بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ سوپای سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات داوای فەیلەقێکی سەربەخۆ دەکات.

چەکدارانی بیانی لە ریزەکانی هەسەدە و گروپە چەکدارەکانی تری سووریادا، لێکچوون و جیاوازییان چییە؟

23 كاتژمێر لەمەوپێش



داوا دەکرێت چەکدارە بیانییەکان لە ریزەکانی هەسەدە دووربخرێنەوە، بەڵام لە دیمەشق پلەکانیان بەرزدەکرێتەوەوە.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

دوای ئاشکرابوونی ناوەرۆکی یەکەمین دانوستانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتی کاتی سووریا؛ کە تیایدا هەسەدە داوایکردووە لە سووپای نوێی سوریادا فیرقەیەک یان فەیلەقێکی سەربەخۆ بە هێزەکانی سووریای دیموکرات بدرێت و بەرهەمهێنانی نەوتیش لە نێوان بەرێوەبورایەتی خۆسەری و دیمەشق بە یەکسانی دابەشبکرێت، بەڵام بەرپرسانی نوێی دیمەشق ئەم پێشنیارەی هەسەدەیان رەتکردووەتەوە و لەسەر ئەوە رێکەوتوون کۆبوونەوەکانی نێوانیان بەردەوامبێت.

هاوکات داواکارییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوە و دوورخستنەوەی چەکدارانی بیانی لە ریزی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا روو لە فراوانی دەکات؛ کە ژمارەیان دەیان کەسە و ئەرکی سەرەکیشیان لە رابردوودا راهێنان و مەشقی سەربازی بووە بە شەڕڤانان، بەڵام لە هەمانکاتدا دوای پێکهێنانی وەزارەتی بەرگری لەلایەن دەسەڵاتی نوێی سوریا و راسپاردنی "مرهەف ئەبو قەسرە" بۆ پۆستی وەزیری بەرگری، "ئەحمەد شەرع" سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا پلەی سەربازیی ژمارەیەک لە فەرماندەی گرووپە چەکدارەکان لە سوپای نوێی سووریادا بەرزدەکاتەوە کە  7ـیان جیهادیی بیانین.

ئەحمەد شەع لە نووسراوی پلە بەرزکردنەوەکەشیاندا، خۆی وەکو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی سووریا ناساندووە.

ئەو چەکدارە بیانیانەش کە شەرع پلەی باڵای لەنێو سوپای سووریادا پێداون؛ ئەلبانی و تورکی و ئوردنییان تێدایە و تا ئێستاش بە تەواوی نازانرێت ژمارەیان چەندە. چەند سەرچاوەیەکیش دەڵێن ئەحمەد شەرع بە نیازە رەگەزنامەی سووریان پێبدات.

کۆی ئەو هەموو بڕیار و رێنماییە نایاسایی و دوفاقیانەی ئەحمەد شەع دەریکردوون هیچ بنەمایەکی دەستووریان نییە و خۆناساندنیشی وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی سووریا کەس نازانێت لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت.

لە دوای روخانی ئەسەد و بەرپابوونی شەڕێکی خوێناوی لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەکرێگیراوانی تورکیادا، تا ئێستا ئەحمەد شەرع هیچ هەڵوێستێکی جدی نەبووە بۆ راگرتنی شەڕەکە کە تەنها لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ کەس لە شەڕ و پێکدادانەکاندا کوژراون.

بە بڕوای چاودێران، بۆ یەکلایی کردنەوەی کۆی ناکۆکییە سیاسی و سەربازییەکانی سووریا، ئەو وڵاتە پێویستی بە دەستوورێکی نوێ و هەڵبژاردنی پەرلەمان هەیە، بەڵام وەک پێشتر شەرع رایگەیاندبوو نووسنەوەی دەستوور سێ ساڵ و هەڵبژاردنیش چوار ساڵی دەوێت، تا ئەو وادەیەش سوویا لەبۆشایی یاساییدا دەبێت و کۆی بڕیا و رێنمایبەکانی شەرعیش پوچەڵ و بێ بنەما دەبن. بۆیە ئەگەر لە ماوەیەکی کەمدا هەڵبژاردن نەکرێت و شەرعییەتی دەسەڵات لە هاوڵاتیانی سووریا وەرنەگرن، پێدەچێت ئەمریکا و رۆژئاواش دان بە دەسەڵاتی کاتی ئێستای سوریادا نەنێن، سەرئەنجام کێشە و ئاڵۆزییەکانی سووریا بە بێ چارەسەر دەمێننەوە و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەش دەبنە قوربانی قەیرانە یەک لەدوا یەکەکان.

هەرچی هێزەکانی سوریای دیموکراتیشە بەرچاو ڕوونی تەواوی هەیە و خۆی دەزانێت لە پێناو چیدا دامەزراوە و لە سووریای دوای رژێمی ئەسەدیشدا چۆن هەڵسوکەوت بکات، بەڵام دەسەڵاتی نوێی سووریا هەر لەسەرەتاوە بەهۆی دەستوەردانەکانی تورکیا و لایەنگریی ژمارەیەک لە گروپە چەکدارەکانەوە بۆ ئەو وڵاتە، دووچاری دوفاقی سیاسی بووە و بەو شێوەش هەرگیز ناتوانێت هاوڵاتیانی سووریا بە کەنارێکی ئارام بگەیەنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار