ئەگەر و سیناریۆکانی بەردەم تورکیا

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە لە ماڵپەڕی تۆڕی میدیایی جەزیرە بڵاوکراوەتەوە لەلایەن نووسەر و شیکەرەوەی سیاسیی و پسپۆڕ لە کاروباری تورکیا سەمیر ئەلعرکی لە ڕێکەوتی ٥ ی ئابی ٢٠٢٥ کە پشتی بەستووە بە توێژینەوەیەکی ئەکادیمیای لێکۆڵینەوەی نیشتمانی تورکیا سەر بە دەزگای هەواڵگریی میت، بە ناونیشانی "جەنگی ١٢ ڕۆژە، وانەیەک بۆ تورکیا".
توێژینەوەکە وەکو لە ناونیشانەکەیەوە دیارە، لەبارەی جەنگی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل-ئێران، بۆ بەرچاوڕوونیی و یارمەتیدانی بڕیاربەدەستانی ئەنکەرەیە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئەگەرەکانی داهاتوو و ئەو وانانەی کە پێویستە لە شەڕەکەوە فێری ببن.
لە بەشی یەکەمی توێژینەوەکەدا داتای وورد لەبارەی جۆر و ئاستی پێشکەوتوویی چەکەکان، تاکتیکی سەربازیی، تەکنۆلۆژیای زانیاریی و ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانی جەنگەکەوە خراونەتە ڕوو بە شیکریی وورد و هەمە لایەنەوە.
توێژینەوەکە لە پێشەکییەک و سێ سیناریۆی سەرەکیی وەکو ناوەڕۆکی توێژینەوەکە پێکدێت و لە کۆتایی توێژینەوەکەشدا دەرئەنجامەکانی خستووەتە ڕوو.
لە بەشێکی توێژینوەکەدا باس لە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل دەکات و بە "بەهێزترین و پێشکەوتووترین هێزی ئاسمانیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دا وەسفی دەکات. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل، هێرشی چاوەڕواننەکراو، خێرا و وێرانکەرن.
توێژینەوەکە بە وردی ئەو مۆدێلە جیاوازانەی فڕۆکە جەنگییەکان ڕوون دەکاتەوە کە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل خاوەندارێتی دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموویان "لەگەڵ جەنگی ئەلیکترۆنی و سیستمی پەیوەندییەکان و سیستەمی چەکەکاندا یەکانگیر و یەکگرتوون کە لەلایەن پیشەسازیی بەرگری ناوخۆیی ئیسرائیلەوە پەرەی پێدراوە، کە توانایەکی تاکتیکی ناوازەیان پێدەبەخشێت".
هەروەها توێژینەوەکە وردەکاری هەموو جۆرەکانی مووشەک و ئەو بۆمب و تەقەمەنییانەی کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە دژی ئامانجەکان بەکاریدەهێنن. ئەم هەمەچەشنیی و هەماهەنگییە ئاست بەرزە لە سیسستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلدا، تواناییەکی یەکجار بەهێز و ناوازەی بە سوپای ئیسرائیل بەخشیوە کە بە وردبینییەکی بەرزەوە ئامانجەکانی بپێکێت.
لە توێژینەوەکەدا هاتووە، کە زۆربەی ئەندامانی یەکەی ٨٢٠٠ لە گەنجانی تەمانی خوێندنی قۆناغی ئامادەیی پێکدێن و سەرپەرشتیار و بەرپرسیارن لە چاودێریکردن و شیکردنەوەی ئاماژەکای دیجیتاڵییەکان لە ڕێگەی سیستمی پەیوەندییەکان و ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییە ئەلیکترۆنییەکان و هێرشە سایبەرییەکانەوە، کە ئەمەش تایبەتمەندیی و کاریگەرییەکی بێوێنەی بۆ سوپا و هێزی بەرگریی ئیسرائیل دابین کردووە.
لە بەشی دووەمی توێژینەوەکەدا، کۆمەڵێک وانە خراونەتە ڕوو، کە هەندێکیان لەمانەی خوارەوە پێکدێن:
یەکەم: دیپلۆماسییەت، بە ڕەگەزێکی گرنگی تێوەگلان یان دوورەپەرێزیی لە جەنگ دادەنرێت. کاتێک وڵات، توانای دیپلۆماسیی ڕووە و لاوازیی و ساردیی دەڕوات و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بەرەو گرژیی دەچن، ئەمە دەبێتە قۆناغی پێش جەنگ یان قۆناغی ڕۆیشتن بەرەو جەنگ.
دووەم: پەیوەندییەکان و هاوپەیمانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا و پاڵپشتییە هەمەلایەنەکانیان بۆی، دەبێت وەکو خاڵێکی گرنگ لەبرچاوبگیرێت. لە دۆخی جەنگی ١٢ ڕۆژەدا، ئیسرائیل لە هەموو پشتگیرییەکی وڵاتانی خۆرئاوا بەهرەمەند بوو، لە کاتێکدا ئێران بەتەنیا مایەوە و تەنانەت ڕووسیا و چین هێچ هەڵوێستیان نەبوو.
سێیەم: ئاشتیی و سەقامگیریی ناوخۆیی و یەکگرتوویی ناوەکیی ووڵات، یەکێکی تر لە فاکتەرە بەهێزەکانە کە توێژینەوەکە ئاماژەی پێکردووە.
چوارەم: تورکیا لەسەر هەموو ئاستەکانی توانای بەرگریی وهێزی ئاسمانیی خۆی لە پوەندیی بە تەکنۆلۆژیا و پەیوەندییە ئەلیکترۆنیی و ئاماژە دیجیتاڵییەکانەوە، پێداچوونەوە بکات و خۆی بەرەو پێش ببات.
پێنجەم: بەرگری شارستانیی وەکو لایەنێکی گرنگ ئامژەی پێدراوە. کە پێویستە تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا هەماهەنگیی و یەکگرتوویی دەزگاییان هەبێت لە دۆخی قەیران و کارەساتی جەنگدا.
شەشەم: سیستمی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا لە گوندە سەر سنوورییەکانەوە تا دەگات بە شارە گەورەکان و پایتەختیش، بەروپێش ببرێن و چاکسازییان تێدا بکرێت.
لە بەشی سێیەم و کۆتایی توێژینەوەکەدا، سی سیناریۆ دەخاتە ڕوو. هەر سێکیان ئەگەرەکانی پەیوەندیی نێوان ئیران و ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیل هەروەها ئەمریکا ئیسرائیل شیدەکاتەوە و لە هەموو ئەگەرەکان و سیناریۆکانیشدا پەیوەندییەکان و ڕۆڵی تورکیا و کاریگەرییەکانی سیناریۆکان و ئەگەرەکان لەسەر تورکیا باس دەکات.
ئاماژەکان و خوێندنەوەکانی پشتی ئەم ڕاپۆرت و توێژینەوەیە، ئەوە نیشاندەدات کە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر تورکیا یەکێک لە ئەگەرەکانە لە دۆخی پەرەسەندنی زیاتری ڕووداوەکانی سووریا و گرژیی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات. ئەم ترسە لە جەنگ لە شیکارییەکی وورد و قووڵەوە بۆ هەموو سیناریۆ و ئەگەرەکان و دۆخی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەلومەرجی ناوچەکەوە سەرچاوە دەگرێت.
بۆچوونی تۆ لەسەر ئەگەرەکان و سیناریۆکانی پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئیسرائیل چییە؟
