یەکڕیزی، تاکە ڕێگە بۆ دەربازبوون لەتەنگەژەکان

5 ساڵ لەمەوپێش



 

محه‌مه‌د عه‌لى

پێچەوانەی بۆچوونی هەندێک لایەنی سیاسی و کەسایەتی، کە بەردەوام لەبۆسەدان و هەر کاتێک پێشهاتێکی نائاسایی رووی لەعێراق و ناوچەکە کرد، ئەوانیش راستەوخۆ دەست بەجووڵە دەکەن بۆ ئەوەی ئەزموونی هەرێم لەبار ببەن، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێن، کە بەیەکهەڵوێستی رووبەڕووی پێشهاتە نوێیەکانی ناوچەکە ببنەوە، هەر لایەنێکیش جورئەتی ئەوەی هەبێ لەم ئیجماعە دەربچێ، پێویستە جەماوەر سزای بدات.

پێشهاتەکانی رۆژئاوای کورستان، وێنەیەکی جوانی یەکهەڵوێستیی کوردانی دەرخست، سەرکردایەتیی باشوور سەرباری تێبینی زۆری لەسەر مامەڵەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەموو توانا سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتی و راگەیاندنەکانی خستە خزمەت پاراستنی کوردانی رۆژئاوا، سەرباری پێشوازی لەهەزاران پەنابەر، لەدوا گفتوگۆشیدا، (مەزڵوم کۆبانی) سوپاسی (سەرۆک بارزانی) و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو رۆڵە ئەرێنییەی لەماوەی رابردوودا بینیویانە لەپاڵپشتیی ئەم بەشەی کوردستان، کەهاوکات بوو لەگەڵ داواکارییەکی راستەوخۆ لە(سەرۆک بارزانی) بۆ کۆکردنەوەی گشت هێزە سیاسییەکانی رۆژئاوا.

ئەوەتا لەگەڵ دروستبوونی پشێوییەکانی بەغدا و جموجۆڵە نائاسییەکان لەپەرلەمانی عێراق، کوتلە کوردییە جیاوازەکان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بەئاراستەی دروستکردنی هاوپەیمانیی کوردستانی بۆ رێگریکردن لەهەر هەموارێک لە دەستووری عێراقدا کەزیان بەدەستکەوتەکانی گەلی کوردو کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم بگەیەنێت، بەجۆرێک نوێنەرانی کورد لەبەغدا لەوە گەیشتوون تەنها یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستی دەتوانێ شکست بەپیلانی نەیارانی کورد لەناو پەرلەمان بهێنێ و هاوکات هێزێک دەبەخشێ بەئەندامانی کورد لەلیژنەی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق.

هەر لەپێناو کۆدەنگی و یەکهەڵوێستیشدا، بەدەستپێشخەریی سەرۆکی هەرێم دوو کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجامدران تایبەت بەیەکخستنی هەڵوێستەکان

هەر لەپێناو کۆدەنگی و یەکهەڵوێستیشدا، بەدەستپێشخەریی سەرۆکی هەرێم دوو کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجامدران تایبەت بەیەکخستنی هەڵوێستەکان، کۆبوونەوەی یەکەم هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم بوو و دواتر بەئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆککۆماری عێراق، کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی گشت حزبە کوردستانییەکان ئەنجامدرا، ئەمە جگە لەوەی سوودی هەیە بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنە سیاسییە جیاوازەکان، هاوکات کاریگەری دەبێت بۆ پاراستنی سەقامگیریی کەشی سیاسیی هەرێم و چڕکردنەوەی گشت هەوڵەکان بەئاراستەی عێراق.

پێشتریش لەهەنگاوێکی دروستدا، بڕیاری بەشداریی کورد درا بەیەک لیستی بۆ هەڵبژاردانی پارێزگاکانی عێراق، بەتایبەتی لەکەرکوک و موسڵ، ئەمەش هەوڵێکە بۆ گێڕانەوەی پێگەی کورد لەم دوو پارێزگایەدا بەشێوەیەکی یاسایی، دوای ئەوەی بەشێوەی سەربازی لەدەستدرا، ئەمە لە کاتێکدایە یاسای هەڵبژاردانەکان لەبەرژەوەندی کوتلە گەورەکاندایە و بارودۆخی سەربازیی ناوچە کوردستانییەکان لەبەرژەوەندیی کورددا نییە، هاوکات هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، دەسەڵاتی پارێزگار زیاد دەکات و پرۆسەی تەعریبیش لەکەرکوک خێراتر بووە.

لەسەر ئاستی ناوخۆش حکوومەتی هەرێم هەوڵەکانی بەردەوامن بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و دووبارە پێداچوونەوە بەهەیکەلییەتی ئیداریی هەرێم، کەوەک کیانێکی یەکگرتوو سەرتاسەری مامەڵە بکات، سووربوونی حکوومەتیش لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای چاکسازی و کارکردنی وەک تیمێکی یەکگرتوو، کاریگەری هەبووە لەسەر بەهێزکردنی پێگەی کابینەی نۆیەم و ئاشتکردنەوەی خەڵک و حکوومەت لەگەڵ یەکدی، بەشێوەیەک رەنگدانەوەی لەسەر دروستکردنی کۆدەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ گشت پرسەکانی پەیوەندیدار بەداهاتووی هەرێم هەبووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار