ئیسلام وەک هێزی رزگارکەر / ئیسلام وەک هێزی داگیرکەر

5 ساڵ لەمەوپێش



شوان ئه‌حمه‌د

ئەوانەی وەک فریادڕەس و  رزگارکەر و دەسوێژی ئازادی و سەرفرازیی باس لەئیسلام دەکەن زۆرن. بەنمونە ئەم نامەیەی فرانز فانۆن کەکەمترین زانیاری لەسەر ئیسلام هەبووەو لەدواساڵەکانی تەمەنیدا، بۆ عەلی شەریعەتی ناردووە.

وەلێ بۆ کوردان لەهەر چوار پارچەکەداو لەمێژوویەکی دوورەوە، پرۆسەکە پێچەوانەو لنگەو قوچ بووە.

سەرەتاکانی ئەم پرۆسەیە رەنگە بەدەقیقی دیارنەبێت کەکەی و چۆن، ئیسلام بۆتە چەکی حازر بەدەستی وڵاتان و نەتەوە سەردەستەکان، بۆداگیرکردن و خەفەکردنی نوزەی یەکجارەکی کورد لەمێژوودا، وەلێ لەسەدەی بیست و تائێستاش بەخەستی و زەق و زۆپی درێژبوونەوەی ئەو پرۆسێسە دەبینین، ئیتر لەسەر دەستی بەعسی سوننی و سەدام حوسێن  بووبێت، یان بەعسی عەلەوی و بەشار ئەسەد، یاخود ئیسلامی شیعی رۆحانی و ئیسلامی سوننی و نیوو عوسمانی ئەردۆغان و ئاکپارتی بێت.

ئەو ئیسلامەی هێزی رزگارکەرە بۆ زۆرێکی زۆر لەئومەتی موحەمەد، بۆ کورد دەبێتە هێزو کەرەستەو ماتەوزەی داگیرکارانی و بەناوی یەکەیەکەی ئایەتەکانی قورئانەوە (ئەنفال و قەتڵ و عام و کوشت و بڕو بەسوتماککردنی خاک و مرۆڤ و کلتورو مێژووەکەی)، پێ ئەنجامدەدرێت.

 

دەقی نامەکەی فرانز فانۆن بۆ عەلی شەریعەتی:

 

لەخەبات و تێکۆشان دژ بەکۆلۆنیالیزم و خۆرئاوا، ئیسلام بەر لەهەریەک لەئاسیاو ئەفریقا، دەستی داوەتە ئەو کارە.

گەر بپرسین ئەوە بۆچی؟ وەڵامەکەی ئەوەیە: لەو دوو کیشوەرەدا (ئیسلام ) بەر لەهەرشتێکی دی، کەوتە بەر شاڵاوی کۆلۆنیالیزم و خۆرئاوا.

دوژمنە خوێن خۆرەکانی، جەستەیان پڕ لەبرین کردو شێواندیان، هەربۆیە دەبینین ئیسلام رقێکی پڕاوپڕو تەواوەتی لەکۆلۆنیالیزم هەیە.

من هەمان ئەو هەستەم بۆ ئیسلام نییە کەتۆ هەتە، وەلێ هاوڕاتم و بەتوندیش جەخت لەو قسەیەت دەکەمەوە کەدەڵێت: (لەجیهانی سێهەمدا ئیسلام گەورەترین رەگەزو هێزی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژییە کەدەتوانێت رووبەڕووی خۆرئاوا بێتەوەو هەر لەبنەڕەتیشدا سروشتێکی دژ بەخۆرئاوای هەیە).

لەناخی دڵمەوە هیواخوازم، رۆشنبیرە رەسەنەکانی وڵاتەکانتان بتوانن، ئەو چەکە کارایە بگرنەدەست و پەرۆشی ئەو یەدەگە گەورەیە بن، لەسەرمایەی مەعنەوی و کلتوری کە لەهەناوی کۆمەڵگە ئیسلامیەکاندا هەیە.

ئەوە پێداویستییەکی گرنگە لەپێناو هۆشیارکردنەوەی جەماوەرو جۆشدانەوەیان، بۆ خەبات و بەرخوردکردن، لەگەڵ شاڵاوو پەلاماری ئەوروپاییەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو ئایدیاو چارەسەرو بەدگومانیانەی کە لەئەوروپاوە دێن و ئاودیوی وڵاتەکانمان دەبن.

پەیوەست بوون بەئیسلامەوە کارێکی گرنگە، بۆ ئەنجامدانی ئەو جەنگە بەرگری ئامێزەو بۆ جێگیرکردنی ئەو بنەمایانەی پێویستن بۆ دروستکردنی، مرۆڤی نوێ و شارستانیەتی مۆدێرن.

بۆ خاتری ئەوانە پێویستە رۆحیەتی ئیسلامی، لەنێو قەوارەو پێکهاتەی خۆرهەڵاتیدا زیندوو بکرێتەوە کەلاوازو پەژموردە بووە.

من وەک خۆم ناتوانم رۆڵم لەو پرۆسەیەدا هەبێت، وەلێ دڵنیام لەوەی کەتۆو براکانت، بەرپرسیارێتی گەیاندنی ئەو پەیامە دەگرنەئەستۆ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار