ئەردۆغانی دوای زریانەکە…

5 كاتژمێر لەمەوپێش
خەبات کوردە
ئەمڕۆ هەموو لایەک ئەردۆگانمان دیت چۆن خۆی گەیاندە تڕەمپ و لە لای شانی ڕاستی دۆناڵد تڕەمپ خۆی دیتەوە بۆ وێنە گرتن .
بەڵێ ئەردۆگان لەو دانیشتنەدا کە شەش ساڵی بەسەردا تێپەڕی بوو وای نیشاندا کە تڕەمپ هەر سەرۆکە دڵسۆزەکەی جارانی تورکیایە ، بەڵام بە هۆی داڕمانی لیرەی تورکی و لاوازی سیاسەتەکانی تورکیا و زۆری گلەییەکانی ئەندامانی ناتۆ لە سەر ئەردۆگان ، زەحمەتە تڕەمپ جارێکی کە ئەو دۆستە خۆشەویستە بێ کە ئەردۆگان پشتی پێببەستێ .!
ئەگەر سەیرێکی خێرای جوڵە و دەموچاوی تڕەمپیش بکەین ، بە ئاشکرا دەردەکەوێ ئەردۆگان ڕووبەڕوی زۆرێک لە ناڕەزایەتیەکان بۆتەوە و دوور نیە هاوشێوەی زیلینسکی و پاشای ئوردون کەمتری پێنەگوترا بێ .
ئەردۆگان ئێستا چاوەڕێی کۆتایی هاتنی یەکجاری ڕاوەستانی شەڕە ١٢ ڕۆژیەکەی نێوان ئێران و ئیسڕائیلە و بە ترسەوە دەڕوانێتە ئەو چۆکدانانەی کە ئێران ئیمزایان لەسەر دەکات .
چونکە ئەگەر تورکەکان دەرس لەو شەڕە و دەرەنجامەکانی وەرنەگرن قسەی لە سەر نیە دەبێ چاوەڕێی کاولکاریەکی پڕۆژە سەربازیەکانیان بکەن لە داهاتوودا و دەوڵەتانی ناتۆش لە هێرشێکی گەورەی سزا بێبەشی ناکەن .
دەتوانم بڵێم ئەو کۆبونەوەی ناتۆ زەرەرمەندی یەکەم لە هەڕەشە و گوڕەشەکانی ئەندامانی ناتۆ بێئەندازە پشکی شێر بەر ئەردۆگان و دەوڵەتی تورکیا دەکەوێ ، ئەو سزایانەشی کە تورکیای پێ چاوترسێن دەکەن ئەگەر هاوشێوەی ڕوسیا نەبێ کەمتر نابێ .
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو چەندین جار باسی گەلێ بابەتمان کرد کە ئێران ناچار دەکەن دەبێ ئیمزایان لە سەر بکات ، بۆیە ئەمڕۆ تڕەمپیش زۆر پێداگری دەکردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن جارێکی تر پیتاندنی یۆڕانیۆم لە هیچ کونەشاخێکی ئێران دەست پێبکاتەوە .
کەواتە یۆڕانیۆم و پڕۆژەی ساڕوخە دوور مەودایەکانی ئێران دەبێتە خاڵی سەرەکی و ڕێگە نادەن ئێران جارێکی کە هیچ بۆیلەرێک لە سەر بارهەڵگرەکان دابنێ و بە ناوی ساڕوخە دوور مەوداکان شانازیان پێوە بکات .!
لە کۆتا ڕۆژی پێش ڕاوەستانی شەڕەکە هەموو لایەک بینیمان کە چەند ساڕوخێک ئاراستەی بنکەی سەربازی چۆڵکراوەکەی عودەیدی قەتەر کرا و هەر بۆ شەوەکەی ئەمیری قەتەر بوو بە کۆتری نامەبەر و کاریگەری ڕاوەستانی شەڕەکە .
کەس هەیە پێمان بڵێ بۆ قەتەر بێدەنگی هەڵبژارد .؟ بۆ لەو هەموو بنەکە سەربازیانەی ئەمەریکا لە کەنداو تەنها پەلاماری قەتەر درا .؟ بۆ ئێران نەیوێرا گەروی هورمز دابخا .؟ بۆ ئێران پەلاماری ئەو هەموو کارگە زۆرانەی نەوت و غازەی دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی نەدا .!
بۆ حوسیەکانی یەمەن و گروپە چەکدارە توندڕەوە شیعە عێڕاقیەکان نەکەوتنە جوڵە .؟ ئایا قەتەر نەیدەتوانی ڕووبکاتە ( مجلس امن ) و هانا بۆ دادگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتوەکان ببات .؟
هەموو ئەو پرسیارانە جێی تێڕامان و هەڵوێستە لە سەر کردنن و لێکدانەوەی خۆیان دەوێ ، بەڵام هەموو کاردانەوەکان کرانە قوربانی شەڕ ڕاگرتن و چەسپاندنی کۆمەڵێ سزا بە سەر ئێراندا و هەتا ئێوارێش ئێران و حکومەتەکەیان هەڵپەڕن هەر بە دۆڕاو هەژمار دەکرێن . چونکە قەت چاوەڕێ ناکرێ تەنها سزایەکیش بە سەر ئیسڕائیلدا بسەپێنن ، بۆیە دوور دەخرێتەوە و هەموو ڕێگاکانیش لە کۆتاییدا بە تەلئەبیبدا ڕێدەکەن .
ئێستا چاوەڕوان دەکرێ لە ڕۆژانی داهاتوو دانیشتنێک لە سەر ئاستی باڵا لە نێوان ئێرانیەکان و ئەمەریکیەکان ببەسترێ و کۆمەڵێ سزا بە سەر ئێراندا بسەپێندرێ و ئیمزای ڕازیبوون و چۆکدادان بە ئێران ئیمزا بکەن . هەر لەو ترسەشە ئیمڕۆ ئێرانیەکان لە پەرلەمانەکەیان دانیان نا بە خراپی بارودۆخی پێگەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم دانا و کارکردن بۆ ئازادی زیاتر لە ناو گەلانی ئێراندا خستە بەر باس و لێکۆڵینەوە .
بە پێی قسەکانی تڕەمپیش بێت ناتۆ بەهێز تر و یەکگرتوو تر دەردەکەوێتەوە لە ڕۆژانی داهاتوودا و مزگێنی ئەوەشی ڕاگەیاند کە چۆکدادانی حەماس و جیهادی ئیسلامیش زۆر زۆر نزیک بۆتەوە لە کورترین ماوەدا ئەو شەڕ و برسیەتی و کاولکاریەش یەکجاری ڕادەگیرێ .!
