ئەم پیاوە بابە گەورەی زیرەکی دەستکردە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



نوسینی: لوقمان حەوێز

 جێفری هینتن Geoffrey.Hinton بە بابە گەورەی زیرەکی دەستکرد دادەنرێت.

 جێفری هینتن خەڵاتی نۆبڵی ساڵی 2024 پێدرا لە فیزیا بەڵام خەڵاتەکە لەبەرامبەر کارەکانی بوو لەبواری داهێنانی زیرەکی دەستکرد.

 جێفری هەر لە گەنجیەوە ئارەزوی ئەوەی هەبوو بزانێت مێشکی مرۆڤ چۆن کاردەکات، بۆیە لە زانکۆی کامبرێج لە ئینگلاند بەشی دەروونناسی تەواوکرد، لە ساڵی 1978 بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرت لە زانکۆی ئێدێنبرە لە سکۆتلەندا دەربارەی ئەوەی کە چۆن مێشکی مرۆڤ کۆمەڵێک هەست دەبەخشێت بەو دیمەنانەی کە لە ڕێگەی چاوی دەیانبینێت و لێکدانەوەیان بۆ دەکات، لەو کاتەوە لە دوای وەرگرتنی بڕوانامەی دکتۆرا جێفری هینتۆن پێی وابوو کە دەتوانرێت ئەو کارە لاسایی بکرێتەوە بەشێوەی زیرەکیەکی دەستکرد لە ڕێگەی پڕۆگرامێکی کۆمپوتەری بەهەمان شێوەی کارکردنی مێشکی مرۆڤ لەسەر بنەمای neural.network و بنەمای فێربوونی قوڵ deep.learning کە هەمان بنەمای فێربوونی مێشکی مرۆڤە، ئەو کاتەی جێفری ئەو بۆچوونەی دەربڕی زۆرینەی پسپۆڕان لە بواری کۆمپیوتەرسازی و دەمارناسی پێیان وابوو مەحاڵە زیرەکیەکی دەستکرد دروست بکرێت و بتوانرێت فێر بکرێت لە شێوەی فێربوونی مێشکی مرۆڤ، لەو کاتەوە واتە لە دوای ساڵی 1978 بڕیاری دا هەموو کارەکانی لە ژیانیدا بۆ سەلماندنی ئەوە تەرخان بکات.

🔶 بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی جێفری هینتن دەیەها ساڵ لە تاقیگەکانی کۆمپیوتەرسازی کۆمەڵێک زانکۆ کاری کرد لەوانە زانکۆی تۆرێنتۆ لە کەنەدا، زانکۆی کارنێگی مێڵۆن لە پێنسڵڤانیا، زانکۆی کالیفۆڕنیا لە سان دیێگۆ، دواهەمین شوێنی کارکردنی لە کۆمپانیای گووگڵ بۆ پتر لە 10 ساڵ تاوەکو ساڵی 2023 دواتر خانەنشین بوو، داهێنانە گەورەکەی breakthrough و سەلماندنی ئەوەی دەتوانرێت زیرەکی دەستکرد دروست بکرێت و وەک مێشکی مرۆڤ فێربکرێت لە زانکۆی تۆرێنتۆ بوو، دواتر جێبەجێکردنی ئەو کارە بە عەمەلی لەسەر ئاستێکی فراوان لە ماوەی کارکردنی بوو لە کۆمپانیای گووگڵ، جێفری دەڵێت ئێمە لە گووگڵ پێش ئۆپن ئەی ئای زیرەکی دەستکردی LLM مان داهێنا لە ساڵی 2016 بەڵام گووگڵ قەپاغێکی لەسەر دانا و بڵاوی نەکردەوە تاوەکو ئۆپن ئەی ئایChatGPT ی ڕاگەیاند، گووگڵ پێی وابوو کارەکە ڕەخنەی زۆری لێبگیرێت و سەرنەگرێت ئەوا زیان لە قازانجەکانی دەدات بۆیە دوای خست بەڵام ئۆپن ئەی ئای ناوەکەی هێشتا بوونی نەبوو و هیچی نەبوو لێی بترسێت.

🔶 جێفری هینتن ئێستا تەمەنی 77 ساڵە و خانەنشین بووە، ئەو لە 1947 لە  لەندەن لە دایک بووە بەڵام ڕەگەزنامەی کەنەداشی هەیە و لە تۆرێنتۆ دەژیت، ئەو دەڵێت ئەو تەمەنەی ماومە بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک و حکومەتەکان تەرخان دەکەم لە مەترسیەکانی زیرەکی دەستکرد، دەڵێت ئێستا لە دوو بۆ سێ ساڵی داهاتوو دەکرێت زیرەکی دەستکرد بەکابهێنرێت بۆ ئەنجامدانی کاری وێرانکەر وەک دروستکردنی ڤایرۆسی زۆر ترسناک، ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی کە بتوانێت هەموو تۆڕەکانی ئینتەرنێت و زانیاری لە جیهان پەک بخات هەروەها سیستەمی چەکی خودکار و زیرەکی پێ دروست بکرێت.

🔶 جێفری هینتن وەکو زۆربەی ئەوانەی ئەمڕۆ لەو بوارە کاردەکەن پێیان وایە ئەو زیرەکی دەستکردەی ئێستا هەیە کە خۆی لە LLM و مەڵتی مۆدێل ئەی ئای دەبینێتەوە تەنیا سەرەتای ئەو داهێنانە مەزنەی مرۆڤە، ئەویش پێی وایە تاوەکو ئەوپەڕی ساڵی 2030 دەگەین بە زیرەکی دەستکردی AGI کە زۆر لە مرۆڤ زیرەکترە، لە کۆتاییشدا زیرەکی دەستکرد هەر خۆی بە خودکاری بازدەدات بۆ ASI واتە artificial.superintelligence کە هەزارەها جار و بگرە ملیۆنەها جار لە مرۆڤ زیرەکتر و بەتواناتر دەبێت، ئەو کاتە کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەم دەبێت چونکە هەموو ئەجێنتەکان پەیوەندیان لەگەڵ یەکتر دەبێت و لەنێو هەموو سێرڤەر و ڕۆبۆتەکانیش بە خودکاری پەرە بەخۆیان دەدەن و خۆیان پێش دەخەن و خۆیان کۆپی دەکەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار