مێتافیزیکای سوکایەتی
3 كاتژمێر لەمەوپێش
د. ئەمیر حسێن
چیرۆکی ڕامکردنی شێر .
شێر بەسروشتی خۆی گیاندارێکی گۆشت خۆرە ، بەڵام بۆ ئەوەی ناچار بە ملکەچی بکەن ، سەرەتا دەیخەنە ناو قەفەسەوە ، لە جیاتی گۆشتی فرێشی ئاسک و کەڵە کێوی ، باسترمەی پێدەدەن ، کاتێک هاوار دەکا باسترمە خواردنی من نییە ، دەڵێن : دەخۆی باشە ناخۆی لە برسان دەمری ، دوای ماوەیەک برسیێتی تینی بۆ دێنێ ، تا ناچار دەست دەکا بە خواردنی باسترمە . دواتر باسترمەی لێ دەگرنەوە و تەنها ئێسقانی بۆ دادەنین ، دەنەڕێنێ باسترمە زۆر خۆشە لێرە بەدواوە باسترمە دەخۆم ، دەڵێن : ئێسقان دەخۆی باشە ناخۆی لە برسا دەتۆپی ، ناچار ئێسقان دەخوا .
دواتر ئێسکیشی پێ ڕەوا نابینن وێنجەی بۆ دادەنێن ، ئەویش دەمڕێنێ : من گیا خۆر نیم ، بەڵکو ئەو ئاژەڵانەم دەخوارد گیا خۆر بوون ، ئێستا چۆن وێنجە بخۆم . دەڵێن : هەر ئەوە هەیە ، ئەگەر نەیخۆی دەمری ، شێرەکە ماوەیەک بەربەرەکانێ دەکا ، بەڵام دواجار برسیەتی بڕستی لێ دەبڕێ ، بە ناچاری بەردەبێتە وێنجە خواردن و کاوێژ کردن ، دوای ماوەیەک وێنجەشی پێ ڕەوا نابینن ، شێر ناچار داوای وێنجە دەکا . بەڵام پێی دەڵێن : وێنجەی بەلاشمان نییە ، فەرموو وەک کەر بزەڕە تا وێنجەت بدەیینێ .. مەسەلەکە بەو جۆرە درێژە دەکێشی تا شێرەکە لە ئەنجامدا لە برسان و لەناو قەفەسدا دەمرێت .
مەبەست لە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە ، تەنیا پێشاندانی تراژیدیای سوکایەتی پێکردن نیە بە پاشای دارستان ، بەڵکو ئەمە چیرۆکی وێناکردنی مرۆڤە ، لە ژێر دەسەڵاتی سیستەمی نا دادپەروەرو ستەمکاردا ، کاتێک جەوهەرەکەی دەکەوێتە ژێر پەلامارو هەوڵدەدرێ سروشتە ئاساییە مرۆییەکەی زەوت بکرێ ، ئیتر پرسی خۆڕادەستکردن و ملکەچ پێکردنی لە تاقیگەی سوکایەتی و زەلیلکردنی دامو دەزگا داپڵۆسێنەر و تۆقێنەرەکاندا ، لە پێناو ڕامکردنی ، لەسەر ئاگرێکی هێواش ئامادە دەکرێت ، پرۆسەی هەڵداشتن و داماڵینی شکۆی مرۆڤ مەرج نیە لە بەکارهێنانی زەبروزەنگەوە ، یان لە قایمکردنی لە کونجی زیندانەوە ، دەست پێبکات.
زۆر جار هەندێک هەنگاوی بچوک و سادە ، دەبێتە سەرەتای کۆتایی داڕمانی جەوهەری بونەوەرێک ، پێش ئەوەی بە یەکجاری ڕوحی تەسلیم بکات . کاتێک شێر بەو هەمو هێزو شکۆی خۆیەوە دەخرێتە ناو قەفەس ، تەنها لە سروشتە ئاژەڵیە کێویەکەی دانابڕێ ، بەڵکو وەک هەنگاوی یەکەم لەو ڕوحە ئازادو نەریتە پێشڕەویەی دادەبڕێ ، وەک سەردارو سەرکردەی دارستان بەردەوام پێی دەناسرێتەوە.
چونکە چیتر ئازاد نیە لە پراکتیزەکردنی تایبەتمەندیە وجودیەکانی ، یان سەپاندنی حەزو ئارەزوەکانی بەسەر دانیشتوانی دارستاندا، کاتێکیش ڕەهەندە گۆشت خۆریەکەی بە بارمتە دەگیرێ ، ئیتر برسیەتی لەسەر چرکەساتی ئەو پەڕی سوکایەتی و شکاندنی تاقەت پڕوکێن ، کاتژمێری هەڵمەت و پەلامارەکانی تەوقیت دەکات ، بە ڕوخاندنی ئیرادە و خۆڕاگری ناوەستێ ، بەڵکو کەرامەتی پەلکێش دەکات تا سەر نشێوی هەڵدێران ، لێرەدا هاوارو بانگەوازی شێرەکە ، ئەگەر بەدیوێکدا دەربڕینی توڕەیی و ناڕازی بون بێت ، وەک پەرچەکردار ، بە دیوەکەی تریدا هاواری خود پەرۆشیە ، بۆ لەدەستدانی خەسڵەت و تایبەتمەندیە ڕەسەنەکانی ، چونکە وەک نیچە دەڵێت : یەکەم هەنگاو بۆ شکاندنی مرۆڤ.
لەو کاتەوە دەستپێدەکات ناچاری بکەی باوەڕبێنێ ، پێداویستیە سەرەکیەکانی شتی بێ بەهاو بێ نرخن . وەک چۆن شێرەکە ناچاردەکرێ بۆ نزمترین ئاست دابەزێ ، لە کۆتایدا ئەوەندە لە شوناسەکەی دور دەکەوێتەوە تەنانەت وێنجە دەخوات ، ئەمە دواپلەی خۆ ڕادەستکردن و مەترسیدارترین قۆناغی سوکایەتیە ، لێرەوە ئیتر ناڕەزایی و ڕەتکردنەوە هیچ واتایەکی نامێنێ ، چونکە لە پێناو ڕزگارکردنی گیانیدا ، بە ناو تونێلیی تاریکی خۆ ڕاهێناندا هێدی هێدی فێردەبێت ، بچێتە ناو پرۆسەی ئاڵوگۆڕی سەوداو مامەڵەکردن ، بە باڵاترین تایبەتمەندی جیاکەرەوەی ، تا لە ئەنجامدا دەگات بە هەڕاجکردنی شکۆ و کەرامەت .
لە کۆتایدا سیستەمە گشتی و خۆ سەپێنە ستەمکارەکان ، بەم شێوە کار لەسەر ڕاهێنان و پەروەردەی هاوڵاتیان دەکەن ، بۆ ئەوەی لە کردەیەکی کاتیەوە ، بیگۆڕن بۆ جۆرێک لە تەکنیکی پیشەسازی بەرهەم هێنانی خۆچەماندن ، لە پێناو شکاندنی ئیرادەی ئازادی کۆمەڵگا ، زۆر جار پەنا بۆ شێوازی ڕاهێنانی بە شێنەیی دەبەن ، چونکە دەرئەنجامی باشتر، لە بەکارهێنانی توندوتیژی مسۆگەردەکات ، بەکارهێنانی هێزی ڕاستەوخۆ جیا لە توندوتیژی ، دەرئەنجامی پێچەوانەو نە خوازراوی لێدەکەوێتەوە ، بەڵام لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی سیستماتیک و مەحرومکردنی بە بەرنامەی هێواش و لەسەرخۆ، دواجار ئێسقان دەبێتە نیعمەت.
سوکایەتی دەبێت بە بونیادی پرسی بنەڕەتی پەروەردەو ڕاهێنان ، زەوتکردن و پێشێل کردنی ماف دەبێتە دیفاکتۆ . تا بەوە دەگات سوکایەتی ، بە ئاشکرا مرۆڤ بکات بە ( مرۆڤی شوشەیی ) ئاوەڵا و ڕون بۆ دەسەڵاتداران لە هەمو گۆشەکانەوە ، وەک هانا ئارێنت دەڵێ ، تەنانەت متمانە بە دەنگ و ڕەنگ و یادەوەری لە دەست دەدا ، لە سێبەری خۆی سڵ دەکاتەوە . لێرەوە ئیتر بازدان بەسەر پرەنسیپەکانی مۆڕاڵ لە لای مرۆڤ دەبێت بە کردەیەکی ئاسایی ، لە ژێر زەبرو فشاردا ، بەردەوام خۆی لەسەر ڤێرژنی تازە فۆڕمات دەکاتەوە ، بۆ ئەوەی جارێکی تر خۆی لەگەڵ ئەولەویاتەکانی ڕێک بخاتەوە ، بە جۆرێک ئەوەی دوێنێ ڕەتی دەکردەوە ئەمڕۆ قبوڵی دەکا ، تەنانەت دەبێتە داخوازی لە پێشینەی و لە پێناویدا دەجەنگێت ، شێرەکە لە برسان نامرێ ، بەڵکو لەوکاتەوە دەچێتە ناو پرۆسەی مردنێکی هێواشی بە ئازار ، کە لە ژێر فشاردا دەستبەرداری شوناسی شێرایەتی دەبێت ، لە گۆشت خۆرەوە دەگۆڕێ بۆ ڕوەکی ، ترس و برسیەتی لە دۆزەخی ڕاهێناندا شوناسێکی نوێی بەبەردا دەکات ، ئەگەرچی لە ڕوی فیزیکیەوە هەر شێرە ، بەڵام جەوهەرە ڕوحی و مۆڕاڵیەکەی دەگۆڕێ بۆ ئاژەڵێکی تری جیاواز ، دەکرێ هەر شتێکی تربێت تەنها شێر نەبێ.
