ئێران: دەرکردنی جۆن بۆڵتن سەرناکێشێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا

5 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

بەرپرسێکی ئێران ڕایگەیاند دوورخستنەوەی جۆن بۆڵتن لە کارەکەی نابێتە هۆی ئەوەی لەگەڵ ئەمریکا بکەونە گفتوگۆ.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی ئەیلولی ٢٠١٩ مەجید تەخت رەوانچی، نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، "جیابوونەوەی جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە ئیدارەی ترەمپ وا لە ئێران ناکات ڕەچاوی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بکاتەوە".

رەوانچی ئاماژەی بەوەشدا کە هیچ ئەگەرێك بۆ گفتوگۆ نییە لەگەڵ واشنتۆن لەکاتێکدا سزاکان لەسەرمان بمێنن.

جۆن بۆڵتن کە بە کەسایەتیەکی زۆر تووند و نەیاری ئێران بەناوبانگە دوێنێ لەلایەن دۆناڵد ترەمپ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لەسەر چەند بابەتێك هاوڕا نەبووە لەگەڵی لەکاتێکدا بۆڵتن رایگەیاندووە خۆی نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە.

بەرپرسەکانی تاران، بەتایبەتی جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران جۆن بۆڵتنی بە بەربەستی سەرەکی دادەنا لەنێوان ئەمریکا و وڵاتەکەی و بە کەسێكی شەڕخواز ناوی بردووە کە دەیەوێت ئەمریکا پەلکێشی جەنگ بکات.

ئەمە لەکاتێکدایە لەماوەی ڕابردوودا سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر ئێران نەرمتر بووە دوای ئەوەی کە چەند جارێك جەختی لەوە کردوەتەوە ئامادەیی  تێدایە بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بەڵام بەرپرسانی تاران ئەوەیان دووپاتکردوەتەوە گفتووگۆ ڕوونادات هەتا ئەمریکا سزاکانی لانەبات و کۆتایی نەهێنێت بە سیاسەتی "فشاری باڵا".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار