میدیا... وەک تیرۆری کەسایەتی و بەها باڵاکان
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئازاد شکور
( میدیا لە سەکۆی ڕاستی و بەرگریەوە بۆ شکاندنی شکۆی خێزانی کوردی )
کارکردن لە بواری میدیاو ڕاگەیاندا، ئیتر چ میدیای نوسراو بێت یان میدیای بینراو، بە کارە هەرە ترسناک و ئاڵۆزەکان دادەنرێت لە دونیادا، هاوکات بە کارە هەرە بەرپرسیاریەتیە گرنگەکانیش دێتە هەژمار، ئەوەی وای کردووە لە دونیای ئێمەدا خەڵکی بیانەوێت لەنێو میدیا و ڕاگەیاندکاندا جێگەیان ببێتەوە، بەرئەنجامی ئەو ڕۆڵ و بایەخە گرنگەی میدیایە کە لەخەیاڵدانی هەمووماندایە.
وەک هێزێک کە هەمیشە بەدوای ڕاستیەکان دەکەوێت و دەست بۆ پنت و لایەنەشاراوەکان دەبات و دەیان جوڵێنێت، شڕۆڤە و گەنگەشە لەبارەیانەوە دەکات، لەگەڵ وەرگرتنی شوناسی و ئازادی لەقسەکردن و بیروڕا دەربڕیندا، گەرچی ئەمە ڕاستیەکی دامەزراو و حاشا هەڵنەگرە، بەڵام ئەم تێگەیشتنە نابێت سڕمان بکات، کە بێ ئاگا و غاغڵگیرمان بکات لەوەی سەرباری ڕۆڵ و ئەدا گرنگەکەی هاوکاتیش "میدیا" لە هەناوی خۆیدا کۆمەڵێک چەمکی ترسناکی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، وەک درۆکردن و چەواشەکاری و شاردنەوەی ڕاستیەکان و بەهەڵەبردنی جڤات و پیشاندانی ڕەسەن وەک ساختە بە کیاژکردنی پرسەکان، شکاندنی شکۆی تاک و جڤات.
ئیدی وای لێدێت کاری میدیایی دەبێتە سەنتەر و زۆنێکی ناجۆر و ترسناک و کۆی بەهاکان و ڕەهەندەکان هەنجن هەنجن و هەپروون هەپروون دەکات، نەوەک مینبەرێک بێت بۆ ئازادی کەسەکان و ئازادیی بیرکردنەوە و بەرگری لە سەربەستی مرۆڤەکان، بۆیە گەر میدیاکارێک پیشەیانە مامەڵە نەکات و ئاگاداری کون و قوشبنی دەزگا میدیاییەکان نەبێت دوور نییە ببێتە میدیاکارێکی جەلاد و مەترسیدار، هندێکجار خراپتر.
ئاشکرایە" میدیاکار" دەبێت خۆی لە نێو سێ ڕەهەنددا ببینێتەوە، ئەوکات دەتوانرێت وەک میدیاکارێکی متمانەپێکراو و بە ئینساف خۆی بەیان و وێنا بکات ئەوانیش: (بەرفرەیی فکر و ئاستی ڕۆشنبیری و ئەخڵاقی پیشەیی)ن.ئەم سێ تەوەرە پرد و پاڵاوگەی هەموو میدیاکارێکی ڕەسەن و ئۆرجیناڵە، بۆیە هەرمیدیاکارێک یان ڕۆژنامەڤانێک گەر بە تونێلی ئەم سێ بنەمایەدا گوزەر نەکات هیچ اعتبارێکی نییە، ڕۆڵی لە ڕۆڵی جەلادێک مەترسیدارترە.
یەکێک لە کارەکانی خوێنەوار ئەوەیە نەهێڵێت وشە زۆر دڕندانە و بێویژدانانە بێتە گۆ، نابێت وشە کاولکار بێت، نابێت تەنها بۆ ئەوەی توانای دۆزینەوەی ڕاستی نییە، یان حەقیقەتی لێون بووە ئیتر یاری بەچارەنوووس مرۆڤەکان بکات، بۆیە وشە کاریگەری لە چەک و بارووت بەهێزترە، ئەو وشانەش لەکاتی گفتوگۆ یان لەکاتی نوسینێکدا دەخرێنە ڕوو زۆرجیاوازترە، لە و وشانەی کە لە میدیاکانەوە پەخش دەکرێن دەخرێنە نێو زیهنی جڤاتەوە، بۆیە زمانی میدیا کاریگەرترە و زووتر دەچێتە ناو خەڵکەوە بۆیە توانای وێرانکاری زیاترە، بەراورد بە زمانی ئەدەب و گفتوگۆی ڕۆژانە تێکشکێنەرو داپڵۆسێنەر و بەنازترە.
" میدیاکار" بەرپرسیاریەتیەکی گەورەی لەسەرە، کە چی دەڵێ و چ پەخش دەکات، زۆرجار جەلادێک بەهۆی نەبوونی دۆکێومێنتەوە دوا دەکەوێت لە پەڕینی سەری گوناهبارێک، بەڵام میدیاکار لەچاوتروکانێک ئینسانەکە دەکوژێت، وەک چۆن داوا دەکرێت سیستەمی سیاسی مافی ڕۆژنامەنوسان بپارێزێ و دەبێت پاسەوانی لەو فیئەیە بکات، دەبێت هەمان داخوازیش لە میدیا و ڕۆژنامەنوسان بکرێت کە پێتڤیە، دەست لەکوشتنی ئینسانەکان هەڵبگرن، ڕێز لەشکۆ و کەرامەتی کۆمەڵگا و خێزانی کوردی بگێرێت، تیرۆری کەسایەتیان ڕابگرن، ڕەچاوی نەریت و بەها کۆمەڵایەتیەکان بکرێت.
بەڵام ئەوەی نیگەرانی کردووین کارکردن لە میدیاو ڕاگەیاندن، لە نیو دونیا ئێمەدا بەزۆری پێچەوانەی پرنسیپ و ئەو بنەمایانەیە کە میدیاکار دەبێت پێی هەستێت، هەندێک لە دەزگا مدیایەکانی ئێمە بەتەواوی خۆیان خزاندووەتە نێو هەندێک پرسی کۆمەڵایەتی و خێزانیەوە، کە هیچ پێویست بەوە ناکات میدیا قسەی لەبارەوە بکات، یەکێک لە تایبەتمەندیە هەرەگرنگاکانی میدیا و میدیاکار ئەوەیە کە دەبێت لەگەڵ نەریت و کلتوری کۆمەڵگا و بەها و ڕێسا کۆمەڵایەتیەکاندا خۆی بگونجێنێت، بەڵام بەداخەوە نەک ڕێز لە بەها باڵاکانی خێزانی کوردەواری ناگرێت، بەڵکو هێندە بەناڕاستی و ناشرینی ڕۆماڵی دەکات، ئیتر بەتەواوی تیرۆری کەسایەتی دەکەن، کۆمەڵگاش بەتەواوی ئەوە وەردەگرێت ئیدی ئەم مرۆڤە دەبێتە قوربانی و تاکو مردن وەک تەوقێک بەگەردنیەوە دەئاڵێت ئیدی کۆمەڵگاش وەک گاڵتەجاڕ و بێ ەهایەک لەو ئینسانە دەڕوانن، ئیدی قوربانیەکە نەک بەتها خۆی بەڵکو کۆی ماڵبات و خێزانەکشی دەبێت بۆ هەتا هەتایە باجەکەی بدەن، چونکی کۆمەڵگا بەتەوای دەسبەرداریان دەبێت و بەتەنها جێیان دەهێڵن، دواتریش قوربانیەکە تووشی دڵەڕاوکێ و ئاڵۆزی دەروونی دەکەن، دوریش نییە، لەداهاتوودا بێتە یەکێک لەهەرە مەترسیدارترین مرۆڤەکان، زومکردنی کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان، پەخشکردنی لە میدیاوە لە ئەنفالکردن ن کوشتنی جەستەیی بە ئازارترە، تەنها شکاندن و کوشتنی ئینسانێک نیە بەتەنها، بەڵکو کوشتن و زیندە بەچاڵکردنی
نەریت و بەهاکۆمەڵیەتیەکانی کۆمەڵگایەکە، تەواو پێچەوانەیی ئەخڵاقی پیشەییانەیە، دەبێت ڕێگەیی لێبگیرێت ئەگەرنا زۆر خراپتر دەبێت، دەزگای میدیایەکان تەنها تەنها دەستگرتن بەمۆڕاڵی پیشەییانەی خۆیان واتای ئەوەیە کە بەهایی گشتی پاراستبێت، بۆیە بەلای ئێمەوە مرۆڤ چەق وسەنتەرە، پێوەری هەمووشتەکانی ، ناکرێت لە پێناو لایک و کۆمێنت و ڤیودا یان چەند دراوێکدا، مرۆڤ وەک بە بەهاترین بوونەوەر تێکبشکێنرێت و دەستبەرداری ژیان ببێت.
