ئایا ئەمە قورسە بۆ تێگەشتن؟

دوژمنی دوژمنەکەم دوژمنمە

5 ساڵ لەمەوپێش



 

سامانى وه‌ستا به‌کر

ئەو سیاسەتەی تائێستا لەهەرێمی کوردستان بەتایبەتی و سێ بەشەکەی تری کوردستنایشدا بەشێوە گشتیەکەی بەڕێوەدەبرێ پشتبەستووە بەو پەندە کۆنەی کەدەڵێ (دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە) کەئەمە ئەگەر بۆ سەردەمانێک کاری پێکرابێ بەهۆی سانایی ژیان و دووری ناوچەکان لەیەک، بەهۆی نەبوونی ئامێری گواستنەوەی خێراو نەگەشتن هەم بەدۆست و هەم بەدوژمن، چونکوم بۆ هەر پەیوەندی بەستنێک کاتێکی زۆریان پێویست بووە، بۆیە زۆرترین کات پێوەی پابەندبوون و هەرکاتێک دوو لایەن لەسەر دوژمنە هاوبەشەکەیان هاوڕابووبن ئەوا خۆیان بوون بەدۆست بۆ دوژمنایەتی لایەنی سێیەم، بەڵام چیتر ئەو تیۆریە کاری پێناکرێ  بۆ ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیاو خێرای ئامێرەکانی گواستنەوە  کە بەشێوەی جیاواز و ئاسان و تێچووی کەمەوە لەبەردەستان.

ئەگەر دوێنێ دوژمنی دوژمن دۆست بووبێ ئەوا دەکرێ ئەمڕۆ دوژمنی دوژمنەکەم دوژمنی منیش بێت یان دوژمنێکی هاوبەش بێت لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندی دۆستانە یان پێچەوانەکەی رێکنەخرێت.

نەک کایەی رامیاری، بەڵکو ئەوەی باوە لەناو کۆمەڵگەو خێڵ و تاکەکانیشا هەر پشتبەستن بەو دەستەواژەیە دۆستایەتی و یارو نەیار مامەڵە دەکرێن و پەیوەندیەکان دادەڕێژرێن کەئەکرێ هۆکارێک بووبێ و تائێستاش هۆکارێک بێ بۆ بەهەڵەداچوون.

ئەوەی مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوانێ کورد جا چ خێڵ یان میرنشێن یان خێزانێکی باڵادەست یان حزبێکی سیاسی بووبێ هەمیشە لەکاتی ناکۆکیدا پەنای بۆ ئەو دەوڵەت و هێزە ناوچەییانە بردووە کەدوژمنی برای نەژادەکەی بووە تا لەپەنایدا  سەرکەوتنێکی کاتیی بۆ خودی خۆی یان خێڵ و خێزان و حزب بەدەستبهێنێ لەبەرامبەر دۆڕان و ماڵوێرانی بۆ کوردو خاک و ناشرینکردنی مێژووەکەی، بەجۆرێک مێژووی کورد پڕە لەو پەنابردنە بۆ دوژمن راودوونان و بێهێزکردنی کورد بەدەستی کورد، کەدەکرێ ٣١ی ئاب روونترین مێژووی نوێ بێ کەکۆی ئەو نەوانەی گەواهی دەری ئەوەن ئێستا لەژیاندا ماون.

لەدوایین پەیامی ئاڕاستەکراوی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی بەئاسانی هەست بەپەیڕەوکردن و پابەندبوونی ئەو دەستەواژەیەوە ئەکرا (دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە) کە وتی (تورکیا  کێشەی لەگەڵ کوردا نیە، بەڵکو کێشەی بوونی پ.ک.ک-ی هەیە)، لێرەشدا مەبەستی ئەوەبوو  یان راستتر لەلایەن خەڵکانی غەیرە کوردەوە وا لێک دەدرێتەوانێ کە ئەو کۆمەڵکوژی و داگیرکاریەی تورکیا لەڕۆژئاوا دەیکا کارێکی ئاساییە، چونکە ئەوان دوژمنی پ.ک.ک-ن و  هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ نەتەوەی کورد نیە، واتە داپۆشینی داگیرکاری «تورکیای دۆستی پ.د.ک» بەرامبەر تاوانبارکردنی «پ.ک.ک دوژمنی هاوبەشی تورکیاو بەداخیشەوە پارتی».

سەرۆکی هەرێم کەپێدەچێ پەیامەکەی پێگەشتبێ لەتورکیاوە نەیتوانی ئەو ناکۆکییە سیاسیەی نێوان پ.د.ک و پ.ک.ک تێپەڕێنێ و کاری بەدوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە کردو پەیامێکی بەجیهان دا، کە میللەتی کورد یان لایەنی کەم حکومەتی هەرێم تێگەشتنی بۆ ئەو داگیرکاری و خوێنڕێژیەی تورکیا هەیە، چونکە ئەوان کار بۆ پاراستن و توندوتۆڵ کردنی سنوری خۆیان دەکەن لەبەر ئەو هۆکارە رەوایی بەهێرشەکانیان دەدرێ، ئەگەرنا تورکیا کێشەی لەگەڵ میللەتی کوردا نیەو بگرە دۆستیشمانە،  ئەمە لەکاتێکا زۆرینەی هەرە زۆری وڵاتانی ناوچەکەو هەرێمایەتی و جیهانیش ئەو هێرشە بەداگیرکاری و پاکتاوی سیاسی بێ بنەماو مەبەستی شاراوەش لێی پاکتاوی نەژادی دەناسێنن.

ئەوەی سەیرە ئەوەیە کەکەسێک یان لایەنێک یان حزبێکی سیاسی هەبێ لەسەدەی بیست و یەکدا تائێستاش بۆ دژایەتی لایەنێکی تری هاونەژاد پەنا بۆ نەتەوەیەک و وڵاتێکی تر بەرێ و مێژوو دەستی نەسووتانبێ!

پەیوەندیەکانی نێوان پەکەکە و پارتی ئەگەرچی ساردیش بێ یان پێشتر هەرچۆنێک بووبێ، بەڵام هەرگیز ئەمانە نابێ ئێسکی یەکتر بشکێنن، بەڵام مەخابن ئەوەی پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێم دەیکەن لەهاوکاریکردنی تورکە مەگۆلیەکان هەر دووبارەکردنەوەی «دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە»یە کەئەمە هەڵەیەکی مێژوویی ناشرین  و قێزەون و ئابڕو تکێنەو دەبێ نەفرەتی لێبکرێ، چونکوم راستیەکەی ئەوەیە (دوژمنی دوژمنەکەم دوژمنی منیشە)، ئەوەتا تورکە مەغۆلیەکان نایشارنەوەو پڕ بەدەم هاوار دەکەن و دەڵێن هیچ کیانێکی کوردیان گیرانیە ئەگەرچی لەهەسارەیەکی تریش بێ و ئەوەی ئێستاش لەباکوری عێراق هەیە بەزمانی ئەوان کە مەبەستیان هەرێمی کوردستانە پێشتر بەهۆی رەوشی ناوچەکەوە سەپێنراوە بەسەریاندا ئەگەرنا ئەوەشیان پێ زۆرو ناپەسەندە، بەڵام راستیە مێژووەکەی ئەوەیە کە لەو سەردەمەی حکومەتی هەرێم دروستبوو تورکیا وەک وڵات بێهێز بوو، ئەگەرنا هەر ئەوکات رێیان نەدەدا حکومەتی هەرێم رووناکی ببینێ.

کوردستان لەمێژووی دوورو درێژیدا زۆرجار کەوتۆتە نێوان دوو زلهێزەوە یان زیاتر، رێڕەو بووە بۆ لەشکرکێشی ئیمپراتۆرەکان بۆ سەر وڵاتێکی تر، یان شەڕگای شەڕکەران بووەو هەر هێزێک شکستی خورادبێ لەچیاکانی کوردستان خۆی شاردۆتەوانێ.

ئەم جەنگانە کاریگەری جیاوازو ناجۆری لەسەر ئابوری و رامیاری و کۆمەڵایەتی و بگرە دەروونی کورد بەجێهێشتووەو خراپ بەسەریدا شکاوەتەوە.

ئەگەر بەخێرایی تەماشای مێژوو بکەیەن هەر لەهەزارەکانی پێش زایینەوە هەتا ئەمڕۆ، شاڵاوی هێرش و لەشکرکێشی و پاشەکشێی هێزەکان بەناو کوردستاندا دەبینرێت. هەر لە سۆمەرو ئەکەدو بابلیەکان و فیرعەونی و ئاسوری و ئورارتۆو سەکسی و حسی و ولیدیەکانەوە هەتا دەگاتە یۆنان و مەکدۆنی و رۆمەکان و پاشتریش بۆ سەردەمەکانی هەخامەنشی و ئەشکانی و سلوقی و ساسانیەکانەوە تا دەگاتە فتوحات «داگیرکاری» ئیسلام و سەردەمەکانی ئەمەوی و عەباسیەکان، بەهێرشی تەتەرو مەغۆل جەنگیزخان و هۆلاکۆو تەیموری لەنگ و ئیلخانی و جەلائری و ئۆزبەگی و ئەفشاری و تەیموری و سەفەوی و قاجاریەکانەوە، سەدەی نوێ و ئیمپریالیستە روسی و هەڵگیرسێنەرانی جەنگە جیهانیەکانی یەکەم و دووەم و هەتا جەنگی عێراق ئێران و هەتا ئێستاش بەردەوامی هەیە.

هەموو ئەمانە یان شەڕەکانیان هێناوەتە  خاکی کوردستان یان کوردیان کردووە بەگژی لایەنێکی تری دژی خۆیان یان کورد کراوەتە سۆپەری هێزێکی تریان وەک وەرەقەیەک بۆ پاڵەپەستۆ لەسەر لایەنێکی تر یان کوردی ناوچەیەک کراوە بە گژی ناوچەیەکی ترا، بۆ هەموو ئەمانەش هەمیشە کورد بەوە لەخشتە براوە کەدوژمنی دوژمنەکەم دۆستمەو هەمیشەش راستیەکەی ئەوە بووە کەکورد وەرەقەیەک بووە لەیاریەکانداو هەمیشە هەردوولایەنی شەڕکەر دوژمنی کوردن.

یەکێک لەو نەگبەتیانەی لەمێژەوە کوردی تێوەگلاوەو تائێستاش شوێنەواری وەک سێبەر بەدوای کوردەوەیە شەڕی چاڵدێرانی ساڵی ١٥١٤ی زاینی بوو، ئەم شەڕە بەجۆرێک کورد زەرەرمەند بووە لێی بەهیچ جۆرێک لەلایەنی شەڕ عوسمانی و سەفەوی زەرەرمەند نەبوون و کارێکی کردووە کە تائێستاش ماڵی کورد کۆنابێتەوەو هەمیشە لایەنە بیرە ئایدیا جوداکانی کورد لەژێر سێبەری یەکێک لەم دوو بەرەی شەڕەی چاڵدێراندان کە لەئێستادا لەتورکیای مەنگۆلی و ئێراندا خۆیان نمایش دەکەن.

کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان بەهۆی خەمساردی و بەرژەوەندی کەس و خێڵ و حزبە سیاسیەکانەوە هەمیشە  لەژێر باڵی ئەم دوو وڵاتەدان و دژایەتی یەکتر دەکەن و بۆ پشت شکان و دۆڕانی یەکتر یەکێکیان دەبێتە دڵخوازی تورکیاو ئەوی تریشیان ئێران هەر فێر نەبوون کەدوژمنی لایەنێک یان بەرەیەک یان حزبێک یان کانتۆن و هەرێمێک دوژمنی هەموو کوردە بێ جیاوازی!

پرسیار:

ئایا ئەمە قورسە بۆ تێگەشتن؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار