دروزەكانی سوریا لەكۆمەڵكوژییەوە بۆ سەربەخۆیی

5 كاتژمێر لەمەوپێش



✍️ سەرتیپ جەوهەر
25ی تەمموزی 2018 بێ‌ ئەوەی هیچ لەگۆڕێ بێت، گروپی تیرۆرخوازی داعش پەلاماری چەند ناوچەیەكی جیاوازی پارێزگای سوەیدای دا كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی لەپێكهاتەی دروزن. لەو پەلامارەدا نزیكەی 250 كەسیان كوشت و سەدانی دیكەش بریندار بوون. سەرەتا رژێمی سوریا تۆمەتباركرا، بەڵام دواتر تیرۆرستانی داعش بەرپرسیارێتیەكەیان راگەیاند.

ئەم پەلاماردانە، سەرەتایەك بوو بۆ خۆ رێكخستنەوەی دروزەكان و دروستكردنی هێزی چەكدار، لەبەرامبەر ئەو تاوانە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی گەورە دەستیپێكردو رژێمی بەشار ئەسەد ناچاركرا دەست لەكاروباری ئەمنی ناوچەكە هەڵگرێت و ناوچەكە بەناڕاستەوخۆ لەڕووی ئیداریی و ئەمنیەوە كەوتە دەست دروزەكان.
لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە 9ی دیسەمبەری 2024، گروپی توندڕەوی  دەستەی تەحریری شام بەسەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع، هەوڵیاندا پەلاماری ناوچەی دروزەكان بدەن، بەڵام دروزەكان خاوەنی هێزی جیاوازی چەكداریی خۆیان بوون و بەریان بەهێرشی گروپە چەكدارەكان گرت. هاوكات سوپای ئیسرائیل راستەوخۆ پشتیوانی لەدروزەكان كرد.

پێكهێنانی گروپی چەكدار
لە 2018 وەو لەدوای پەلاماردانەكان، بۆ خۆپارێزی لەداعش و رژێمی پێشوو، دروزەكان ژمارەیەك گروپی چەكداری جیاوازیان دروستكرد، ئەو گروپ و هێزە چەكدارانەی دروز، تەنها لەناوچەكانی خۆیان بڵاوبونەتەوە. جاران بەشێك لەو گروپانە لەلایەن خودی رژێمی سوریا هاوكاری دەكران، بەشەكەی دیكەیان لەلایەن ئەنجومەنی رۆحانیی دروزەكان هاوكاریی دەكران، لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد ئەو گروپە چەكدارانە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریكاو ئوردن و چەند وڵاتێكی دیكەی عەرەبی هاوكاریی دەكرێن. 

ئەو گروپە چەكدارانە، زۆربەیان گوێڕایەڵی ئەنجومەنی رۆحانی یان شێخ و رابەرە ئاینیەكانی خۆیانن بەتایبەتیش حیكمەت هیجری كەبەیەكێك لەگرنگترین رابەرەكانی دروز دادەنرێت و پیاوێكی میانڕەو و خاوەن جەماوەرو هەوادارێكی زۆری دروزە لەسوریاو لوبنان و ئیسرائیل و لوبنان.

لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد
لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد، دروزەكان وەك هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی سوریا رووبەرووی فشارێكی زۆر بوونەوە. ناوچەكانی خۆیان بەتەواوی جیاكردەوە كە بریتیە لەپارێزگای سوەیداو دەوروبەری.

سەرەتای رووخانی رژێمی ئەسەد دروزەكان رووبەرووی پەلاماردان بوونەوە، بەدیاریكراوی لە مانگی ئابی رابردوو لەلایەن گروپە چەكدارەكانی دیمەشق رووبەرووی كۆمەڵكوژیی و تاڵانییەكی بەرفراوان بوونەوەو بەهۆیەوە نزیكەی 2800 كەس كوژران و كە زۆربەیان مەدەنی بوون. ئەمە جگە نزیكەی 130 هەزار هاوڵاتیی دروز لەناوچە جیاوازەكان ئاوارەی سوەیدا بوون، هەروەك دانیشتوانی نزیكەی 35 گوند رووبەرووی دڕندەترین شێوازی كوشتن و راگوێزان بوونەوە.

كۆمەڵكوژیی دروزەكان خاڵی وەرچەرخانی گۆڕانی تێگەیشتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو بەرامبەر حوكمڕانی دیمەشق. 
ئەگەر ئیسرائیل نەبوایە ئەوا كۆمەڵكوژیی و مەرگەساتی دروزەكان زۆر گەورەتر دەبوو، بەڵام زۆر بەخێرایی لەڕێی موشەك و فرۆكەی جەنگییەوە رووبەرووی چەكدارەكانی دەستەی تەحریری شام بویەوە، ناچار ئەحمەد شەرع دەستبەجێ كەوتە گفتوگۆو پەلاماردانی دروزەكانی راگرت.

لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد، پەیوەندییەكی ئیداریی و ئەمنی و ئابوریی لەنێوان دیمەشق و سوەیدا نەماوە. بەپێی زانیارییەكان تائێستا حكومەتی دیمەشق تەنها دوو موچەی بۆ ئەوناوچانە خەرجكردووە، زۆرینەی فەرمانگەكانی دەوڵەت لەناوچەی دروزەكان پەكیان كەوتووە، ئەوەی بەنیوەناچڵی كاردەكات چەند فەرمانگەیەكی خزمەتگوزارییە بێئەوەی بتوانن خزمەتگوزاریی دابین بكەن.

فەرمانگەكانی رەگەزنامەو پۆلیس و كاروباری دادگاكان زۆربەی نەخۆشخانەكان پەكیان كەوتووە هەندێكیان لەلایەن نەخۆشخانەكانی ئیسرائیلەوە هەندێك هاوكاریان دەكرێت. بەشەو و رۆژ تەنها 3 كاتژمێر كارەبا هەیە و سوتەمەنیی بەنرخێكی زۆر گران دەستدەكەوێت. دیمەشق هەموو مامەڵەیەكی دارایی لەگەڵ سوەیدا راگرتووە، فەرمانگەكانی دادی و تۆماری رەگەزنامەی كێشاوەتەوە.

ناوچەی دروزەكان لەرووی ئابورییەوە لەدۆخێكی ئێجگار خراپدایە. بەقسەی خۆیان لە 100 ساڵی رابردوو گرانیی و نەهامەتی هاوشێوەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
بەپێی زانیارییەكان، تائێستا ئەمریكاو ئەوروپاو وڵاتانی عەرەبیی لەرووی مرۆیی و ئابورییەوە هاوكاریی دروزەكان ناكەن. تەنها چەند رێكخراو و كۆمەڵەیەكی دروز لەئیسرائیل هاوكاریان دەكەن. 

داواو خواستی دروزەكان
لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد دەرفەتێكی نوێ‌ هاتەپێش دروزەكان تاوەكو داوای مافی تایفی و تایبەتمەندی خۆیان بكەن. بەڵام دوای كۆمەڵكوژیی 7ی ئاب دروزەكان داوای سەربەخۆییان كرد.

ئەم گۆڕانكارییە لەخواستی دروزەكان بۆ دوو هۆكاری سەرەكیی دەگەڕێتەوە، یەكەم:
 ئەو كۆمەڵكوژییەی بەسەریان هات بیانویەكی لەجێ بوو كە دروز وەك تایفەو پێكهاتەیەكی جیاواز ناتوانن لەگەڵ دیمەشق هەڵكەن! 
دووم؛ هاوكاریی و پەنادانی ئیسرائیل. لەدوای رووخانی ئەسەد، ئیسرائیل بەشێوەیەكی جددی پارێزگاریی لەدروزەكان دەكات. ئەم پشتیوانیەی ئیسرائیل لەدروزەكان، پاڵنەرێكی سەرەكیی بوو بۆ ئەوەی داوای سەربەخۆیی بكەن نەك خۆبەڕێوبەری.

داكۆكیكردنی ئیسرائیل لەدروزەكانیش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆكار، یەكەم: ژمارەیەكی زۆر دروز لەئیسرائیل هەن و رۆڵ و پێگەو كاریگەرییان هەیەو لەرووی رۆحیەوە پابەندێتی ئاینیان لەگەڵ پیاوانی ئاینی دروز لەسوریا هەیە.

دووەم: جوگرافیای نیشتەجێبوونی دروزەكان دەكەوێتە سەر سنوری ئیسرائیل، لەرووی ئەمنی و ستراتیژییەوە بۆ ئیسرائیل زۆر گرنگە.

كۆمەڵكوژیی و پەلاماردانەكانی ئابی رابردوو، بووەهۆی ئەوەی حیكمەت هیجری رابەری رۆحی دروزەكان زۆربەی هێزە چەكدارەكانی سوەیدا لەچوارچێوەو پەیكەربەندییەكی نوێ‌ بەناوی پاسەوانی نیشتیمانیی یەكبخات و گروپە جیاوازەكانیش لەدەوری یەك گوتاردا كۆببنەوە.

لەسوەیدا حزبێكی سیاسی دیاریكراو نییە، بەڵكو ژمارەیەك گروپی چەكداری جیاواز كە ژمارەی هەموویان لەنێوان 5 بۆ 6 هەزار چەكدار دەبێت، بەڵام لەژێر كاریگەری مەرجەعیەتی ئاینیدان. لەناو دروزەكان هێشتا سیستەم و پەیكەربەندیی خێڵەكیی و بنەماڵەیی لەهەڕەتیەتی و كۆمەڵگایەكی كەمێك خۆپارێزن.
سەبارەت بە پەیوەندیی دروزەكان لەگەڵ كورد، لەرووی جوگرافیەوە لێك دابڕاون، بەڵام هەردوو پێكهاتە داوای خۆبەڕێوبەریی و یان سەربەخۆیی دەكەن.

دروزەكان كێن؟
دروزەكان وەك تایفەیەكی ئاینیی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن. ژمارەیان بە1.5 بۆ 2 ملیۆن كەس دەخەمڵێنرێت، بەنزیكەی نیوەی ئەو ژمارەیە لەسوریا نیشتەجێن بەتایبەتیش لەپارێزگای سوەیدا. دوای سوریا، لوبنان ئینجا ئیسرائیل دواتر  ئوردن و فەلەستین دێن كە دروزەكانی لێ‌ نیشتەجێن.

بەپێی ئامارو زانیاریی ناڕەسمیی ژمارەی دروزەكان لەسوریا بە 700 بۆ 750 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت. لەرووی دانیشتوانەوە نزیكەی لە 4%ی دانیشتوانی سوریا پێكدێنن كە نزیكەی 22 بۆ 23 ملیۆن كەس دەبێت.
لەڕووی جوگرافییەوە لەسوریا لەپارێزگای سوەیدا نیشتەجێن كەرووبەرەكەی بەنزیكەی 6500 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە كە دەكاتە 3.5% بۆ %4 جوگرافیای سوریا كە 185 هەزار كیلۆمەتر دووجایە.

بەشێك لەمێژوو نوسانی عەرەب بەعەرەبیان دەزانن و گوایە لەئیسماعیلیەكان جیابوونەتەوە، بەڵام ئێستا دروزەكان خۆیان بەعەرەب نازانن دەڵێن ئێمە دانیشتوانی سوریاین و بەتایفە دروزیین. هەروەك دەگوترێت لەقۆناغێكی دیاریكراوی مێژوویی خۆیان بەمەزهەب و پێكهاتەیەكی ئیسلامی ناوبردووە ئەمەش بۆ خۆپارێزی لەكۆمەڵكوژیی حوكمڕانیی دەوڵەتی ئیسلامیی.

هەندێك سەرچاوەی مێژووییش ریشەی دروزەكان دەگەڕێننەوە بۆ نەتەوەیی كورد، بەبەڵگەی ئەوەی باوكە گەورەیان ئەمیر ئەبو محەمەد حەسەن كوڕی یوسف مەكزون سنجارییە! واتە لەشنگالەوە هاتووە كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردی ئێزدین. 

ئێزدی و دروز لەزۆر سروت و باوەڕ لەیەكتریەوە نزیكن، بۆنمونە لەهێشتنەوەی پرچ و سمێڵ و لە لەبەركردنی جل و بەرگ و لەهەندێك باوەڕی ئاینی بۆنمونە دۆناودۆنكردنی گیانی مرۆڤ لەدوای مردن هەمان باوەڕیان هەیە. هەروەك لەهەندێك سروتی ئاینیی زۆر لەئێزدیی و كاكەییەكانەوە نزیكن و ئەو سێ‌ كۆمەڵگا ئاینیە كەمێك بەداخراو ناسراون.

مێژووی سەربەخۆ خوازیی دروزەكان دەگەڕێتەوە بەر لەچەند سەدەیەك. لەسەدەكانی 17 تا 19 جۆرێك لەحوكمی خۆبەڕێوبەری یان تایبەتمەندیان هەبوو لەچوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیی. لەدوای جەنگی جیهانی یەكەم واتە لە 1921 تاوەكو 1936 فەرەنسیەكان جۆرێك لەحوكمی خۆبەڕێوبەرێتیان دابوو بەدروزەكان بەناوی دەوڵەتی چیای دروز و پایتەختەكەیان سوەیدا بوو، بەڵام دوای رێككەوتنیان لەگەڵ دەوڵەتی سوریا (دیمەشق) ئیدی دەستیان لەدروزەكان هەڵگرت و ئەو حوكمی خۆبەڕێوبەرییەی هەبوو هەڵوەشایەوەو بەرەبەر لاوازكرا، دواتر بەعسیەكان حوكمیان گرتە هیچ شوێنەوارێكی خۆبەڕێوبەری دروزەكانیان نەهێشت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار