چی ڕودەدات لە ئەمەریکا ئەم هەفتەیە ؟

3 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسین: خەبات کوردە
ئەردۆگان پاشی شەش ساڵ خەریکە دەگاتەوە کۆشکی سپی و بەو هیوایەی دۆناڵد تڕەمپ هاوشێوەی زیلینسکی مامەڵەی لەگەڵ بکات !
بۆچی تۆم باراک لە ناو بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا خاتو سینامی نوێنەری هەسەدەی لە ئەمەریکا بە ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و وەفدی یاوەری ناساند ؟
بۆچی شەیبانی سەردانی ئیبراهیم حەمادەی کۆنگرێسمانی ئەمەریکی بە ئەسڵ کوردی سوریا کرد ؟
هەر بە ڕاست کامپ دێڤدێکی تازە دوو بارە دەبینینەوە دەربارەی سوریا ؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە دەبێ یەکەم جار لە بیری نەکەین کە تورکیا چەندین ساڵە داوای ئەو فڕۆکە F35 ە ئەمەریکیانە دەکات کە پێشەکی پارەکەیان داوە و کۆنگرێس ڕازی نەبوو بە ڕادەست کردنی بۆ تورکیا .
بۆ ئەو مەبەستەش پێدەچێ ئەردۆگان ڕازی بووبێ لە جیاتی ئەوە هەندێ فڕۆکەی بۆینگ و F16 و پارچەی یەدەگی ئەو فڕۆکانە وەربگرێ بەرامبەر ئەو سێ ملیار و نیوەی کە دەیانویست ببنە خاوەنی چەندین فڕۆکەی ف ٣٥ .
لێرەدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا ئەردۆگان لە بارەگای UN دان بەخۆیدا دەگرێت یان هێرشێکی توند دەکاتە ئیسڕائیل و ناتانیاهۆی سەرەک وەزیرانی ئیسڕائیل ؟ یان دیدارەکەی تڕەمپ کارێکی وای لێدەکەوێتەوە کە دەمی ئەردۆگان ببەستن و هیچی تر هێرش نەکاتە سەر جوولەکە !
ئەحمەد شەڕعیش گەیشتۆتە نیویۆرک و ئەویش وەکو سەرۆکی کاتی سوریا بۆی هەیە وتارێک بخوێنێتەوە .
دوا بە دوای ئەوە دوور نیە ئەویش لە کۆشکی سپی بۆ جاری دووەم چاوی دۆناڵد تڕەمپ بکەوێ .
هیچ بە دوریشی مەزانن کە هاوشێوەی کامپ دەیڤد لە کۆشکی سپی مەراسیمی ڕێککەوتنی لە گەڵ ئیسڕائیل بۆ ڕێکنەخرێ و شەڕع و ناتانیاهۆش دەست نەخەنە ناو دەستی یەکتری .
هەموو ئەو جوڵانە دەکرێنە قوربانی ئەو ڕێککەوتنەی ئیسڕائیل و سوریا و جارێکی کە هیچ گروپ و لایەنێکی ئیخوانی و شیعەی توندڕەو نامێنن لە سوریا بە ئیسڕائیل بڵێن بەری چاوت بە کلە .
لە داهاتوشدا نۆرەی عەلەویەکان و هێزەکانی هەسەدە دێت بۆ ئەوەی ئەوانیش بە ڕێککەوتنێک سوریا ببێتە دەوڵەتی فیدڕاڵی و وشەی ئەلعەڕەبیە لە کۆمارەکەیان لا بدرێ .!
