بۆچی ئاستەمە کەسێک شوێنی مام جەلال بگرێتەوە؟
5 ساڵ لەمەوپێش
دڵشاد تاڵەبانی
مام جەلال سەرکردەو کاریزماش بوو، لەکاتە ناسکەکانیشدا بەوتاریکی جەماوەری دەیتوانی خەڵک بهێنێتە جۆش و خرۆش، لە گەل هەموو کەس دەگونجا و دەیتوانی دژ بەیەکەکان بنێت بەیەکەوە، جگە لەئەزمونی دوورودرێژو دیبلۆماسیەتی و وەک کەسێکی جەماوەری و هەمیشە لەناو خەڵک، زۆر مەبەستی تریش کەچەندین جارمان باسکردوە.
کاک نەوشیروان تیکۆشەرو رۆشنبیرو بەئەزموون بوو(لە ١٩٦٩ ئەوم لەنزدیکەوە ناسیوە، گەر بیرم مابێت لە خانویەکی کۆڵانێکی ژێڕ پردەکەی مەولەوییەوە بۆی دەڕۆیشتیت. لە گەڵ چەند تێکۆشەرێک گۆڤاری رزگاری-یان دەردەکرد، قسەی لەگەڵ دەکردین و ئامۆژگاری دەکرد). بەڵام ئەو نەیدەتوانی سەرکردەیەکی وەک مام جەلال بێت، لەبەرئەوەی تا رادەی زۆر کەم حەوسەڵە بوو، نەیدەتوانی لەگەڵ نەیاران و ئەوانەی خۆشی پێیان نەدەهات ئاسایی بێت وەک سیاسەتمەدارێک کەدەتوانێت تەعامول لەگەڵ هەموو کەسێک بکات، کەواتە عاتیفەی کەسایەتی بەسەر هەڵوێستەکانیدا دیاربوو. تاقەتی موجامەلەی ئەوانەی نەبوو ساردانیان دەکرد یان لەگەڵێ لەمەجلیس بوون، زۆر حەزی بەگوێگرتن لەخەڵک و موناقەشەی زۆر نەبوو، هەستیاربوو، زوو توڕەو دڵگران و زیز دەبوو، یەکسەر لەسەر ئەو بناغەیە هەڵوێستی وەردەگرت و تەنانەت خۆی ئازۆلە دەکرد یان دەڕۆیشت، کەسەرکردەی سەرکەوتوو دەبێت دڵی زۆر فراوان بێت. تەقەبولی بۆچوونی پێچەوانەی بۆچوونەکانی خۆی نەدەکرد (کەزۆربەی سەرکردەکانی کورد کەم تازۆر تەقەبولی قسەی نەیار ناکەن و بەدوژمنایەتی یان بەرهەڵستی خۆیانی لەقەڵەمدەدەن). ئەمانەشم لەژیانی خۆیدا نووسیوە. لەدوا دیتنیشی، پاش دەرچوونی لەیەکێتی لەماڵەکەیان لەگردی عەلی ناجی بەشێک لەوانەم پێگوتووە کەسیاسەتمەدار دەبێت مرونەتی هەبێت، ئەو لەوەڵام وتی کەسیاسەتمەدار نیەو ئەو وایە، کی قەبوڵی دەکات باشە، کێش نایکات کەیفی خۆیانەو ناچاریان ناکات. رێزی زۆریشی لێگرتووم و ئەوەی دیاربوو تەقدیری کارەکانی دەکردم. کە لەدوا دیدارم لەگەڵی پێش دامەزراندنی گۆڕان، کە بەبۆنەی جەژنەوە سەردانیم کردبوو و کاک کوسرەتیش هەمان کات گەیشت. ئەو، کاک کۆسرەت، کاک مستەفا سەید قادرو من بەتەنها پێکەوەبووین و ئەوو کاک کۆسرەت باسی کارەکانی منیان کرد. کە زانی ئیستقالەم داوەو خانەنشینم، زۆری پێ ناخۆش بوو، وتی کەکادیرەکانی وەک تۆ نەماون، ئیتر کێ لەحکومەت ماوە؟.
بۆیە ئەو وەک مام جەلالی پێ نەدەکرا. بەڵام ، گەر دەرنەچوبایە لەیەکێتی، دەیتوانی تاڕادەیەک لەغیابی مام جەلال یەکێتی رابگرێت و بینات بەیەکەوەو هەموو رێزیان لێی دەگرت و بەقسەشیان دەکرد، هەرچەندە بۆشایی نەبوونی مام جەلال هەر دیار دەبوو.
ئەی قیادەکانی تری یەکێتی؟
رێزم بۆ هەموویان هەیە، بەڵام بە راشکاوی دەڵێم کەکەسی ناتوانێت بەچەند پلەیەکیش شوێنی کەسیان بگریتەوە. ئەوان دەیانتوانی هەریەکە چەند لایەنیک پڕبکاتەوەو مام جەلال زیاتر. بەڵام ئەم قیادانەی تر ناتوانن هەموو کەلێن و بەتاڵیەکان پربکەنەوە. تەنها لایەنێک یان دوو لایەنیان پێ پڕبکریتەوە، وا بۆشایی لایەنەکانی تر بەرچاو دەبێت. مام جەلال دەیتوانی لایەنی سیاسی، دیبلۆماسی، سەربازی و جەماوەری و کۆمەڵایەتیش لەهەمانکاتدا پڕبکاتەوە. کاک نەوشیروانیش چەند لایەنیکی پێ پڕدەکرایەوە. مام جەلال بۆ شەخسی خۆی هیچ سەروەت و سامان و تەنانەت خانووشی بەناوەوە نەبوو، بەڵام کاک نەوشیروان چەند مەبەستی بەناوەوە هەبوو و تاپۆشی کرد بەناو کوڕەکانیەوە.
زۆری ئەمانەی ئێستا بەدەیان خانوو پرۆژەو تەلارو زۆر شتی تریان بەڕاستەوخۆ بەناوەوەیە، یان خەڵکی تر بۆیانی سەرپەرشتی دەکات!
بەشێکیش لەم سەرکردانە بەهۆی دژایەتی راشکاوانەی راستەوخۆی یەکێتی بەهەموو شێوەو لەهەموو بوارو ئاستیکدا تاسەر ئێسقان و تەنانەت دروستکردنی لایەنی نەیاری دژ بەیەکێتی لەبەشێک لەقۆناغی ژیانیان، ناتوانن متمانەی زۆری ئەندامان بەدەستبهێنن و بەلای خۆیاندا رایانکێشن، بەتایبەت ئەوانەی لەماوەیەکی زۆر نزدیکی ئێستادا هەڵوێستی زۆر دژانەیان هەبووەو زیانی گەورەیان بەیەکیتی گەیاندوە. هەموو رەخنەیان لەئێمە قەبوڵ نەدەکرد، لەهەشتاکان کە ناڕازی بووین لەهەڵوێستی یەکێتی و بەتایبەت قیادەی کۆمەڵە، دەرماندەبڕی کە رێڕەوی کۆمەڵە و هەڵسوکەوتی قیادەکانی نەوەک مارکسی، بەڵکو سۆشیال دیموکراتیش نیەو لەم رۆژەی ئێستای یەکێتی دەترساین. نەوەک ئەوەندە، فشار کرا ناچارکراین بەوازهینان و دەیان توهمەتیان بۆ دەدۆزیەوە، نەک گەر لەکوردستان بووینایە رەنگە لەناو ببراینایە، نەک هەوڵیاندەدا بەپێچەوانەوە بیگەیەننە مام جەلال کە جنێوی شەخسیشی پێ دەدەین (کە لەدانیشتنێک ئەوەی بەخۆم وت) نەوەک لەدوای هاتنەوە بۆ ناو یەکێتی، لەسەر داوای مام جەلال، تاسەر ئێسقان بەرهەڵستی خۆمان و کارەکانمان دەکراو رێگامان لێدەگیرا، بەڵکو تا دورەپەرێزیش ئەوەمان بەشوێنەوەیەو لەسەی کەبس کرابووین، بەڵام چۆن هەقیان بەخۆ داوە تاسەر دواپلە بەرهەڵستی یەکێتییان کردووە، بەڵام لەگەڕانەوە وەک ئەوەی نە بایان بینیبێت نە باران، لەوکاتەی بۆیان بکربایە ئیمەیان لەناودەبرد!.
ئەوانەی تریش، گەرچی ئەزموونیشیان هەبێت، بەڵام زۆریان ماندوبوون و بیانەوێت و نەیانەوێت، ناتوانن لەسەردەمێکی نوێی جیاوازی لەکاتی خەباتی و تیکۆشانی ئەوان، یەکێتی نوێ و مۆدێرن بکەنەوە، لەگەڵ ویست و ئامانجی ئەم نەوە نوێیانەدا بڕۆن. رەنگە ئیتر مام جەلال و کاک نەوشیروانیش بەئاسانی ئەوەیان پێ نەکرابایە لەبەر جیاوازی سەردەم، بیرکردنەوەی خەڵک، پێداویستی، ویستی ئەندامان و خەڵک، کەرەسە و رێڕەوی کەکۆنتر نەزانراوەو بەکارنەهاتووە، لەگەڵ چەند فاکتەری تر.
بۆیە باشتروایە وەک هەنگاوێکی مەرحەلی، یەکێتی بەهەیئەتیکی زۆر زاناو شارەزاو بەئەزموون و خۆشەویست و جێگای متمانەی هەموو کادرەکان بەرێوەبچێت، تاکۆنگرەیەکی تر، بەڵام نەوەک لەسەر بنەمای پێکهاتنی تاقمەکان و دانانی خەڵکانی سەربەخۆیان کە بکێش بکێش بەیەکێتی بکەن و رێڕەوی یەکێتی بەتەواوەتی تێکبدەن!.