کارەساتی ویستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵ دانا حەمە عەزیز

5 كاتژمێر لەمەوپێش
دانا حەمە عەزیز
ساڵ: ١٩٨٦
کات: ١:٢٣ ی بەرەبەیانی ٢٦ ی نیسان
شوێن شارۆچکەی پریپیات - نزیك شاری چێرنۆبڵ ی ئۆکرانیا.
کارەسات: شکستی ویستگەی کارۆ ئەتۆمیی چێرنۆبڵ ی ئۆکرانیا.
ویستگەی ئەتۆمی چێرنۆبڵ ی ئۆکرانیا، چوار کورە بوو، هەر دانەیەکیان هەزار مێگاوات کارەبای بەرهەم دەهێنا. چەندین ساڵ بوو تێست و ئاماژەکانی شکستی ئەم ویستگەیە دیاری دابوو، بەڵام حکومەتی یەکێتی سۆڤێت، فەرامۆشی دەکرد، تا سەرەنجام کارەساتی لێکەوتەوە.
ئەو بەیانیە تەکنیکارەکان بە ناچاری ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبایان کەمکردەوە بۆ ڕێژەی لە ٧% بەڵام نەیانتوانی ڕێ لە دروستبونی کارەسات بگرن! سەرئەنجام یەکێک لە کورەکان تەقیەوە، کارلێکی زنجیرەیی ئەتۆمیی و تیشکە ئەتۆمیە کوشندەکان دیوارە کۆنکرێتیە پۆڵاینەکانی کورەکەیان بڕی و بە ئازادی یەخەی مرۆڤ و سروشتیان گرت.
بڕی ئەو تیشکە ئەتۆمیانەی لە ئەنجامی ئەم تەقینەوەیەدا بڵاو بۆوە، دەیان جار لەو تیشکە ئەتۆمیانە زیاتر بوو کە بەهۆی کارەساتی هێرۆشیما و ناگازاکی بڵاو بونەوە.
بە هۆی کارەساتی شکستی ویستگەی "چێرنۆبڵ" وە دەیان کەس گیانیان لەدەست دا، سەدان کەس تیشکاوی بوون و دواتر مردن، هەزاران توشی نەخۆشی و نەزۆکی بوون، ژینگەی ناوچەیەکی فراوان تێك چوو، هەزاران ئاژەڵ مردن یان شێوەیان گۆڕا و تەنانەت ڕەنگی گژ و گیاو درەخت و ماسی ناو ئاوەکانی ناوچەکەش گۆڕان!
بەهۆی ئەم شکستەوە، تیشکی ئەتۆمی لە ڕێگەی تەوژمی باوە بە ئەوروپادا بڵاو بۆوە، حکومەتی ئەوکاتی سۆڤێت، لە سەرەتاوە ڕووداوەکەی شاردەوە، بەڵام دوای ئەوەی زەنگەکانی بڵاوبونەوەی تیشکی ئەتۆم لە سوید لێیان دا، سوید بە پەلە داوای ڕونکردنەوەی کرد، لە وەڵام دا یەکێتی سۆڤێت بە سەرکردایەتی میخائیل گۆرباچۆڤ دانی بە ڕوداوەکەدا نا. بەڵام حکومەتی سۆڤێت، دوای ٣٠ سەعات ئینجا دەستی کرد بە گواستنەوەی ٣٠ هەزار دانیشتوی شارۆچکەی پریپات ی نزیك ویستگەکە، دواتر ناوچەیەکی فراوان ی بە ڕووبەری زیاتر لە چوار هەزار کیلۆمتر دووجا، وەك ناوچەی کارەساتباری بارگاوی بە تیشکی ئەتۆم ناساند. دوای هەفتەیەکیش بۆ ڕێگرتن لە مەترسی زیاتر، ٨٠٠ پارچەی تیشکاویی کورەکە، بە قوڵیی خرایە ژێر زەویەوە. کۆتایی هەمان ساڵیش تەواوی کورەکە بە کۆنکرێت و پۆڵا داپۆشرا!
ساڵی ١٩٩١، کورەی دووەمی ویستگەی چێرنۆبڵ بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە، داخرا، بەڵام کورەی سێیەم تا ساڵی ١٩٩٦ کاری دەکرد، ساڵی ٢٠٠٠ ویستگەی چێرنۆبڵ بەتەواوی داخرا. ساڵی ٢٠١١ حکومەتی ئۆکرانیا دەرگای ڕوخسەتی بۆ هەندێك گەشتیار بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زانستی کردەوە.
وێنەکە: نزیك چێرنۆبڵ ە، ڕێگەیان نەدام بچمە ناوچە کارەستبارەکە.
