خۆ-کوشتن یان یاری به‌چه‌قۆ ره‌شه‌که‌ی ژێر سه‌رینه‌که‌م!*
چه‌مکی ته‌نیایی \ گۆشه‌نشینی له‌مه‌ڕ ژه‌نه‌ڕاڵی پایز (4)
گۆران مه‌ریوانی
5 ساڵ لەمەوپێش
گۆران مه‌ریوانی – هیندستان
به‌شی چواره‌م و کۆتایی
مـن و ئێوه
کێ هه‌یه رۆژێ له‌ڕۆژان یاری به‌چه‌قۆ ره‌شه‌که‌ی ژێر سه‌رینه‌که‌ی نه‌کردبێ؟ له‌دڵی ڕا یان به‌ده‌نگی به‌رز نهیگۆتبێ، بریا ده‌مردم، جا به‌هه‌چ سۆنگه‌یه‌ک بووبێ! یان بیرۆکه‌یه‌ک، بروسکه-ئاسا، ئاسمانی دڵتاریکی ئه‌وی به چه‌قۆیه‌کم له‌و دڵه‌م با له‌و حاڵه‌ی چاتره` تهی نه‌کردبێ؟ مردن له‌ته‌ک زینده‌گیدا له‌دایکبووه، له‌ته‌ک پڕۆسه‌ی هۆشیشدا، له‌سۆنگه‌ی جیاوازه‌وه، بیرۆکه‌ی `خۆ-کوشتن` خه‌مڵاوه. جیاوازی نێوانیان، ئه‌ویان به‌ده‌ست مه نییه، ئه‌میان ده‌سکی چه‌قۆ-ره‌شه‌که‌ی له‌ده‌ستی مه‌دایه. هاوشێوه‌ی ته‌نیایی و گۆشهنشینین. درزی نێوان ئه‌و دووانه گاهێک ئاسمان و رێسمانه، گاهێکیش له‌ده‌می-چه‌قۆکه‌ی ته‌نکتره.
پـهرچهکرداری من
وه‌ڵامی مرۆڤ جودان له‌هه‌مبه‌ر ده‌رکه‌وت و دیارده جیاوازه جه‌رگبڕه‌کان. گاهێ ده‌حه‌په‌سێین، ئه‌بڵه‌ق ده‌بین، دهپهشۆکێین، ده‌می ههواڵبیستنیان. گاهێکیش، وه‌ک وه‌ڵامێکمان له‌مێژه له‌کن گه‌ڵاله بووبێ، لێ نه‌هاتبێته درکاندن، گۆتومانه، ئاخری هه‌ر ئه‌نجامی دا. شه‌وێک، گه‌رمه‌ی هێرشی غه‌داری تورکان بۆ سه‌ر رۆژئاوا، به‌شه‌قامه‌کانی ئهحمهدئابادا وه‌ک شێتان گڕمدهخوارد. ئه‌من تازه‌کی هاتبوومه هیندستانێ. ته‌نێ بووم. دهنکاوێ ڕا، دۆستێ هه‌واڵی که‌وتنی ژه‌نه‌ڕاڵی پایزی دهمهیدانی جه‌نگی ژیانێی ڕا دامێ: ژه‌نه‌ڕاڵ هه‌ر به تفه‌نگه-دارین و فیشه‌که گه‌ڵا-چروکهکانی خۆیه‌وه دهمهیدانی جه‌نگێ ڕا به‌رامبه‌ر خۆی که‌وت`. ئه‌من پرسیم: جا رابۆوه؟ ئه‌و: نه‌خێر، ئه‌وجاره‌ی هێجگارهکییه!
په‌رچه‌کرداری من وه‌ڵامی دووه‌م بوو!
خۆ-کوشتن و زانست
زانست، سایکۆلۆژی و پیسیکۆلۆژی*، گه‌یشتوونه‌ته هه‌ندێ هۆکار که‌ده‌بنه بنه‌مای خۆ-کوشتن. ده‌کرێ له‌چوار خاڵدا کورتبکرێنه‌وه:
١). بوونی هۆ\چه‌ند هۆیه‌کی سایکۆلۆژی (ده‌روونی) به‌هۆی رووداو\رووداوانی تاریکه‌وه که ره‌گی بۆ قۆناغ و گه‌شه‌سه‌ندنی منداڵی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
٢). نه‌خۆشی یان راستتر ده‌رده-زاده‌یه‌کی سایکۆلۆژی که‌هه‌ر له‌سه‌رده‌می ساواییه‌وه هاو-زینده‌گی بووه، له‌وانه،
شیزۆفرینیا، خه‌مۆکی.. تاد
٣). هاوشانی ئه‌و دوو خاڵه‌ی سه‌ره‌وه، ئالووده‌بوونی ئه‌و که‌سه به‌جۆرێک له‌ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه لهمێرمنداڵی به‌دواوه.
٤). دوا-خاڵ، کهنوێترین تیئۆرییه، ده‌شێ خۆ-کوژیی جۆرێک لهمیراتگریی خانه‌واده‌گی بێ. فاکته‌ری میراتگریی لێره‌دا گوزارشته له‌پڕۆسێسی گه‌شه‌سه‌ندنی چه‌ندین نه‌وه که به‌میراتی سایکۆلۆژی خۆ-کوشتنیان، ده‌شێ، بۆ مابێته‌وه.
هیچ کام له‌م خاڵانه به ته‌نێ کارناکه‌ن. به‌ڵکو هه‌میشه له‌ته‌ک، لانی که‌م یه‌ک یان زیاتر، پڕۆسێسی بڕوابوون به (خود) به له‌نێوبردنی (خۆ) بنکۆڵ ده‌که‌ن. به‌واتایه‌کی تر، هۆکارێکی تاکزاده نییه، به‌ڵکو موڵەتی-هۆکار له‌گۆڕێدایه، (کۆ-هۆکار).
له‌گشت حاڵه‌تێکدا پسپۆڕان ده‌بێ ئاگادربکرێن و پڕۆسه‌ی تیمارکردنی ده‌روونی ده‌ستپێبکا. ده‌گمه‌نن ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ته‌نێ ئه‌و شه‌ڕه ده‌روونیه‌یان له‌هه‌مبه‌ر خۆیاندا پێده‌کرێ.
به کورتی زانست خۆ-کوشتن به نه‌خۆشی له قه‌ڵه‌مده‌دا. بۆیێ تیماریشی له‌کن پسپۆڕانه.
ژهنهڕاڵـــی پایز
ئه‌وه‌ی له‌کن من زینده‌یه: هه‌ڵبژاردنی نێوی خودی ژه‌نه‌ڕاڵه! بۆ ژه‌نه‌ڕاڵ؟ خۆ ژه‌نه‌ڕاڵ، با به داری رزیویش بچێته مه‌یدانی جه‌نگ، بۆنی ژه‌نه‌ڕاڵی هه‌ر لێدێ! بۆ ئه‌م نێوه سه‌ربازیه؟ ئه‌و خۆ-ته‌یارکردن و له‌شکرکێشیه بۆ؟ ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌دەبیاتی روسی، که تژییه لهپاڵهوانی سه‌ربازو له‌شکرگه‌لی به‌جۆرێک که کیژه روسێک له‌ئه‌ده‌بیاتی کلاسیکی روسدا تاژهنهڕاڵێ، ئه‌فسه‌رێ هه‌بن، دڵیان بهمهخلوقێکی تر ناده‌ن! ته‌واوی به‌رهه‌می محەمەد عومەر عوسمان، که که‌من، هه‌ر به‌رگ و که‌سایه‌تیه‌ک بپۆشن، مه‌تنه‌کان له‌سه‌ر سێ پایه رۆنراون: خودێکی ته‌نیا لهزۆرانبازیهکی خوێناویدا ده‌گه‌ڵ مه‌رگ و ژیانی خۆیدا. مه‌یدانی جه‌نگیش: دیوی ناوه‌وه‌ی خود خۆی. ئیدی باسێکی تر له‌گۆڕێدا نییه. ئه‌م جه‌نگه ساکیت و بێده‌نگه که ده‌یگه‌یه‌نێته پله‌ی ژه‌نه‌ڕاڵ، له‌و رۆژه‌وه که‌ده‌ست ده‌داته قه‌ڵه‌م تائه‌و رۆژه‌ی ماڵئاواییمان لێده‌کات درێژه‌ی هه‌یه. عومەر عوسمان که‌وه‌ک من نه‌وه-منداڵی جه‌نگی ناوخۆیه، که‌چی له‌به‌ر ته‌پ-و-تۆز و گرمه-گرمی شه‌ڕی نێو ناخی خۆی گشت ئه‌و جه‌نگانه‌ی که‌وڵاتی وێرانکرد نابینێ، ئاسه‌واری هیچ جه‌نگێک، به‌هه‌شت ساڵی جه‌نگی عێراق-ئێرانیشه‌وه لهبهرههمیدا بزره. ئه‌و ته‌نیایه، به‌شوێن رۆحێکدا ده‌گه‌ڕێ گه‌رمی بکاته‌وه، سه‌ر بخاتەسهر رانی، هاوسۆزو هاوده‌ردی بێ. لێ که ئه‌و خاوه‌ن رۆحه په‌یدا ده‌بێ و ده‌خوازێ عومەر عوسمان دهئامێزێ بنێ، ئه‌و هه‌ڵدێ، خۆی بزر ده‌کا، ئاماده نییه شان بداته به‌ر ئه‌رکی ئاسایی که‌مرۆڤ رۆژانه‌و له‌ژیانیدا به‌رامبه‌ری ده‌جه‌نگێ. ئه‌و، به‌قسه‌ی خۆی، ئه‌وه مه‌رجه‌کانی ئێمه‌ن، کۆمه‌ڵن که‌ژیانی ئه‌وی ته‌نیا کردووه. هه‌میشه ئه‌و گله‌ییه ده‌کا که‌کۆمه‌ڵ ئاوڕێ له‌و ناداته‌وه! لێ خودی خۆی ئاماده نییه به‌مه‌رجی ئێمه (کۆمه‌ڵ) بژی! چه‌قۆیه‌کی ده‌سک ره‌شیش ده‌خاته ژێر سه‌رینه‌که‌ی. نه‌ک بۆ به‌رگریکردن له‌خۆ. به‌ڵکو تاههڕهشهی نه‌مانی خۆی له (ئێمه=کۆمه‌ڵ) بکا، یاخود بۆ بڕیاردانی خاڵی کۆتایی ژیانی. ئه‌فسوس.
نه وه‌ک (نوح) ده‌کرێ که‌شتیه‌ک دروستبکاو له‌ته‌ک یارانیدا سواری بێ، تا له‌تۆفان رزگاری بێ، نه وه‌ک (نوح-یش) ده‌کرێ له که‌شتیه‌که دابه‌زێ و دونیا ئاوه‌دان بکاته‌وه!
خۆ-کوشتن و فه‌لسه‌فه
هه‌ندێ فه‌لسه‌فه، پێچه‌وانه‌ی زانست، جۆره‌ها پاساو بۆ پووچکردنی ژیان ده‌هێننه‌وه. خۆ-کوشتن به‌نه‌خۆشی ده‌ردێکی ئینسانی دانانێ. به‌ڵکو ئیختیار. له‌وباره‌یه‌وه هێنده نووسراوه ئه‌من دووباره‌ی ناکه‌مه‌وه. ژیان ئیجباریه. نه‌ک به‌گوزارشته سه‌ربازیه‌که‌ی، یاخود کهئیختیاری خۆ-کوژی یاساخه، نا، خۆ-کوشتن به‌پێی یاسا له هیچ وڵاتێک‌دا قه‌ده‌غه نییه. لێ مردن هه‌میشه ئاسانتره له‌ژیان. زینده‌گی هه‌میشه سه‌ختتره له‌مه‌رگ. ژیانیش، هێنده‌ی ئه‌من بزانم، جه‌نگێکه تا (که‌شتیه‌ک) دروستبکه‌یت، تا له (تۆفان) قورتاربیت و پارچه‌یه‌کی تر له رۆحتدا ئاوه‌دان بکه‌یته‌وه. رێبدهیت گیانله‌به‌ره رزگارکراوه‌کان تێیدا بسره‌ون. زینده‌گی بێ-من و تۆ و عومەر عوسمان به‌رده‌وامی هه‌یه. لێ چه‌قۆ ره‌شه‌که ته‌نێ دڵی عومەر عوسمان له‌لێدان راده‌وه‌ستێنێ. دڵی ئێمه‌ش له‌خوم هه‌ڵده‌کێشێ.
چه‌قۆیه‌کی ده‌سک-ره‌ش هه‌رگیز له‌شیعرێکی پایزانه، به‌هارانه، زستانانه.... له‌گوڵێ، له‌گریانی ساوایه‌ک جوانتر نییه. فیشه‌کێک که مایاکۆڤسکی، هێمنگوای به‌خۆیانه‌وه ده‌نێن، په‌تێک که یهێسنین، چێلان له گه‌ردنی ده‌نێن له په‌تک-ناو‌کی کۆرپه‌له‌یه‌ک هه‌رگیز جوانتر نییه. مه‌رگ، وه‌ک هه‌ندێ له‌دۆستان ده‌نووسن، پیرۆز ناکرێ، ئه‌وی پیرۆز ده‌کرێ ژیانه، خودی ژیانیش به ته‌نێ نا، به‌ڵکو چی له (که‌شتیه‌که) ده‌هاوین. ده‌نا هه‌موو ده‌مرین، که‌شتیه‌که ده‌مێنێته‌وه. چاوه‌ڕێی ئازادخوازێکه نه‌ک ژهنهڕاڵێ بیگه‌یه‌نێته وشکانیه‌ک تا ئاوه‌دانی بکاته‌وه!
مرۆڤ هه‌رگیز رێنادات مردن به‌سه‌ر وهچهکانیدا زاڵ بێ! مه‌حاڵه. تامی ژیان له‌شه‌ڕی خوێناوی نێوان چه‌قۆی مه‌رگ و هه‌ناسه‌ی ژیاندایه! ده زاردایه ده‌مێ خوێنه-سوێراوی کۆششی تێده‌زێ! تا ژیان باشتر، جوانتر، ساده‌تر، ئاسانتر، خۆشتر بێ، ده‌ستی سه‌ر ده‌سکی چه‌قۆ ره‌شه‌که زیاتر ده‌ڕه‌وێته‌وه.
ئه‌وه‌ی لێرەدا گرنگه خۆ-کوشتن پرۆسێسێکی ئاڵۆزه‌و هه‌رگیز تاقه-هۆکار بنه‌مای نییه، بگره مۆڵەتی-هۆکارداره. هه‌میشه ره‌گێکی قوڵی له‌زه‌مینه‌ی رۆحدا هه‌یه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می منداڵی. هه‌ندێ لهسایکۆلۆژ-فه‌یله‌سوفه‌کان وای بۆ ده‌چن که خۆ-کوشتن تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌که له خود‌و له‌و که‌سانه‌ی بوونه‌ته هۆکاری ده‌ردی خۆ-کوشتن، چوون وه‌ک ئاماژه‌ی پێدرا، خۆ-کوشتن به‌ده‌رد، به نه‌خۆشی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ. هه‌ر بۆیە بڕواشیان وایه تاشێوه‌ی خۆ-کوشتنه‌که سه‌ختتر بێ، ده‌کرێ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌که جه‌رگبڕ-تر بێ. خۆ-کوشتن دانسی سه‌ر په‌ڕی-گوڵباخ و گۆرانی و ئاواز و وێنه‌ی خۆرنشینان نییه. هه‌رگیز ناکرێ بنووسرێ: «ئه‌و هه‌ر شیعری بۆ پایز نووسی و ده پایزێ دا خۆشی کوشت، چقه‌د جوانه خۆ-کوشتنه‌که‌ی» وه‌ک له سۆسیال-مێدیاکاندا نووسرا. خۆ-کوشتن شیعر نووسین نییه. خۆ-کوشتن نه‌مانی گیانێکه بۆ ئه‌به‌د.
با هه‌موومان بچینه ده‌رێ و خۆمان ئاماده‌بکه‌ین بۆ شه‌ڕی ژیان، شه‌ڕێ که کۆتایی به‌مردنی هه‌موومان دێ، وه‌لێ ئینسانی تێدا زیاتر پیرۆز ده‌بێ، ئازادی تێدا زێده‌تر به‌رفراوان ده‌بێ.
گۆران مه‌ریوانی
22/11/2019 هیندستان:
*ناونیشانی ئاڕتیکڵهکه له‌شیعرێکی محەمەد عومەر عوسمان-ه‌وه وه‌رگیراوه.
*خوێندنی ئاکادیمی سایکۆلۆژی لهسکهندهناڤیا پێنج ساڵی زانکۆیه، به‌ده‌ر له‌ساڵانی پڕاکتیک. مه‌رجی قه‌بوڵ: باڵاترین نمره، تاقیکردنه‌وه‌ی که‌سه‌کی ده‌می داواخوازی خوێندن، سێڤێی کار ره‌چاو ده‌کرێ. به‌ڵام پسیکیاتری: زانستی پزیشکی ده‌روونی، یه‌که‌مجار له‌به‌شی پزیشکی بۆ دکتۆری ده‌خوێنرێ حه‌وت ساڵ، دوایی، بۆ هه‌ردووکیان، ساڵانی پڕاکتیک دێ، ئه‌وجا خوێندنی تایبه‌تمه‌ندی له‌بواری تایبه‌تمه‌ندیدا: دکتۆری ده‌روونناسی منداڵ بۆ نمونه، یان سایکۆلۆژی مێرمنداڵ. هه‌ردووکیان هه‌مان مه‌رجی قه‌بوڵیان هه‌یه. سایکۆلۆژو پسیکیاتری دوو زانستی جیاوازن. ئه‌وی یه‌که‌میان هه‌رگیز نابێته دکتۆر، با به‌زمانی میللی بدوێین، چوون هێنده‌ی من بزانم هه‌ندێ کوردستانیان لێکیان جودا ناکه‌نه‌وه.