لە محمەد جۆلانیەوە بۆ ئەحمەد ئەلشەرع

دوێنێ




لە ئەلسلاموعەلەیکومەوە بۆ شەبات شەلۆم

ئیدریس مستەفا

لێرەدا هەرگیز مەبەستم گاڵتە پێکردن نیە بە ئەحمەد ئەلشەرع بەڵکو قسە لەسەر ئەو چەند قۆناغە دەکەم کە ئەحمەد ئەلشەرع پێیدا تێپەڕی لە ماوەی ژیانی سیاسی خۆیدا; لەوانە بارهەڵگرتن بۆ ناو داعش و ئینجا گیرسانەوە لە هەیئەی تەحریر شام و ئیستاش سەرۆکی وڵاتێکی وەک سوریا و ئینجا مامەڵەکردنی لەگەڵ مەسەلەی ئیسرائیلدا کە لای من سیاسەتێکی ریالیستیانە و عاقڵانەیە. 

ئەوەی لێرەدا مەبەستمە بیڵێم عەقڵی سیاسی ئەحمەد ئەلشەرعە لەوەی چۆن لە هاوکێشە سیاسی و هاوسەنگیە ناوچەییەکان تێدەگات یاخود پێی گوتراوە کە دەبێ بە ئاگابیت لە گەمە سیاسەی گەورەکانی ناوچەکە بەتایبەت ئیسرائیل؛ ئەگەرنا لەو شوێنەدا نەک هەر نامێنیتەوە و بەڵکو تیاش دەچیت. 

لێرەدا ئەم خاڵە وەک واقعێکی سیاسی دەڵێم کە پێشمەرجی دەرگا کردنەوەی بۆ ئەحمەد ئەلشەرع و سوریای نوێ رازی بوونیەتی بە دانپێدانان بە ئیسرائیل و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانە لەگەڵیدا. رەگەزێکی سەرەکی سیاسەت ئەوەیە کە واز لە دروشم و ئاخاوتنی سۆزداریانەوە بهێنیت و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشانەدا دەکەیت کە دەزانی بەهێزن و هەن و قورسایی خۆیانیان هەیە و بگرە چارەنوسی سیاسی خۆت و وڵاتەکەشی پێوە بەستراوە.

دواترین و گرنگترین قۆناغی گۆڕین لە ژیانی سیاسی ئەودا ئیسرائیلە. ئەو لە چەندان بۆنەدا، دواترینیان لەگەڵ سیناتۆری ئەمریکی کۆری میڵز، رایگەیاندووە کە دەیەوێ پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی و باش بێت و وەک هەر دەوڵەتێکی تری دراوسێی سوریا ئیسرائیل دەبینێت. 

لەم رووەوە جووە رەسەنەکانی سوریا سەردانی دیمەشق و شارەکانی تری سوریایان کردووە؛ گفتوگۆی بەردەوام هەیە لە نێوان هەردوولادا؛ رادەست کردنەوەی تەرمی ئەیلی کۆهین لەگەڵ هەموو فایلەکانیدا؛ و دواترینیان زیادکردنی زمانی عیبری رەسمی ئیسرائیل بۆ دەزگای هەواڵ و دەنگوباسی سوریا بە ناوی سانا لەگەڵ زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی. 

ئەحمەد ئەلشەرع کاتێک هاتە ناو شار زانیتی موحەمەد ئەلجۆلانی ناوی دەورەیەک بوو ئیستاش دەورەیەکی ترە بۆیە هەم ناوەکە و هەم جلوبەرگەکەشی گۆڕی کە ئاماژەیەک بوون بۆ قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسی خۆیدا. ئیستاش ئەلسەلاموعەلەیکوم هەر بە تەنها بەس نیە و دەبێ شابات شەلۆمیشی بۆ زیاد بکرێ. 

شابات شەلۆم ئیسرائیلیە و ماناکەی کەمێک نزیکە لە سەلامی عەرەبیەکەوە واتە رۆژێکی پڕشادی و خۆشی. گرنگە ئاماژەی پێ بدەین کە وشەی سەلامی عەرەبی لە شەلۆمی جووەکانەوە هاتووە. 

ئەحمەد ئەلشەرع وەک بەشار ئەسەد نیە و دەیەوێ بێتەوە ناو مەداری دنیای عەرەبی زیاتر نەک تورکی. هەنگاوە سیاسیەکانی ئەمە بە ئاشکرا دەڵێن. پەیوەندیە نزیکەکان و هاوکارییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت کەنداو لەوانە ئیمارات و سعودیە و خودی دیدەنیەکەی بۆ ترامپ و پەیماندانی دۆناڵد ترامپ بە هەڵگرتنی بەشێکی زۆری سزا ئابوریەکان کە هەمووی بەهۆی سعودیەوە بوو بەڵگەنەویستی ئەلشەرعە بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ باوەشی دنیای عەرەبی. 

دنیای عەرەبیش، یەکێک لە خاڵەکانی مانەوەی حاکمدارەکانیان پەیوەندی توندوتۆڵیانە لەگەڵ ئەمریکا و لێرەشەوە واتە لەگەڵ ئیسرائیلدا. ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی میسر و ئوردن لەگەڵ ئیسرائیلدا لە چارەکی کۆتاییەکانی سەدەی رابردوودا و پەیمانی ئیبراهیمی چەند ساڵی رابردووش لە نێوان وڵاتانی کەنداو و تەنانەت سودانیش و سعودیەش وا لە رێگەیە پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا مۆر بکات؛ ئەمانە هەموو ئەوە دەخوازن کە ئەحمە ئەلشەرع دەبێ جار ناجارێ ئەلسەلاموعەلەیکومەکەی بکات بە شەلۆم شابات.

دواین پەرەگراف... کورد و ئیسرائیل
دیارە من لەگەڵ ئەوەدام ئەحمەد ئەلشەرع پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسیی ببێت و ئیسرائیل وەک هەر دەوڵەتێکی تری ناوچەکە ببینێت؛ بەڵام گەر کورد لە سوریا ئەمەیان بکردایە عەرەب چ لە سوریا و چ لە وڵتەکانی تریان چیان بە کورد نەدەکرد. رۆژاڤا پانزە ساڵە بوونی هەیە بەڵام دەسەڵاتدارێتیەکەی ئەحمەد ئەلشەرع دوس سێ پانزە رۆژان لە حوکمی دیمەشقی رایگەیاند کە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسرائیل دروست ناکەن و دەیانەوێ دراوسێیەکی باش بن لەگەڵ ئیسرائیلدا و بگرە ئامادەییان تێدایە لەگەڵ ئیسرائیلدا پەیوەندیان هەبێ وەک ئیستا دەیبینین. 

هێشتا ئەحمەد ئەلشەرع ئاوها بە ئاشکرا نیەتەکانی خۆی راینەگەیاندبوو سەبارەت بە ئیسرائیل؛ هەموان لە یادمانە دوو سێ مانگ پێش ئێستا کاتێک وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، جەدعۆن ساعر، تەنها بە تەلەفۆن پەیوەندی بە ئیلهام ئەحمەدی بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی رۆژاڤا کرد، کەچی کەناڵی میدیایی سوری و عەرەبی نەما نەیکەن بە هەراوهەڵا لەسەر کورد تا رادەی تاوانباریان کردنیان بە ناپاکی لە سوریادا. لەسەر گوتە کوردیەکەی خۆمان ئێمەش دەڵێێن بۆ عەرەب عادەتە پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبێ بەڵام بۆ کورد عیبرەتە گەر پەیوەندیان هەبێ لەگەڵ ئیسرائیلدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار