لافاوی سروشتی  و لافاوی سیاسی 

3 كاتژمێر لەمەوپێش



 فارس نەورۆڵی 

 مێژووی کورد پڕە لە کارەساتی سروشتی و سیاسی، بەشێک لەوکارەساتانە لەیادگەی خەڵکدا بووە بە ساڵنامە، نموونە لە سلێمانی باسی بابەتێکی کۆن بکرایە دەیانگوت ساڵی لافاوەکە، لە هەڵەبجە دەیانگوت ساڵی بەورە سوورەکە، سەبارەت بە کارەساتی سیاسی ئاماژەی پێنادەم چونکە زۆر زۆرە، باران بارینی ئەم چەند ڕۆژە لە چەمچەماڵ و چەند جێگایەکی دیکەی کوردستان ڕووداوی ناخۆشی لێکەوتەوەو ئازاری بە هەموان گەیاند، ئازاری هاوبەش بەرپرسیاریەتی هاوبەش دروستدەکات و دەرفەتە بۆ نیشاندانی بەرپرسیاریەتی  دروست دەکات و دەبێتە خاڵی هاوبەشی هەموولایەک  دەکرێ ئەم لافاو ڕووداوانە وەک پردێکی لە دەرەوەی سیاسەت کۆمان بکاتەوەو بەسەریدا بگەڕێینەوە بۆ ناو سیاسەت بۆ ئەوەی بیکەینە جێگیریی ئاسایش و گوتاری هاوبەشی سیاسی لەسەر بنیاد بنێین  تابتوانین  پێش ڕوودانی هەر لافاوێکی سیاسی خۆمان ئامادەبکەین ئەمەش واپێویست دەکات بەرژەوەندی حزبی لەبەرامبەر بەرژەوەندی گشتیدا کاڵبکەینەوە، هیچ لایەنێک لافاوەکە نەکاتە  موزایەدەی سیاسی بۆ توانجدان لەم و لەو، چونکە خەڵک ویستی گوێگرتنی لەو جۆرە گوتارانە نیە پێویستی بەکردارە، ئەوەی جێگای پێزانینە ئەم ڕوداوانە دەریخست تاڕادەیەکی باش  گۆڕانکاری لە زهنی سیاسی کۆی خەڵکدا ڕوویداوە. 

لەبیرمە چەند ساڵێک لەمەوبەر لافاو لەشارێک ڕوویدا، لەبری پشتیوانی کەچی لەلایەن هەندێ خەڵکی نابەرپرسەوە لەژێر کاریگەری ئیرهابی فیکری وەک تەنز و کۆمیدی باسیان دەکرد، بەڵام بەپێچەوانەوە لەم ڕووداوەی چەمچەماڵ و جێگاکانی دیکە کۆی خەڵکی کوردستان و شارەکان و دامەزراوە فەرمی و حزبەکان و ڕێکخراوەکان هاوخەمی و پاڵپشتی خۆیان ڕاگەیاند، ئەمەش ئاماژەیە بۆ وشیاری خەڵک و پاشەکشەی ئیرهابی فیکری، گرنگە ئەم پەیامانە ببنە کردارو قەرەبووی زیانلێکەوتوان بکەنەوە.

بۆ ئەم مەبەستە پێشنیار دەکەم  حکومەت دانانی سندوقێکی هاوکاری تایبەت بەم ڕوداوە بەکاتی ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی جگە لە هاوکاری حکومەت سەرمایەدارەکان و خێرخوازەکان و ڕێکخراوە خێرخوازەکان لەم کاتەدا هاوکاری ئەو سندوقە بکەن لەڕێگای لیژنەیەکی ڕێکخراو لەژێر چاودێری حکومەت بۆ ئەوەی قەرەبووی زیانلێکەوتوان بکەنەوە، لەهەمانکاتدا پێویستیشە ئەم لافاوە سروشتییە بکەینە پرسیار لەخۆمان ئایا ئەگەر لافاوی سیاسی ڕوویدا چیبکەین؟  وەک چۆن لەمێژووی کورددا سەدان لافاوی سیاسی ڕوویداوەو تووشی کارەساتی گەورەبوین. پێویستە وەک چۆن ئێستا ئەم  ڕووداوە بوو بە ئازاری هاوبەش و خەمی هاوبەش و بەرپرسیاریەتی هاوبەش، دەبێت بیرکردنەوەیەکی هاوبەشمان هەبێت بۆ خۆئامادەکردن و ڕێگەگرتن لە لافاوی سیاسی، جیاوازی لافاوی سروشتی و لافاوی سیاسی چیە؟ لافاوی سروشتی لەکاتێکی کەمدا قەرەبوو دەکرێتەوە، بەڵام لافاوی سیاسی هەندێکجار بە سەدەیەک قەرەبوو ناکرێتەوە. 

بۆیە داواکارم بەپەلە قەرەبووی زیانلێکەوتوانی لافاوەکە بکرێتەوە لەخەمی ئەوەشدابین  گوتارێکی هاوبەشی سیاسی دروستکەین  بۆئەوەی لافاوی سیاسی نەدا بەسەرماندا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار