دەم پارتی: ئۆجەلان هەمومان بانگهێشت دەکات بۆ ئاشتبوونەوە

دوێنێ



وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند،عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ کردنەوەی ڕێگەی چارەسەری دیموکراتیک بانگەوازی بەرپرسیارێتی یەکسان لە هەمووان دەکات و هەمومان بانگهێشت دەکات بۆ ئاشتبوونەوە، وتیشى پێویستە هەلومەرجی گونجاو بۆ ئۆجەلان بڕەخسێنرێت، تاوەکو ئەم دەرفەتە مێژووییە بەردەوام بێت.
وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئایشە گوڵ دۆغان، دەربارەی ئەو پرسانەى  لە کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی تاوتوێکران، کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەست.
ئایشەگوڵ دۆغان تیشکی خستەسەر دوایین دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، ڕایگەیاند پرسی کورد گرنگترین پرسی تورکیایە، بەڵکو پرسی هەرێمەکەیە، وتی: ئۆجەلان بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک و کردنەوەی ڕێگەی دانوستانی یەکسان، بانگەوازی بەرپرسیارێتی لە هەمووان دەکات. چونکە دەزانێت ئەم فۆرمولە بە قازانجی تەواوی تورکیا دەشکێتەوە.
وتەبێژەکەى دەم پارتى ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، گۆشەگیری سەر ئاپۆ گۆڕاوە بۆ ڕژێمێک، تیشکی خستەسەر گرنگی پەیامە ٧ خاڵییەکەی، وتی: ئۆجەلان بانگەواز لە ڕای گشتی تورکیا دەکات، بانگەواز لە هەموومان دەکات، کاربکەین بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک و دیالۆگ و ڕێگەی دانوستان.

هەروەها جەختی کردەوە، ئاپۆ هەرگیز سازشی لەسەر خواستی ئاشتی نەکردووە، دوورگەی ئیمراڵی گۆڕیوە بۆ دوورگەی گەڕان بەدوای ئاشتی و چارەسەر و دانوستانی دیموکراتیک، وتی: لە پەیامەکەیدا هەمان شت دووبارە دەکاتەوەو دەڵێت "خاوەنی هێز و ئیرادەم تاوەکو هاوکارییەکی ئەرێنی پێشکەش بکەم بۆ پارادایمە نوێیەکەی باخچەلی و  ئەردۆغان. شاندەکە ڕوانینی من لەم ڕووەوە بە هەموو لایەنە سیاسییەکان و دەوڵەت دەگەیەنێت. لەم چوارچێوەیەدا ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی پێویست بنێم و بۆ ئەو بانگەوازە ئامادەم".
ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند نابێت بنیاتنانی ئاشتی بۆ تاکە لایەن و پارتێک جێبهێڵرێت، وتی: "چونکە ئاشتی پێویستی بە کۆمەڵگەیە، کۆمەڵگەش پێویستی بە ئاشتییە. بۆیە ئۆجالان هەموومان بانگهێشت دەکات بۆ ئاشتی".
ئایشەگوڵ دۆغان جەختی کردەوە، وەک دەم پارتی بانگەواز لە هەمووان دەکەن لەم ڕووەوە بەرپرسیاربن و بۆ تورکیایەکی دیموکراتیک و دادپەروەر و یەکسان کاربکەن، گوتی: "گەر پرسی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت، دەکرێت تورکیا دیموکراتیک ببێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار