سزا نوێکانی ترەمپ هێندەی تر ئابووری ئێران دادەروخێنێت.
![](/2022/images/video/photo_2025-02-09_21-24-43.jpg)
سزا نوێکانی سەر ئێران ڕاستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر عێراق دەبێت و بێ کارەبای دەکات.
21 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە ئەمریکا دەکات ڕێگەدان بە کڕینی غازی ئێران درێژبکاتەوە.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
وەک پێشینی دەکرا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سزا سەپێندراوەکانی سەر ئێرانی توندتر کردەوە، توندکردنی سزاکانی سەر ئێرانیش راستەوخۆ کاریگەری بۆ سەر عێراق دەبێت بەهۆی پەیوەستبوونی بواری سیاسی و ئابووری و تەنانەت سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق بە ئێرانەوە.
سزاکانی ئەمریکاش بۆ سەر ئێران لە چوارچێوەی هەوڵوێستی نێودەوڵەتیدایە کە سوورن لەسەر لاوازکردنی ئێران لە چوارچێوەی نەخشە نوێکەیاندا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست؛ کە سیمای ئەو نەخشە نوێیە لە دوای شەڕەی غەززە و لاوازبوونی هەژموونی ئێران لە لوبنان و روخانی رژێمی ئەسەدەوە لە سووریا دەرکەوتووە.
لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریداوە ئەو لێخۆشببونە هەڵوەشێنێتەوە کە تێیدا رێگە بە عێراق درابوو کارەبا و غاز لە ئێران بکڕێت، ئەوەش لە میانی کۆمەڵێک سزای نوێدا کە واشنتۆن بەسەر تاراندا سەپاندی.
سزا نوێکانیش ئابووری ئێران تەواو شەکەت دەکات و زامنی ئەوە دەکات کە ئێران نەتوانیت سیستمی دارایی عێراق بەکاربهێنێت بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان و نەشتوانێت وڵاتانی کەنداو بەکاربێنێت بۆ هەناردەکردنی شمەکەکانی.
ئەمریکا جەختدەکاتەوە لەوەی کە نابێت رێگە بە ئێران یان بریکارەکانی بدرێت نەوتی ئێران بۆ دەرەوە هەناردە بکەن، بە جۆرێک تەنانەت دەبێت هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ چین بنبڕبکرێت.
شارەزایانی بواری ئابووریش دەڵێن پێدەچێت دۆناڵد ترەمپ سزای دارایی و ئابووری بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەسەر عێراقدا بسەپێنێت و چەندین بانک و کۆمپانیای حکومەتی عێراق بخاتە لیستی ڕەشەوە ئەگەر رێگە بە دزەپێکردنی دۆلار بدەن بۆ ئێران و رێوشوێنی توند نەگرێتەبەر سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رژێمی ئەو وڵاتە و چالاکی ئەو میلیشیا چەکدارانەش رانەگیرێت کە پشتیوانی لە تاران دەکەن.
توندکردنی رێوشوێنەکان لە دژی ئێران راستەوخۆ کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق دەردەکەوێت و چاوەروان دەکرێت ژمارەیەکی زۆری بەرپرسانی عێراق و سەرکردەی میلیشا چەکدارەکان لەبەرامبەر نزیکییان لە ئێران لە لایەن ئەمریکاوە سزای توند بدرێن، تا بە تەواوی عێراق لە ژێر چنگی هەژموونی ئێران دەردەهێنن کە باڵادەستی خۆی بەسەر کۆی کایە سیاسی و ئابووری و دارایی و بازرگانییەکانی عێراقدا سەپاندووە.
ماوەی چەندین ساڵیشە ئەمریکا چاوپۆشی لە عێراق کردووە بۆ کڕینی غاز و کارەبا لە ئێران، بەڵام لەو ماوە دورودرێژەدا بەرپرسانی بەغدا نەیانتوانیوە یان نەیانویستووە شوێنگرەوە بۆ غاز و کارەبای ئێران بدۆزنەوە، لەگەڵ توندترکردنی سزاکانی سەرئێرانیش جارێکی تر محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە ئەمریکا کردووە رێگەدان بە وڵاتەکەی درێژبکرێتەوە تا غاز لە ئێرانەوە هاوردە بکات.
چاوەروانیش دەکرێت عێراق رووبەرووی لە دەستدانی نزیکەی ١١ هەزار مێگاوات کارەبا ببێتەوە، ئەو بڕە کارەبایەش نزیکەی کۆی نیوەی کارەبای عێراق دەکات.
حکومەتی عێراقیش بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە دوو رێگەی گرتوەتەبەر چوونکە پێناچێت ئەم جارە ئەمریکا چاوپۆشی بکات و رێگەپێدانی بۆ درێژبکاتەوە تا غاز و کارەبا لە ئێران بکڕێت، ئەو رێگایانەش کە حکومەتی عێراق دەیانگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی قەیرانکە بریتین لە: دەستکردن بە چالاککردنی کەرتی غازی عێراق، هەروەها روكردنە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بۆ دابینکردنی غاز و خێراکردنی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ جگە لە ئێران.
بۆ جێبەجێکردنی ئەو دوو رێگەیەش ماوەیەکی زۆری پێویستە و چاوەروان دەکرێت لە ناوچەکانی ناوەراست و باشووری عێراق لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما جارێکی تر رووبەرووی کەمی کارەبا ببنەوە و هێندەی تر بارگرانی بۆ هاوڵاتیان دروست ببێت.
![place for reklam](img/rek/hawlati_city.png)
![](/2022/images/video/photo_2025-02-09_21-24-43.jpg)