپا لە کاروانی نوێی داهێنانە بەردەوامەکانی بواری تەکنەلۆژیا پاشەکشەیان کردووە، پێدەچێت نەوەکانی داهاتووی ئەو کیشوەرە باجی قورسی ئەو پاشەکشێکردنە بدەن.