ئایا ئەمریکا هێزەکانی لە سووریا دەکشێنێتەوە؟
![](/2022/images/video/photo_2025-02-06_20-53-48.jpg)
هێزەکانی سووریای دیموکرات بەبێ ئەمریکا دەتوانن ڕووبەڕووی دوژمنەکانیان ببنەوە؟
2 ڕۆژ لەمەوپێش
فەرەنسا چۆن دەتوانێت ڕۆڵی زیاتر لە سووریا بگێرێت؟
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
کەناڵی (ئێن بی سی) نیوزی ئەمریکی بڵاویکردەوە پنتاگۆن پلاندادەنێت تا هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە، بە پێی ئەو پلانەش کە دەزگاکانی راگەیاندن باسی دەکەن کشانەوەی هێزەکان لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ یان ٦٠ رۆژ یان ٩٠ رۆژدا ئەنجام دەدرێت، ئەوەش بەشێکە لەو پلانەی کە پنتاگۆن دایرشتووە تا هێزە سەربازییەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان پاشەکشە پێبکات.
لەوبارەیەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا هەیە و تا ئێستا بە فەرمی باسیان لە هیچ جۆرە پلانێک نەکردووە بۆ پاشەکشەکردنیان لە ناوچەکە.
لای خۆیەوە لەیلا موسا نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە قاهیرە بە کەناڵی "الحدث" ی ڕاگەیاند: هیچ ئاماژەیەک لە ئارادا نییە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، بە پێچەوانەوە پنتاگۆن پێگەی سەربازی خۆی بەردەوام بەهێزتر دەکات و چەک و کەرەستەی سەربازی زیاتری ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.
هاوکات ساڵح موسلیم، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات سەرباری ڕەتکردنەوەی زانیارییەکان لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، دەڵێت: بە پێچەوانەوە ئەو هێزانە باس لەمانەوەی زیاتر دەکەن لە سووریا، ساڵح موسلیم راشیگەیاند پێش هاتنی سوپای ئەمریکا بۆ ناوخاکی سووریا، ئەوان خەبات و تێکۆشانیان کردووە و لە دژی تیرۆریستان جەنگاون لە ئەگەری کشانەوەی ئەو سوپایەش لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبن و تیرۆریستان تێکدەشکێنن.
ئەوەش لە کاتێکدایە فەرهاد شامی وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاندبوو: بە دڵنیایەوە داعش و گرووپە هاوشێوەکانی لە دەرفەتێکی وا دەگەڕێن کە هێزەکانی ئەمەریکا بکشێنەوە بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە چالاکییەکانیان بکەنەوە.
تا ئێستاش هیچ بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئەو زانیارییانەی پشتراست نەکردوەتەوە کە لەلایەن کەناڵی "ئێن بی سی" نیوزەوە بڵاوکراونەتەوە.
ڕووداوەکانی دوای ڕووخانی رژێمی ئەسەد لە سووریا زۆر ئاڵۆزن و هەر وڵاتە بە نیازە سیاسەت و ئەجیندای خۆی بۆ داهاتووی سووریا بسەپێنێت، لە دوای ئەمریکاش فەرەنسا ڕۆڵی بەرچاوی لە سووریادا هەیە و پلانیشی دارشتووە لە داهاتوودا ڕۆڵی زیاتری لە ڕووداوەکانی سووریادا هەبێت.
هەر لەو بارەیەوە بڕیارە رۆژی 13ـی ئەم مانگە لە فەرەنسا کۆنفرانسێکی تایبەت بە سووریا سازبکرێت. بڕیاریشە وەزیری دەرەوەی سووریا و وەزیرانی دەرەوەی ژمارەیەک وڵات بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا بکەن.
سەبارەت بە بەشداریی کوردیش لە کۆنفرانسەکەدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاندووە، بە دڵنیایەوە کورد بەشداری ئەو کۆنفرانسە دەکەن، کە ئامانج لێی ئەوەیە جارێکی دیکە داواکارییەکانمان بۆ قۆناغی گواستنەوە بخەینە بەردەمیان.
پێشتریش ژان نۆیێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاندبوو ئاسانکارییان بۆ نێوەندگیری لەنێوان کوردی سووریا و کوردی عێراقدا کردووە تاوەکو یەکتری بەهێز بکەن.
بەشێوەیەکی گشتی تەوژمی گۆڕانکاریی ریشەیی رووی لە ناوچەکە کردووە و مەرج نییە ئەو زانیارییانەی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاودەکرێنەوە هەمان ئەو زانیارییانە بن کە زلهێزەکان بە تایبەت ئەمریکا پلان و نەخشەیان بۆ داڕشتووە، ئەوەی بۆ کوردانی رۆژئاوا گرنگە و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر داهاتوویان دەبێت یەکێتی و یەکڕیزییانە لەگەڵ پشتیوانیکردنیان لەلایەن پارچەکانی تری کوردستانەوە، تا بتوانن بەسەر تەواوی کۆسپەکانی بەردەمیاندا سەرکەوتووبن.
![place for reklam](img/rek/hawlati_city.png)
![](/2022/images/video/photo_2025-02-06_20-53-48.jpg)