دەکرێ مێژوو دوبارە ببێتەوە .!؟

دوێنێ
خەبات کوردە
مێژوو پێمان دەڵێت هەر دوو ئەندازیاری ئینگلیزی و فەڕەنسی نەک هەر لە سەر نەخشە بەڵکو بە کرداریش نەخشە داڕێژەر و جێبەجێکاری دابەشکردنی کوردوستان بوون .!
لە دوای ئازاد کردنی کوەیت سەرۆک وەزیرانی ئینگلیز زۆربە ڕاشکاوانە دانی نابە هەڵەی دابەشکردنی کوردوستان و داوای لێبوردنیشی لە گەلی کورد نەکرد .!
دوا بەدوای ئەویش وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و جەنەڕاڵ شوارتزکۆفیش ڕایان گەیاند کە ئەمەریکا لە دابەشکردن و پارچە پارچە کردنی دەوڵەتی عوسمانی بەشداریان نەکردوە و بە مافی خۆیانی دەزانن کە لەمەودوا دەست بەکار دەبن بۆ سەر لەنوێ دابەشکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست .!
ئێستا پێنج مانگ تێدەپەڕێ بەسەر دەست بەکاربونەوەی گەڕی دووەمی حکومەتەکەی دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکادا و خەریکە دوو ناو لە ئەمەریکیەکان دەچنە ناو مێژووەوە لە ناوچەکە ، ئەوانیش ( ستیڤ ویتکۆڤ و تۆماس باراک ) ن .!
ویتکۆڤ نێردەی تایبەتی تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکایە بۆ ڕاگرتنی شەڕەکانی غەززە و ئێران و یەمەن و عێڕاق و ئۆکڕانیا .!
ئەوەندە چالاکە خەریکە گرەو لە مارکۆ ڕۆبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش دەباتەوە ، بە مەرجێ ڕۆبیۆ جێبەجێکاری سیاسەتەکانی ئەمەریکایە لە دەرەوە .!
هەر چی تۆماس باراکیشە بە ناو سەفیری ئەمەریکایە لە ئەنقەرە بەڵام هەردەم وەکو چەکوش بەدەستێ دەردەکەوێ لە سەر سەری ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا و ئەحمەد شەڕعی سەرۆکە کاتیەکەی سوریا .!
دوێنێ لە دیداری تەلەفزیۆنێکی تورکیدا چەندی پێشکەشکارەکە ویستی بە پرسیار دەربارەی هەسەدە هەڵەی پێبکات ، بەڵام وەکو شاخێکی سەرکەش هەسەدەی وێنا دەکرد لە بەهێزیاندا .!
پێدەچێ باراک ئەوەندە پارێزبەندی لە لایەن دۆناڵد تڕەمپ و ڕۆبیۆی وەزیری دەرەوە پێ درابێ هەر کە ئەردۆگان و ئەلشەڕع لە پڕخەی خەویشدا جوڵەیەک بە دڵی ئەمەریکا نەبێ لە ناوچەکە خێرا باراک بە وەشاندنی چەکوشەکەی جوڵەکانیان پەکدەخا .!
لە دوو هەفتەی پێشوو کاتێ کە لە ناکاو ئەحمەد شەڕع لە ئەستەمبوڵ لە گەڵ ئەردۆگان و هاکان فیدان و ئیبڕاهیم کاڵنی سەرۆکی دەزگای میت دانیشتنێکی داخراویان ئەنجامدا ، تەنها کاتژمێرێک دوای ئەوە جەنابی سەفیر بە دوو قۆڵی یەخەی شەڕعی گرت و هەموو پلانەکانی ئەردۆگانی لە سوریا فەشەل پێ هێنا .!
دوابەدوای ئەوە ئاڵای ئەمەریکای لە حەوشەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە دیمەشق بەرز کردەوە و پلانی دەرکردنی چەکدارە بیانیەکانی هەڵوەشاندەوە و دەستکرایەوە بە دانوستان لە گەڵ هەسەدە .!
ئەمڕۆش لە کردەیەکی چاوەڕوان نەکراودا حیزبێکی ئیسلامی توندڕەوی تورکمانستانی هەڵوەشانەوەی خۆیان لە سوریا ڕاگەیاند و لە بەرامبەریشدا جاشەکانی سەر بە ئەردۆگان ڕەزامەندیان دەربڕی بە درێژەدان بە ئاڵوگۆڕی بەندکراوەکانی هەر دوولا .!
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە تا ئێستا جەنابی سەفیر بە ئاشکرا هیچ لێدوانێک دەربارەی هەوڵەکانی ئاشتی و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە نادات ، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە ڕێدەکەن کە لە ژێرە و دوور لە چاوی میدیاکان دەوری کاریگەری هەبێ بۆ سەرگرتنی ئەو پڕۆژەیە .!
هەر وەکو ئاماژەمان پێدا کە ئەو دوو نێردە ئەمەریکیە ( ویتکۆڤ و باراک ) تا ئێستا زۆر بە توانا دەردەکەون و هیچ دەوڵەت و کەسایەتیەکی ناوچەکە نەیان توانیوە ڕێگری لە جوڵەکانیاندا بکەن و کار بەوشێوەیە بڕوا و سەرکەوتن بەدەست بهێنن ، ئەوا هاوشێوەی ( سایکس و پیکۆ ) ناویان دەچێتە ناو مێژووەوە و ئەو دەردە سەریانەی کە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو ناوچەکە پێوەی ناڵاندوە ، ئەو دوو ئەمەریکیە دەبنە هۆکاری ڕاستکردنەوە گۆڕانکاریە گەورەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست .!
سودمەندی یەکەمیش کورد دەبێت .!
